
پەرەسەندنی قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان هەلومەرجێکی یەکجار دژوار و تاقەت پڕووکێنی بۆ جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران پێکهێناوە. چوونەسەری لەڕادەبەدەری خەرجییەکانی ژیان، سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بۆ بنەماڵەکان کردووەتە حەسرت و سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەتاڵتر بووە. کەمترین ئاستی خوشبژێویی کۆمەڵایەتی بووەتە ئاواتێکی دوورەدەست و سێبەری ڕەشی هەژاری باڵی بەسەر ژیانیاندا کێشاوە. بەپێی ئامار زیاتر لە ٦٠%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان. ئەم بارودۆخە سەختە بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاراستەی ناڕەزایەتی دژبە بارودۆخی ئێستا لە ناو توێژە جۆراوجۆرەکانی جەماوەردا گەشە بکات.
کرێکاران لەئاست کەمبوونی حەقدەست، زیادبوونی سەعاتی کار، دواخرانی حەقدەست، بێکاریی بەرین و هەڵاوسانی بێسوور ناڕازین. مامۆستایانیش هەر ئەم ژانە هاوبەشە لە شوێنی پڕ لە هەڵاواردنی کار و پەروەردەدا ئەزموون دەکەن. خانەنشینانی ماندوویی نەناس ساڵەهایە، بە بێ متمانەیی تەواو بەرامبەر بە هەر بەرپرس و ناوەدێکی دەوڵەت، لەئاست وەدیهێنانی خواستەکانیان، شەقامیان بۆ وەرگرتنی حەق و دەربڕینی ناڕەزایەتییان هەڵبژاردووە. ژنان و لاوان کە سیاسەتی زاڵمانەی دەسەڵات بۆیان کراوەتە یاسا، ڕێگای دەربڕینی مافخوازییان لە ناڕەزایەتیی مەدەنی و لە سەرپێچی لە یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی و لە خەبات بۆ ئازادیی هەڵبژاردنی شێوەی ژیان و پۆششی خۆیاندا دەبینن. بێگومان خەباتی هەر کام لەم هێزە ناڕازییە کۆمەڵایەتییانە، پێداگری لەسەر ئەو مافە ڕەوایانەیە کە چاوپۆشی کردن لێیان دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زوڵم و ستەمی زیاتر لەلایەن دەسەڵاتەوە. لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە سەخت و تاقەت پڕووکێنەیە کە هەموو ڕۆژێ لە شارەکان، لە ناوەندەکانی کرێکاری، پەروەردەیی و دەرمانی، هاواری ئیعترازی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرز دەبێتەوە و تەئکید لەسەر ئەم خواستانەیە کە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.
بۆ ئاسانکردنەوەی بابەتی خەبات و کاریگەری دانان لەسەر باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەهێزتر کردنی خەبات، بە هەر شێوەیەک کە ئیعترازات و یەکگرتوویی بزووتنەوەکان زیاتر پەرەپێبدات، تەئکید لەسەر خواستی ئابووری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لەبەر ئەوەی داخوازیی ئابووری ئەساسی بژێو و سەرەتاییترین مافی ژیانی مرۆڤە. دروشمی زیادکردنی حەقدەست و کەم کردنەوەی سەعاتی کار، ناڕەزایەتی دژبە هەڵاوسان و گرانی، ئاکامی دژواربوونی ژیان و ئاکامی یەک نەگرتنەوەی ئاستی بژێو و هەزینەی سەرەتاییترین پێداویستییەکانە. بەڵام خەبات بۆ داخوازییە ئابوورییەکان هەرچەند زۆر پێویستە بەڵام بەتەنیا بەس نییە. چونکە دابین نەکرانی پێداویستییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ بابەتێکی ڕیشەیی دیکە دەگەڕێتەوە. واتە لەژێر کاریگەریی گشت نیزامی ئابووری و سیاسی دەسەڵاتدار و ئەرکەکانی دەوڵەت لە جێبەجێ کردنیان دایە. کاتێک کە سیستمی ئابووری و سیاسی و دەوڵەتێک کە ناوەندی جێبەجێکار و بەرپرسی دابین کردنی مافی خەڵکە، توانای جێبەجێ کردنی بەرپرسایەتییەکەی نییە و یان بە واتایەکی باشتر ئیرادە و مەیلێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جەماوەر نییە و بە سیاسەتی هەڵە و چەوسێنەرانە خۆی بووەتە هۆی پەرەسەندنی کێشەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، لەم بارودۆخەدا تەنیا ڕاگەیاندنی خواست و هاواری مافخوازی بۆ کەمکردنەوەی ستەم بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دابین کردنی بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کافی نییە و دەبێ ڕوو بکرێتە ڕێگایەکی کاریگەرتر. ئەم ڕێگایە پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆ لەلایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرامبەر بە گشت نیزامی ئابووری و سیاسیی سەرمایەدارییە.
لەوانەیە بوترێ ناڕازییان هێندە درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن تا یان دەوڵەت ڕازی بە دابینکردنی خواستەکانیان بکەن یان جەماوەری ناڕازی لە درێژەی خەباتیاندا سەرەنجام بەوە بگەن کە دەسەڵاتی سەرمایەداری نایهەوێ خواستەکانی جەماوەر دابین بکات. وە ئەو کات هەر ئەو خواستە ئابوورییانە بەرەو مەسیری سیاسی دەڕۆن. ئەم وڵامە بەر لەوەیکە خەبات لەسەر بنەمای ئیرادە و هوشیاریی سیاسیی چینی کرێکار لەبەرچاو بگرێت، وابەستە بە تەقدیرگەرایی و لەم ستوونەوە بۆ ئەو ستوونەیە. لە بارودۆخێکدا کە سەرۆک کۆمار لەوپەڕی بێشەرمیدا خۆ لە هەر هەزینەیەک بۆ خەڵک دەدزێتەوە و داماوانە، چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک بە خودی خەڵک دەسپێرێ و دەڵێ: “بۆخۆتان لە فکری خۆتاندا بن”، چاوبەستن بەسەر ئەم واقعییاتە و ئومێدوار بوونێکی پووچ و بێبنەما بەم نیزامە پرتووکاوە، ساویلکەبوونە و هیچی تر.
لەم ڕووەوە هەڵبژاردنی ورد و هوشیارانەی هێندێک لە دروشمەکان و هاوڕێ بوون لەگەڵ ئەو چین و توێژانەی کە هاوپەیمانی چینایەتیی کرێکارانن و لە مەیدانی خەباتدان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕیزی هاوڕێیانی جەماوەری زەحمەتکێش و دەبێتە هۆی پێکهاتنی بەدیلێکی بەهێز لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدا کە دوژمنی چینایەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشانە. هەرکات کرێکاران و زەحمەتکێشان نەتوانن ڕیزەکانیان بەهێز بکەن و شێوازی پێشکەوتووتر لە خەبات بگرنە بەر، دەوڵەتانی سەرمایەداری بە زیادکردنی سوڵتە و ئیقتدار بەسەر کۆمەڵگا، لە ستەم و سەرکوت بەردەوام دەبن.
نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتانی پشتیوانیان هۆکاری هەموو کێشە و گرفتەکانی خەڵکن و گرانی، بێکاری، زیندان و سەرکوتی ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەرهەمی دەسەڵاتێکە کە داکۆکیکاری سەرمایەداران و زەمیندارانە. وە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش نامۆیە. هیچ پەردەیەک نابێ سێبەر بخاتە سەر سرووشتی دژەکرێکاری و چەوسێنەرانەی دەسەڵات و زوڵم و ستەمەکەی داپۆشێ. دەبێ بۆ خەباتی هاوبەش، ماندوویی نەناسانە و ئاشتی هەڵنەگرانە دژبە نیزامی ئابووری – کۆمەڵایەتی و سیاسی ئامادە بین! ئەم ڕەوتە دەستیپێکردووە و هەر ئێستا شایەدی تێکۆشانی ناڕازییانین لەپێناوی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ لەئاستی کۆمەڵگادا.
٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی
سەندیکاری کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوی کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە