فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان: ڕاپەڕینەکەی مانگی بەفرانبار، کۆمەڵکوژیی خەڵک و وانەکان!
هەینی ۱۷-۱۱-۱۴۰۴   |  06-02-2026

ئاخر چۆن ئەم هەموو ئاواتە ساوا و ناسکانە

هێشتا نەپشکوتوون و نەکراونەتەوە،

هێشتا چاویان بە بەهار نەکەوتووە،

ئاوا بە بەرچاومەوە سیس دەبن و دەچنە باوەشی خاکەوە؟

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ناڕەزایەتییەکی مەزن لەلایەن خەڵکی ڕەنجدەر و وەزاڵەهاتوو لە دەست زوڵم و چەوسانەوە سەری هەڵدا. ئەم ناڕەزایەتییانە بە خێرایی بوون بە ڕاپەڕینێکی بەربڵاو و سەرانسەری. لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە ١٩٠ شاری گەورە و بچووک و هەروەها زۆرێک لە ناوچە گوندنشینەکان ڕاپەڕین و بە تووڕەیی و نەفرەتەوە دژی دەسەڵاتی سیاسی و بەرپرسانی وڵات دروشمیان دا. جەماوەر ڕژانە سەر شەقامەکان، مەیدان و گوزەرە گشتییەکانی شاریان کردە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی خۆیان و بە یەک دەنگ سیاسەتەکانی دەسەڵات و ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات بوون.

کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی چەوسێنەر و پشتیوانی چەوسێنەرانە، حکوومەتێکە کە هۆکار و پەرەپێدەری هەژاری و نەهامەتیی زۆرینەی خەڵکە، هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانی بێ‌سنوور و بەڕێوەبەری دەزگای سەرکوت و کوشتارێکە کە لانیکەم هەزاران کەسی هەر لەم مانگی بەفرانبارەدا خەڵتانی خوێن کرد و سەرکوت و ڕەشبگیرییەکان هێشتا هەر بەردەوامە. ڕژیمێکی ئاوا نە دەیهەوێت و نە دەتوانێت تەنانەت کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بۆ کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی شار و گوند دابین بکات. ناڕازییان مافی سرووشتیی خۆیان هاوار دەکرد و گۆڕینی چارەنووسی خۆیانیان دەویست. چارەنووسێک کە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا جگە لە هەژاری، نایەکسانی، هەڵاوردن، ستەم و سەرکوت و مەرگ شتێکی دیکە نەبووە. خەڵک دەزانن و دڵنیا بوونەتەوە کە هۆکاری سەرەکی و پشتیوانی ئەم هەموو تاوان و جەنایەت و تاڵان و چەوسانەوەیە، دەسەڵاتێکە کە هەموو شتێک دەکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی. خەڵک مافی خۆیانە کە خوازیاری داماڵینی دەسەڵاتی حکوومەتێک بن کە خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئازادیی لێ کردوون بە ئاواتێکی دەست‌نەگەیشتوو. وەڵامی ڕژیم بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە کە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک هاتە ئاراوە، کۆمەڵکوژی، قەڵاچۆکردن، ڕشتنی خوێن و گولـلەباران بوو. خەڵکی ڕەنجدەر بە چاوی خۆیان بینەری کوشتار و جەنایەتێکی گەورە بوون و دیتیان کە خوێنی هەزاران ئازیز لەسەر بەردڕێژی شەقامەکان دەڕژایە سەر زەوی و چەندها بنەماڵە لە خەمی هەڵوەرینی ڕۆڵەکانیان و نووری چاوانیان داغدار و جەرگسووتاو بوون. دەبینین کە هەزاران کەس دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کراون و چاوەڕوانی ئەشکەنجە و مەرگن.

ئێمە وەک ڕێکخراوە سەربەخۆکان، ئەم کۆمەڵکوژییە وەحشیانەیە و ئەم تاوانە ئاشکرا و بێ‌سنوورە مەحکووم و شەرمەزار دەکەین. خۆمان بە بەرپرس دەزانین کە شەریکی خەمی ئەو بنەماڵە زامدارانە بین کە ئازیزانیان لەدەستداوە. خوازیاری چارەسەرکردنی بێ‌مەرجی بریندار و زیان‌لێکەوتووان و ئازادکردنی بێ شەرت و مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ناڕازییان و دەستبەسەرکراوانین. ئێمە دیتمان و هەموو مرۆڤە ئاگاه و خاوەن ویژدانە بێدارەکانی جیهانیش دیتیان و زیاتر لە جاران بۆیان دەرکەوت کە لێرەدا جەنایەتێکی گەورە بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئەنجام درا و گیانی مرۆڤەکان کرایە بارمتەی مانەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایانی گەندەڵ کە بە پشت‌بەستن بە هێزی سیاسی و سیستەمی سەرمایەداری، خۆشگوزەرانی و ئاسایش و پێگەی چینایەتیی باڵای خۆیان لەسەرووی کوشتار و ئاگرتێبەردانی هەستیی کۆمەڵگا و گیانی مرۆڤەکانەوە دەبینن.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێزی لەبن‌نەهاتووی جەماوەری خەڵک، بەتایبەت هێزی کرێکاران کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگا پێک دەهێنن، بەسەر هێزی ڕژیمدا زاڵ دەبێت؛ ڕژیمێک کە هێزەکەی بەردەوام و بە دڕندانەترین شێوە لە ماوەی نزیک بە پێنج دەیەدا بۆ سەرکوت و کوشتاری جەماوەری خەڵک و ناڕازییان و جیابیران بەکار هێناوە و دەیهێنێت. هێزی ڕژیم لە بەرانبەر هێزی جەماوەردا، ئەگەر بە شێوەیەکی ئاگایانە و بە ئاسۆیەکی ڕوونەوە خۆیان ڕێک بخەن، هێزێکی پوشاڵییە و بێ‌گومان زەوی لەژێر پێی خاوەن دەسەڵاتانی ئێستادا دەهەژێت. هەر ئێستا کەلێن و بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک فراوانتر و قووڵتر بووەتەوە. ئەم کەلێنە نە بە سەرکوت، نە بە ڕیفۆرم، نە بە مامەڵە و دیپلۆماسیی درۆ و ژێربەژێر و نە بە “شێخ و شا” و پاڵەوانە پوشاڵییە بەسەرچووەکان و نە بە چاو بڕین لە  زلهێزەکان – کە خۆیان هۆکاری کوشتار و ئاگرتێبەردانی بەشێکی گەورەی جیهانن – ساڕێژ و پڕ نابێتەوە. بۆشاییەکە یەکجار قووڵە و هیچ موعجیزەیەک قەیرانەکانی دەسەڵات چارەسەر ناکات. گرێی کێشەکانی خەڵک و کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنیا بە دەستی خۆیان دەکرێتەوە. تەنیا پاڵپشتی سەرەکی بۆ گۆڕینی چارەنووسی خەڵکی زەحمەتکێش و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا، هێزی بەکۆمەڵی ستەملێکراوان و بەش‌مەینەتانە کە هێزی کار و بیر و تێکۆشانی ئەوان بنەمای ئاوەدانی و خوڵقێنەری کۆمەڵگا و جیهانە.

بەڵام گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵگا کە مەرجی یەکەمی بریتییە لە ڕووخاندنی دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکان، بە ئاسانی و بەبێ هەبوونی ئامرازی خەبات و تەشکیلات و زانستی تێکۆشان بەدەست نایەت. کارێکی پڕ لە سەبر و تەحەمول و گرتنەبەری تاکتیک و شێوازی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی تایبەت و توانایی و هاوسەنگیی هێز و پشت‌بەستن بە لێشاوی مەزنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش پێویستە. پێویستمان بە ئامراز و میکانیزمی بەهێز و بەربڵاو هەیە تا جەماوەری لێک‌دابڕاو بەیەکەوە گرێ بدەن و ئەو چەرخەی کە لەسەر تەوەرەی ستەم و چەوسانەوە دەخولێتەوە، لە جووڵە بخەن.

ئەم ئامرازانە شتێک نین جگە لە ڕێکخراوە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان! جەماوەری زەحمەتکێش و لە پلەی یەکەمدا کرێکاران دەبێ پشتیوان و هاوپەیمانی یەکتر بن، خەمی یەکێک خەمی هەمووان، تێکۆشانی یەکێک تێکۆشانی هەمووان و خۆشگوزەرانیی یەکێک خۆشگوزەرانیی هەمووان بێت. ئەمە وانەی مێژوو و ئەزموونی سەرجەم بزووتنەوە سەرکەوتووەکانە. ئێمەش دەبێ فێری بین و لە ژیان و خەبانی خۆماندا بەکاری بهێنین.

یەکگرتوو بین، ڕێکخراو بین و چارەنووسی خۆمان بگۆڕین.

١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان

گرووپی یەکێتیی خانەنشینان