فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان سەبارەت بە پەسندکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤
یەکشەممە ۰۳-۰۱-۱۴۰۴   |  23-03-2025

لەدژی پەرەسەندنی هەژاری و چەوساندنەوەی بێسنوور کە بەزەبری یاسا و سەرکوتی سەرمایەداری دادەسەپێت، پێویستە ڕاپەڕین!

“شۆرای باڵای کار” کە بێگومان کۆڕی پارێزەرانی نیزامی سەرمایەدارییە، دوای چەند شەو  و ڕۆژ کۆبوونەوەی بێشەرمانە، ئاکامی شانۆکەی خۆی لەژێرناوی دیاریکردنی بڕی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤ ڕاگەیاند. بەلەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی ئەم بەناو شۆرایە کە لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکار و لە تاقمێکی دەستسازی دەوڵەت بەناوی نوێنەرانی کرێکاران پێکهاتووە، هیچ هیوایەک بەوە نەبوو کە ئاکامی ئەم نمایشە بێهوودەیە هیچ شتێکی ئەرێنیی بۆ کرێکاران لێبکەوێتەوە. ئاکامی ئەم سات و سەودایە کە لە نێوان دەوڵەت و خاوەنکاراندا بوو هەر لە پێشترەوە مەعلووم بوو: پەرپێدانی هەژاریی موتڵەق لەناو کرێکاران و لەئاستی کۆمەڵگا بەقازانجی سەرمایەداران، قودرەتنەمایی لە بەرابەر کرێکاران و پەرەپێدانی فەرهەنگی “بسووتێ و بسازێ” لەلایەن شۆرای باڵای کار کە بەرپرسی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست و داکۆکیکاری بەرژوەندی دەوڵەت و خاوەنکارە.

بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی پایە بۆ ساڵی ١٤٠٣ کە بڕی ٧ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا بوو لە ساڵی ١٤٠٤دا کراوەتە ١٠ ملیۆن و ٣٩٩ هەزار تمەن کە بە ڕواڵەت نزیکەی ٤٥%ی پێ زیادکراوە. لە کاتێکدا کە بەپێی وتەکانی وەزیری کار، توانای کڕینی کرێکاران لە ساڵی ڕابردوو ٢٠% کەم بووەتەوە و لە ساڵی داهاتووشدا بەپێی زۆربەی پێشبینییەکان، لەوانە پێشبینیی هێندێک لە ناوەندە فەرمییەکان، نزیک بە ٥٠% لەسەد دەبێت، توانای کڕینی کرێکاران تا دێ کەمتر دەبێتەوە. حەقدەستی زۆربەی هەرەزۆری کرێکارانی لەسەرکار لەژێر هێڵی هەژاریدایە و لە ساڵی داهاتوودا لەچاو ئەمساڵ خراپتر دەبێت. تەنانەت ئەگەر مەزایای پەیوەندیدار بە حەقی مەسکەن، خاروبار، حەقی ئەولاد، حەقی تەئەهول و حەقی سەنەواتیش لەبەرچاو بگرین، حەقدەستی کرێکارێک بە دوو منداڵەوە کە لە ساڵی ١٤٠٣دا نزیک بە ١١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن بوو، لە ساڵی ١٤٠٤دا  دەگاتە نزیک بە ١٦ ملیۆن تمەن. بەڵام ئەم حەقدەستە مانگانەیە چ لە ساڵی ١٤٠٣ و چ لە ساڵی ١٤٠٤دا بە زەحمەت بەشی دابینکردنی خەرجی یەک حەفتەی بنەماڵەیەکی چوار کەسی دەکات. تەنانەت ئەگەر لە بنەماڵەیەکدا ژن و شووەکە هەر دووکیان ئەم حقووقە وەرگرن دیسانیش ناتوانن خەرجی یەک مانگی ژیانێکی لانیکەمی پێ دابین بکەن. سەرمایەدارانی چەوسێنەر و دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و تاڵانکەر کە شەللاقەکانی ستەمی سەرمایەداری بە نیشانەی حیکمەتی ئیلاهی دەزانن، بێجگەلە پەرەپێدانی هەژاری و چکۆلەکردنەوەی سفرەی کرێکاران هیچ دەورونەخشێکی تریان نییە. ئەم تاقمە چۆن دەتوانن بیر لە بردنەسەری ڕاستەقینەی حەقدەست و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بکەن. کەسانێک کە لە شۆرای باڵای کاردا بەشدارن، نوێنەرانی سەرمایەداران و دەسەڵاتێکن کە ٤٦ ساڵە بە چەوساندنەوە و سەرکوتی کرێکاران هەژاری و نابەرابەرییان پەرەپێداوە و دەسەڵات و سەروەت و ژیانی شاهانەی خۆیان لەم ڕێگەوە بەدەستهێناوە. ئەوانیش هەم لە ئامارەکان ئاگادارن و هەم هەژاری و دەستکورتی بەڕوونی دەبینن. بەڵام بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن. چونکە چەوساندنەوە، هەژاری و ستەم بەرانبەر کرێکاران سەرچاوەی قازانج و سەروەت و دەسەڵاتیانە. هۆکاری سەرەکیی هەژاری و نەهامەتیی ئێستای کۆمەڵگا و لەخوارێ ڕاگرتنی ئاستی حەقدەست، نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتێکە کە ستەمی سەرمایە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت.

ڕێکخراوە سەربەخۆکان لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەنداندا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەپێی داتا ئامارییەکان ڕایانگەیاند کە حەقدەستی لانیکەم لە ساڵی ١٤٠٤دا نابێ لە ٦٠ ملیۆن  تمەن کەمتر بێت. ئەم بڕە، خەرجی ئاسایی ژیانی بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری لە ساڵی داهاتوودایە. لەم بەیاننامەیەدا داوا لە هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان کراوە کە لەم بڕە حەقدەستە پشتیوانی بکەن. بەو پێیەی زیادکردنی حەقدەست پەیوەندیی پێچەوانەی لەگەڵ قازانجی سەرمایەداران و دەسەڵات و سەروەتی حاکمان هەیە، ئێمە دڵنیا بووین کە دەوڵەت و خاوەنکاران لە بەرامبەر خواستی کرێکاران بۆ بردنەسەری ئاستی حەقدەست و دیاریکردنی بنەمایەکی دروست بۆ لانیکەمی حەقدەست، بە هەموو شێوەیەک موقاومەت دەکەن. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەربڕینی ڕاستییەکانی ژیانی چینی کرێکار ئەرکی هەموو تاکێکی هوشیار و هەموو ڕێکخراوێکی پێشڕەوی کرێکارییە. هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەین کە وەدیهاتنی خواستی زیادکردنی حەقدەست بە پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و بە خەباتی لێبڕاوی کرێکارانەوە گرێ دراوە. کەوابوو کێشەی حەقدەستی کرێکاران نە بە کۆبوونەوەکانی شۆرای باڵا و نە بە واژۆ کردن یان نەکردنی نوێنەرانی بەناو کرێکاران چارەسەر نابێت.

مەسەلەی حەقدەست تا ئەو کاتەی سیستەمی سەرمایەداری حوکمڕانی کۆمەڵگا بکات، یەکێک لە پرسە سەرەکی و ئازاربەخشەکانی جەماوەری کرێکاران دەبێت. لەم ڕووەوە کرێکارانی هوشیار و داهاتووبین نەتەنیا پێویستە بۆ بردنەسەری حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کرێکاران خەبات بکەن بەڵکوو دەبێ بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کرێکاران چ لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و چ لە بواری سیاسی و فەرهەنگیدا دژبە نیزامی چەوسێنەر و ستەمگەری سەرمایەداری و پشتیوانانی ڕەنگاوڕەنگیان دەست بدەنە خەباتێکی ڕێکخراو و ئامانجدار و بەرنامەڕێژیکراو و پشتیوانیی جەماوەری زەحمەتکێش بەرەو ئەم خەباتە بەشێوەیەکی بەرین ڕاکێشن.

تەنیا لەم ڕێگەوە کرێکاران دەتوانن هەم خواستی دەستبەجێ و هەم خواستی درێژماوەی خۆیان و زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەستەبەر بکەن.

خەبات بۆ زیادکردنی بڕی حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، لە خەبات بۆ ئازادی و دابینکردنی ماف و خواستی جەماوەری زەحمەتکێش جیا نییە و تێکۆشانی لێبڕاوانە لەپنێاو بەرژەوەندی کرێکاران لە هەر کام لەم بوارانەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی خەبات لە بوارەکانی دیکەدا.

٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی

سەندیکاری کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەوروبەر

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی ئیتحادی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان


بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە