
بۆ زیادکردنی گشتیی حەقدەستەکان ڕاپەڕین و هەوڵی دژەکرێکاریی دەوڵەت و خاوەنکاران پووچەڵ بکەینەوە!
لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئێستادا بردنەسەری ئاستی حەقدەست بووەتە پێویستییەکی حەتمی. حەقدەستێک کە لەلایەن دەوڵەت، وەزارەتی کار، شۆرای باڵای کار و بە هاوکاریی بەناو نوێنەرانی کرێکاران پەسند دەکرێت ناتوانێ خەرجی ژیانی چینی کرێکار دابین بکات. ساڵەهایە کرێکاران دژبەم هەژاری و نەهامەتییە ناڕازین و کارخانە و کارگە، ناوەندەکانی پەروردە و تەندورستی و تەنانەت شەقامەکانیان کردووەتە شوێنی دەربڕینی خواستەکانیان و بەردەوام مافەکانیان هاوار کردووە.
خەباتی بێ پسانەوەی خانەنشینان کە بەشێکی دانەبڕاوە لە چینی کرێکار، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان و لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران نموونەیەکن لەو ناڕەزایەتییە ڕەوایانەی لە خواستی سەرەکییان بردنەسەری ئاستی حەقدەست و خزمەتگوزاریی پیشەییە.
بەڵام دەسەڵات لەماوەی ٤٦ ساڵدا، بەردەوام لە نەبەردی نێوان کرێکار و خاوەنکاردا، داکۆکیکاری بەرژەوەندی چەوسێنەرانەی سەرمایەداران بووە. چونکە لەلایەکەوە دەوڵەت خۆی گەورەترین سەرمایەدارە و لەلایەکی دیکەوە سەرکردەکانی بەهۆی قورخکردنی دەسەڵاتی سیاسی، نەبوونی سیستەمی وڵامدانەوە، نەبوونی حسابڕەسی و کۆنتڕۆڵ و لەڕێگەی سەرکوت و گەندەڵییەوە بەشێکی زۆر لە ئیمکاناتی بەرهەمهێنان و کاریان داگیر کردووە و هەر دەنگێکی مافخوازی بە کوشتار و زیندان و دەرکردن لەسەر کار وڵام دەدەنەوە. هەتا کاتێک کە خەبات و خۆڕاگریی سەرتاسەری چینی کرێکار بۆ گۆڕینی چارەنووسی خۆی بەتایبەت بردنەسەری حەقدەست بەڕێوە نەچێت، بارودۆخی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.
کەسانێک کە هۆکاری هەژاری و نەهامەتیی زۆرینەی ٩٠%ی دانیشتووانی ئەم کۆمەڵگایەن، نایانهەوێ و ناتوانن بەرەو چارەسەرکردنی بێبەشی و نەبوونیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش هەنگاو بنێن. لەم ڕووەوە کرێکاران دەبێ خۆیان بیر لە بەرژوەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیان بکەنەوە. هێزە چینایەتییەکانی دیکە یان توانای ئەم کارەیان نییە و یان وەکوو دەوڵەت، خاوەنکاران و سەرمایەداران دژی بردنەسەری حەقدەستن و هەر بەم هۆیەشەوە دژی ئاسایش و خۆشبژێویی کرێکارانن. لەبەر ئەوەی بەرژەوندیان دژی بەرژەوەندی چینی کرێکارە. کرێکاران داهاتێکیان بێجگەلە حەقدەست نییە. ئەویش بەو مەرجەی کاریان وەگیر کەوێت.
حەقدەستی کرێکاران هەمیشە چوار یان پێنج بەرابەر خوارتر لەو هەزینانە بوون کە بۆ ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری پێویستە. بۆ نموونە دوایین لانیکەمی حەقدەست کە دەوڵەت و شۆرای باڵای کار بۆ ساڵی ١٤٠٣ پەسندیان کرد بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی پیشەوە، کە هەر ئەم خزمەتگوزارییە کەمانەش بە هەموو کرێکاران نادرێت، بڕی حەوت و ملیۆن و چوار سەد هەزار تمەن بوو کە بە زەحمەت خەرجی یەک هەفتەی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ساڵی ١٤٠٣دا دابین دەکات. چونکە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان و ئەو بەڵگانەی واقعییاتی ژیانی کرێکاران نیشان دەدەن، مامناوەندی خەرجی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لەم ساڵدا چل و پێنج ملیۆن تمەن لە مانگدایە.
هەر بۆیە بە سەرەنجدان بە ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی قیمەتەکان و بەپێی پێشبینیی ڕێژەی تەوەرۆم لە ساڵی ١٤٠٤دا مامناوەندی خەرجی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری مانگانە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن تمەن دەبێت.
بۆ بردنەسەری حەقدەست ڕێگایەک بێجگەلە خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەوڵەت، خاوەنکار و سەرمایەداران بوونی نییە. چونکە دەوڵەت و خاوەنکاران نەتەنیا هیچ ئیرادەیەک بۆ بردنەسەری حەقدەست لە خۆیان نیشان نادەن، بەڵکوو بە هەموو ئیمکاناتی یاسایی و نایاساییەوە هەوڵ دەدەن بە بیانووی بێبنەمای وەک “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تەوەرۆم، پێویستیی ڕەخساندنی هەلی کار، توانای کێبڕکێ و هاندانی سەرمایەدارەکان بۆ وەبەرهێنان” و یان هەر درۆیەکی دیکە، لە زیادکردنی حەقدەست ڕێگری بکەن. دەوڵەت بە شێوەی فریوکارانە و بێشەرمانە، پێدان و زیادکردنی هەر ئاستێک لە حەقدەستی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ خاوەنکار حەواڵە کردووە و ناوی ناوە “حەقدەستی تەوافۆقی”. ئەوە بەو مانایەیە کە دەیهەوێ هەر ئەم یاسا دەست و پێ شکاوەی لانیکەمی حەقدەستیش دەور بداتەوە و کرێکاران بە بێ موقاومەت بچەوسێنێتەوە و یاسای تازەی بۆ پەسند بکات.
کرێکارانی ئێران بە ئەندامانی بنەماڵەکانیانەوە نزیکەی ٦٠%ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن. زیاتر لە ٨٠%ی بەرهەمەکانی کۆمەڵگا حاسڵی کاری کرێکارانە و کەمینەی سەرمایەدار ژیانی لە گرەوی چەوساندنەوەی چینی کرێکاردایە. حەقدەستی کرێکاران نابێ لە خەرجی بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری کەمتر بێت. هەروەک ئاماژەی پێکرا ئەم بڕە لە ساڵی ١٤٠٤دا بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی نابێ مانگانە لە ٦٠ ملیۆن تمەن کەمتر بێت.
دیاریکردنی هەر بڕێکی دیکە و هەر ڕێژەیەکی تر بۆ زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست کە نەتوانێ هەزینەی واقعیی کرێکاران دابین بکات بە مانای داسەپاندنی هەژاری بەسەر بنەماڵە کرێکارییەکاندایە.
وەڕێخستنی کەمپەینەکانی ٧٠% شتێک نییە بێجگەلە هەوڵ بۆ فریودانی چینی کرێکار لەڕێگەی قسەی پووچ و بێبنەماوە. چونکە زیادکردنی ٧٠% (و تەنانەت ١٠٠%)ی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤ کە حەوت ملیۆن و چوارسەد هەزار تمەنە، بە حیساب کردنی خزمەتگوزارییە پیشەییەکانیشەوە، هیچ کێشەیەکی کرێکاران چارەسەر ناکات و بگرە هەژاری پەرەی پێدەدات.
داوا لە هەموو کرێکارانی ناوەندەکانی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، بیناسازی، کانگا، و یەکەکانی دیکەی کەرتی تایبەت و گشتی دەکەین کە لە شوێنەکانی کار و لەئاستی کۆمەڵگادا بۆ لانیکەمی حەقدەستێک کە بتوانێ ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان بە بێ نیگەرانی دابین بکات، خەبات بکەن.
خاڵێکی بنەڕەتیی دیکە کە نابێ لەبیر بکرێت ئەوەیە کە لە خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست هەروەک بوارەکانی دیکەی خەباتی چینایەتی، یەکڕیزی و یەکگرتوویی چینی کرێکار و پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی (سەندیکا و ڕێکخراوە هاوشێوەکان)، ئەولەوییەتی سەرەکییە. خەباتی کرێکاران لە بوارە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکاندا بە تەنیا و بەبێ دەستکەوتی ڕێکخراوەیی ناتوانێت ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت. کەوابوو هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ خواستە ئابوورییەکان، دەبێ بانگەشە و پەروەردە و چالاکیی کردەوەیی بۆ بنیاتنانی خەباتی سەربەخۆی سیاسیی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانی بەڕێوەبچێت. چونکە خەباتی چینایەتیی کرێکاران تەنیا ئەگەر بەشێوەی یەکگرتووانە و ڕێکخراو، لەسەر بنەمای ئامانجی کورتماوە و درێژماوەی چینی کرێکار و بە بەشداریی بەرین و چالاکی جەماوەر بەڕێوەبچێت، شانسی سەرکەوتی دەڕواتە سەر.
٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەوروبەر
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان