فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار: یەکی مانگی مەی هێمای هاوپشتی و پێناسەی سەربەخۆیی کرێکارانە
سێشەممە ۰۹-۰۲-۱۴۰۴   |  29-04-2025

ڕۆژی جیهانیی کرێکار سەمبۆلی هاوپشتی  و بەزرکردنەوەی ئاڵای خەباتی سەربەخۆی چینی کرێکار لەدژی نیزامی سەرمایەدارییە. لەو کاتەوە کە بەدەستهێنانی قازانج لەسەر بنەمای چەوسانەدنەوەی کرێکار و گۆڕینی هێزی کار بۆ کاڵایەکی بازاڕ، بوو بە بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتی، نیزامی سەرمایەداری بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگادا زاڵ بوو. نیزامی سەرمایەداری بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگا و بۆ پاراستین بارودۆخی نایەکسان و لەرزۆکی موناسباتی سەرمایەداری و بۆ درێژە و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی چینی کرێکار، بەتەواوی دەستی بەسەر بەرهەمی کاری کرێکاراندا گرت و دەزگای نیزامی، ئیداری و قەزایی و ناوەندە فەرهەنگییەکانی وڵات کە پاڵپشتی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانن، هەموویانی کردە دژی بەرەی کار و خستنیە خزمەت سەرمایەوە و بەهێزی کردن. لەم ڕووەوە کۆمەڵگا هەرچی زیاتر و ئاشکراتر بوو بە دوو بەرەی لێک دژ و ناتەبا:

بەرەیەک کە لە کەمینەیەک پێکدێت و خاوەنی سەرمایە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە و بەرەیەکیش کە هیچی نییە و بۆ ئەوەی بتوانێ بژی ناچارە هێزی کار بە خاوەن سەرمایە بفرۆشێت. ئاراستەی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای کۆیلایەتی کرێی ئەو بەرهەمهێنەرانە دامەزراوە کە ئامرازی بەرهەمهێنانیان نییە. کەوابوو بەردەوام چەوساندنەوەی کرێکاران بۆ نموونە لەڕێگەی بردنەسەری سەعاتی کار پەرەپێدەدات. لەسەر ئەم بنەمایە سەرمایەداران لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ی زایینی و تەنانەت لە بەشێک لە سەدەی بیستەمدا هەتا ١٦ سەعات کاریان بەسەر کرێکاراندا دەسەپاند بۆ ئەوەی حەقدەستێکی مەمرە و مەژی بدەن بە کرێکاران. هەربۆیە کرێکاران چارەیەکیان نەبوو بێجگەلە خەبات دژبەو ستەم و چەوسانەوەیە بە ئامانجی ڕزگاری لەو دۆخە کە نیزامی سەرمایەداری بەسەریانیدا سەپاندبوو. کرێکاران لە هەلومەرجی ژیانیانەوە فێری ئەوە بوون کە هەرچی هێزی کاریان بایەخی زیاتر بێت، چەوساندنەوەیان لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە زیاتر دەبێت و جەستە و دەروونیان بەشێوەیەکی بەرینتر دەکەوێتە خزمەت بەرهەمهێنانێکەوە کە هی ئەوان نییە و هەموو ڕۆژێ و هەموو سەعاتێک سەروەتێک بەرهەم دێنن کە ئاکامێکی بێجگەلە هەژاری بۆ کرێکاران نییە. خەبات بۆ کەمکردنەوەی سەعاتی کاری ڕۆژانە یەکێک لە گۆڕەپانە گەورە و بەردەوامەکانی شەڕی کرێکاران لەدژی سەرمایەدار و دەوڵەتی سەرمایەداری بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. یەکی مانگی مەی ساڵی ١٨٨٦ واتە ١٣٩ ساڵ پێش ئێستا، کرێکارانی شیکاگۆ یەکەم کەسانێک بوون کە یەکگرتووانە و بەشێوەی ڕێکخراو لەدژی ئەم موناسباتە غەیری ئینسانی و چەوسێنەرە ڕاپەڕین و خەباتێکی شکۆداریان بۆ هێنانەخواری سەعاتی کاری ڕۆژانەی کرێکاران و بەرقەرارکردنی ٨ سەعات کار لە ڕۆژدا ڕێکخست. کرێکارانی ناڕازی ئەمریکا بەبێ ترس لە ئاستەنگەکانی سەرمایەداری بە بێ ترس لە پۆلیسی چەکدار و دەزگای قەزایی، بێباکانە خەباتیان کرد. ئەم حەماسەیە سەرەڕای کوشتار و سەرکوتی بەرین، ڕەوتێکی نوێی لە خەباتی چینایەتیی لە نێوان کرێکارن و سەرمایەردان دەستپێکرد. کە ناوبانگ و پەیامەکەی نەک هەر ئەمریکا بەڵکوو هەموو جیهانی گرتەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا، ئەوەڵی مانگی مەی بووەتە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی چینایەتیی کرێکاران و ئەم ڕۆژە بەسەر سەری مێژووەوە دەدرەوشێتەوە. دەستکەوتی ئەم خەباتە بۆ کرێکاران دەستکەوتێکی لەبیرنەکاو و بەنرخە. ئەوەڵی مانگی مەی ئیلهام بەخش و ڕێگاخۆشکەرە بۆ کرێکارانی هەموو وڵاتان و بۆ خەباتەکەیان کە بە هوشیاری، یەکڕیزی و ڕەزمەندەیی لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بۆ خۆیەکلاکردنەوە لەگەڵ سەرمایەداریی وڵاتانی خۆیان، هەنگاو هەڵگرن.

خەباتی چینی کرێکار بۆ ڕزگاریی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی لە چەوسانەوە و ستەمی سەرمایەداری لەئێستادا زیاتر لە هەموو کاێتک ڕەوابوونی خۆی نیشان داوە. لەئێستادا نیزامی سەرمایەداری بەتایبەت لە وڵاتانی ئیمپریالیستی کە بەناو هێمای سەرکەوتنی ئەم نیزامەن، سەرەڕای ژێستی بە ڕواڵەت مۆدێرنیان، وەحشیگەرییەکی ئاشکرا لەژێر ئەم نقابە درۆیینەی دیموکراسیدا بەڕێوە دەبن. چەند نموونەیەک لەم وەحشیگەرییە لە وەڕێخستنی شەڕە ناوچەییەکان، لە پشیتوانی لە هێزی گەندەڵ، ڕەگەزپەرست، فاشیست و کۆنەپەرست  و کوشتار و کۆمەڵکوژیی خەڵک لە وڵاتانی ئۆکراین، فەلەستین(غەززە)، یەمەن، سووریە، سوودان و شوێنەکانی تر دەبینین. ئومێد بەستنی ئۆپۆزیسیۆنە گەندەڵەکان بە ئیمپریالیستە شەڕخواز و وێرانکارەکان و دەستتێوەردانەکانیان بۆ ڕۆڵ بینین و گۆڕنیی حکوومەتەکان و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بە بەهای وێرانی و کوشتاری خەڵک، ئەوپەڕی پەستیی ئەم کۆنەپەرستانەیە. شەڕخوازی و پاوانخوازی لە هەر بارودۆخێکدا و لەلایەن هەر وڵاتێکەوە، مەحکوومە. کرێکاران و زەحمەتکێشان بێزاری و نەفرەتی خۆیان لە شەڕی داگیرکەرانە و لە دەسەڵاتە شەڕخوازەکان ڕادەگەیەنن. ئەم شەڕانە لەپێناوی هەژموونی سەرمایەداری و بەهێزکردنی ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزم و حکوومەتە ئایینیەکانە و دژی بەرژەوەندی کرێکارانە. لە دوای شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری لە ئێراندا فۆرمێکی ئیسلامی وەرگرت. دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و دوورخستنەوەی بۆرژوازی لە دەسەڵات و لەگەڵ بەهێزبوونی ڕووحانییەت و باڵێکی دیکە لە سەرمایەداری، شۆڕش بە لاڕێدا چوو و دەسەڵاتدارانی نوێ بوون بە بەربەستێک ڕێگای ئامانجەکانی شۆڕشی جەماوەر. دیاریی سەرمایەداریی بوروکراتیک و نیزامی بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران، درێژە و پەرەسەندنی هەژاری و چارەڕەشیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، چوونەسەری سەعاتی کار، هاتنەخواری ئاستی حەقدەست، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، لاوازبوونی هێزی کڕین و بژێوی کرێکاران، سەرکوتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی – دیموکراتیەکانی ژنان، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران، هونەرمەندانی پێشکەوتنخواز، لاوان و خوێندکاران و خەڵکی ژێر ستەم بووە. لە دەستوور خستنی سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاری و زیندانی کردنی چالاکان و مامۆستایان و هەموو ئەو هێزە بۆ ڕزگاریی چینی کرێکار خەبات دەکات، سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی، مانگرتن، ڕێکخراو و هیتر، هەر هەمووی بەرهەمی نیزامی سەرمایەداری و حکوومەتی ئیسلامیی بەرگریکاریەتی.

هەر بۆیە خەباتی چینی کرێکار بۆ گەیشتن بە داخوازییە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگییەکانی، پێویستییەکە کە لە هەموو هەلومەرجێکدا دەبێ بەردەوام بێت.

خەبات بۆ بردنەسەری ئاستی حەقدەست، مافی ڕێکخراوەی سەربەخۆ، کەمکردنەوەی سەعاتی کار، ڕێگری کردن لە کاری منداڵان، لابردنی جیاکاری لەسەر کرێکارانی کۆچبەر،  دابین کردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و دەرمانی بەخۆڕایی، دابین کردنی پیشە بۆ هەموو خوازیارانی کار و تەرخانکردنی بیمەی بێکاری بە بێکاران، بەرابەریی ژن و پیاو لە بواری دامەزراندن، حەقدەست و بەرپرسایەتی، ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە، مانگرتن و ڕێکخراو و تەحەزوب، ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای کۆنەپەرستانەی ئێعدام، دابین کردنی مەسکەن بۆ هەمووان، خواستی زۆر گرینگ و ئەساسی کە زۆر جار کرێکاران خەباتی خۆیان لەم بوارانەوە دەستپێدەکەن. بەڵام ئەم خواستانە دەبێ بۆ پلەی بەرزتر کە دەبێتە هۆی ڕزگاری کۆمەڵگا لە ستەم و چەوسانەوە، پەرە بدرێن.

چینی کرێکار بۆ گۆڕینی چارەنووس و ڕزگارکردنی خۆی و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی زەحمەتکێش، پێویستە سیستەمی سەرمایەداری کە هۆکاری هەژاری و نەهامەتی و بەدبەختیی جەماوەری زەحمەتکێشە، بڕوخێنێت و کۆمەڵگایەکی دوور لە زوڵم و ستەم لەسەر بنەمای ئازادی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی چەوسانەوە بنیات بنێت. چینی کرێکار بەبێ خەباتێکی ڕێکخراو و بەردەوام و بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تەواوی سیستەمی ئابووری و سیاسی سەرمایەداریی دەسەڵاتداردا، ناتوانێت خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بێنێتە دی و ئیرادەی سیاسی خۆی لە کۆمەڵگادا مسۆگەر بکات. دەسەڵاتی سیاسیی ئێستا بە یەکێک لە ستەمکارترین و دواکەوتووترین فۆرمەکانی، بەرگری لە سەرمایەداری دەکات. خەباتی سەربەخۆی کرێکاران لە پەیوەند لەگەڵ زەحمەتکێشانی شار و گوند بەتایبەت لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و پێشڕەوەکانی ئێستای ژنان، خانەنشینان، لاوان و جەماوەری ژێر ستەم، مزگێنیی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ، بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە دەدا. لەم ڕووەوە پێویستە خەباتی سیاسیی سەربەخۆی کرێکاران، لە پەنا خەباتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەم چینە، ببێتە مەیدانی گەورە و چارەنووسسازی خەباتی چینایەتی بۆ ڕزگاریی کرێکاران و باقیی زەحمەتکێشان و گشت کۆمەڵگا لە چەوسانەوە و ستەمی سەرمایەداری و لە حکوومەتەکانی داکۆکیکاری ئەم نیزامە بەهەر شێواز و ڕواڵەتێکەوە.

بژی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی یەکگرتوویی چینایەتیی کرێکاران!

پڕتوانا و بەهێز بێت خەباتی چینایەتیی کرێکاران بۆ ئازادی، خۆشگوزەرانی و نەمانی ستەم و چەوساندنەوە لە کۆمەڵگا و جیهان!

٦ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە،

گرووپی ئیتحادی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv