بۆ پشتیوانی لە خواستی ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و باقیی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی و پێویستیی کردەوەی هاوبەشی هێزە پێشڕەوەکان لەپێناو خەباتی داهاتوو!
بەدروستی وتراوە کە ژانی هاوبەش بەشێوەی جیا و بە تاکەکەس دەرمان ناکرێ. بەپێی وەها دەرکێک، ڕێگای عیلاجی ژانی هاوبەش کە ژانە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکارانی شاغڵ و بێکار، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنانی زەحمەتکێش و ئازادیخواز، خوێندکاران و لاوان و ڕۆشنبیرانی خەڵکە، شتێک نییە بێجگەلە خەباتی هاوبەش لەپێناو وەدیهێنانی خواستی هاوبەش و داخوازیی ڕەوای هەر بەشێک لەم جەماوەرە مەزنە چەند ملیۆنییە. ئەم داخوازییانە ئەساسەن ئابووری – کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتوورین.
خواستە ئابوورییەکانی ئەو بەشانەی ئاماژەمان پێدا، خواستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و یان توێژەکانی نزیک بەوان دژبە چەوسانەوە، دزی و گەندەڵیی سەرمایەداران، زەمینداران و دەوڵەتی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستە کە داکۆکیکاری چەوسێنەرانە و خۆی یەکێک لە گەورەترین چەوسێنەرانی وڵاتە.
خواستە سیاسییەکانی ئەو بەشانەی باسمان کرد، ئەو بەشانەی کە زۆرینەی مەزنی ٩٥% یان زیاتری دانیشتووانی وڵات پێکدێنن، لە یەک کەلامدا بریتییە لە: دیاریکردنی چارەنووسی هەموو بوارەکانی ژیان لەلایەن خۆمانەوە کە بەمانای بڕیاردانە لەسەر هەموو بوارێکی سیاسی، ئیداری و نیزامیی وڵات لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ئەم زۆرینە ٩٥%ە و چاوەدێریی ڕاستەوخۆیان. نەک بڕیاردان لەلایەن ڕووحانییە دەسەڵاتدارەکان و کارگێڕانی سەرمایەداران و زەمیندارە گەورەکان. ئەوەیکە لە بنەڕەتەوە داخوازیی ئەم زۆرینە ٩٥%ە پێکدێنێ بڕیاردانە لەسەر بنەمای ئەو یاسایانەی کە نوێنەرانی ڕاستەوخۆی زۆرینەی مەزنی خەڵک واتە کرێکاران و زەحمەتکێشانی شار و دێ ئازادانە دیاریی دەکەن. نەک ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لە قووڵایی تیرە و تاری گۆڕستانەکانی مێژووەوە سەرهەڵدەدەن و یان لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دادەڕێژرێن و لەڕێگەی زەبروزەنگ، فریوکاری و درۆ، خورافات و تەبلیغاتی میدیا و مزگەوت و مەنبەر و هەیئەتی عەزاداری و نەکبەت بەسەر ملیۆنان ژن و پیاو، پیر و لاو، ڕۆشنبیر و خوێندکار، کرێکار و جووتیاردا دەسەپێن. هەر ئەم تەحمیل و داسەپاندنە وێڕای ناحەزی و توندوتیژیی زیاتر بە زەبری زۆر و فیشەک و قەتڵ و ئەشکەنجە و ئێعدام، لە بواری کلتووریشدا بەڕێوەدەچێت.
خەبات بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی و هەموو ژنان و پیاوانێک کە بەتاوانی چالاکیی لە ڕێکخراوە پیشەیی و سەندکاییەکان دەستگیر، ئەشکەنجە و بە زیندانی درێژماوە مەحکووم دەکرێن و یان لە سیاچاڵەکاندا لە بیلاتەکلیفیدا بەسەر دەبەن، یەکێک لە بوارەکانی خەباتە. هەربۆیە تێکۆشان و خەبات بۆ ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو گرنگییەکی تایبەتی هەیە و شیاوی پشتیوانیی کامڵ و بێدەریغە.
ئێمە وێڕای پشتیوانی لە خەبات بۆ ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەین:
١ – پێویستی حمایەتی گشتی لە داخوازییە هاوبەشەکان و یان پشتیوانی لە داخوازیی تایبەت و ڕەوای هەر بەشێک لە کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران و ڕووناکبیران، جووتیاران و باقیی بێبەشکراوانی شار و دێ.
٢ – پێکهێنانی ئۆرگانەکانی کردەوەی هاوبەش لەڕێگەی هاوکاریی ڕێکخراوەکانی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان و خوێندکاران و هیتر و پێویستیی پشتیوانیی کردەوەیی و ڕاستەوخۆ نەک سەمبۆلیک یان نیابەتی لە حەرەکات و ئیقداماتێک کە لەلایەن ئەم ئۆرگانانەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت و ڕێکدەخرێت.
٣ – بەسەرەنجدان بە هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کلتووریی کۆمەڵگا، بڕیاری حاکمان بۆ پەرەپێدانی گوشار و پێداگرییان لەسەر سیاسەتی کۆنەپەرستانە، وەدینەهاتنی خواستی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران، ڕۆشنبیران و لاوان بەگشتی و لەگەڵ نزیک بوونەوە لە ساڵڕۆژی قەتڵی دڵتەزێنی مەهسا لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و ئیعتڕازاتی تازە لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا لەئارادایە. ئەم بابەتە پێویستیی هەماهەنگی و هاوکاریی لە نێوان هێزی پشڕەوی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا چەند هێندە دەکات.
٤ – خاڵێکی گرینگی دیکە سەبارەت بە ناوەرۆکی خەباتی داهاتوو، بێجگەلە هاوکاری و یەگکرتوویی هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، لێکدانەوەی چۆنیەتیی بەرێوەبردنیەتی. ئەگەرچی هەر شێوازێک لە خەبات لە بارودۆخ و زەمانی جۆراوجۆردا دەتوانێ باش و بەکەڵک بێت، بەڵام دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و هەروەها لە سەرسەختی و پێداگریی کۆنەپەرستانەی هێزی دەسەڵاتدار لەسەر سیاسەتی دژەکرێکاری و دژەدیموکراتیک دەبێتە هۆی ئەوەیکە هێزی خەباتکار لەپێناو نەبەردی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا دژبە سیاسەتی زاڵ، بەرەو ناڕەزایەتیی سیاسیی سەرشەقام و بەرەو مانگرتنی ئابووریی و سیاسی هەنگاو هەڵگرێت.
دروست لەسەر بنەمای وەها تێگەیشتنێکی قووڵە کە لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکانی شەقامدا کرێکاران و خانەنشینان ئەم دروشمە دەڵێنەوە: “تەنها لەسەر شەقامەکان، دەگەین بە مافمان”.
بەرەو خەباتی یەکگرتووانە بۆ ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و هەموو بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی!
پڕتەوان و بەهێز بێت خەباتی هاوبەشی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خانەنشینان، خوێندکاران و ڕۆشنبیران!
٣١ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی ئیتحادی خانەنشینان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان