پێویستە بۆ زیادکردنی گشتیی حەقدەست ڕاپەڕین و هەوڵە دژەکرێکارییەکانی دەوڵەت و خاوەنکاران پووچەڵ بکەینەوە!
زیادکردنی حەقدەست لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئێستادا بووەتە پێویستییەکی حەتمی. ئەو حەقدەستەی کە لە لایەن حکوومەت و وەزارەتی کار و ئەو بەناو نوێنەرە کرێکارییانەی کە لە لایەن شۆرای باڵای کارەوە دیاری کراون، ناتوانێ بژێوی چینی کرێکار دابین بکات. ساڵەهایە کرێکاران بەدژی ئەم هەژاری و نەهامەتییە بەرینە ناڕازین و کارخانە و کارگە، ناوەندی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی و تەنانەت شەقامەکانیان کردووەتە شوێنی دەربڕینی داخوازییەکانیان و مافەکانیان هاوار دەکەن. خەباتی بەردەوامی خانەنشینان کە بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی چینی کرێکار و هەموو هەفتەیەک بەڕێوەدەچێ، مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان و کرێکارانی گرووهی میللیی فوولادی ئەهواز لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوو، نموونەیەکن لە ناڕەزایەتیی ڕەوا و پەرەستێنی کرێکاران کە تێیاندا خواستی سەرەکی کرێکارانی ناڕازی، زیادکردنی حەقدەست و یارمەتییەکانی کارە.
بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتیدا بەردەوام لە نەبەردی نێوان کرێکار و خاوەنکار، داکۆکیکاری بەرژوەندی چەوسێنەرانەی سەرمایەدارانە. چونکە لەلایەکەوە خودی ئەم دەوڵەتە گەورەترین سەرمایەدارە و لەلایەکی ترەوە سەرکردەکانی لەبەر قۆرخکاریی دەسەڵاتی سیاسی، نەبوونی مێکانیسمی لێپرسینەوە، نەبوونی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی خەڵکی و کەڵک وەرگرتن لە زەبروزەنگ و گەندەڵیی دەسەڵات، بەشێکی مەزن لە ئامرازی بەرهەمهێنان و کاری وڵاتیان داگیر کردووە و هەموو دەنگێکی مافخوازی بە کوشتن و زیندان و دەرکردن لە شوێنی کار وڵام دەدەنەوە. هەتا کاتێک خۆڕاگری و خەباتی سەرتاسەریی چینی کرێکار نەیەتە ئاراوە، دۆخی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. ئەو کەسانەی کە هۆکاری هەژاری، نەهامەتی و بێدەسەڵاتیی زۆرینەی ٩٠ لەسەدیی تاکەکانی کۆمەڵگان، نایانهەوێ و ناتوانن لەپێناو چارەسەرکردنی نەبوونی و بێبەشیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا هەنگاو هەڵگرن. بۆیە پێویستە کرێکاران خۆیان بیر لە بەرژەوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان بکەنەوە. هێزە چینایەتییەکانی دیکە یان توانای ئەنجامدانی کارێکی وایان نییە یان هەوڵێکی لەو شێوەیەیان ناوێت، چونکە بەرژەوەندییەکانیان دژی بەرژەوەندی چینی کرێکارە.
کرێکاران بێجگەلە حەقدەستەکانیان داهاتێکی دیکەیان نییە، ئەویش ئەگەر لەسەر کاربن و کاریان هەبێت. بەڵام حەقدەستی کرێکاران بەردەوام چوار یان پێنج بەرابەر خوارتر لەو هەزینانە بووە کە بۆ بژێوی بنەماڵەیەکی مامناوەندی کرێکاری پێویستە. بۆ نموونە، دوایین لانیکەمی حەقدەستێک کە دەوڵەت و شۆرای باڵای کار بۆ ساڵی ١٤٠٢یان پەسندکرد بە هەبوو مەزایای شوغڵییەوە، کە سەرجەم کرێکارانیش ناگرێتەوە، بڕی حەوت ملیۆن و چوار سەد هەزار تمەن بوو. ئەم بڕە بە زەحمەت خەرجی خانەوادەیەکی مامناوەندی شاری لە ساڵی ١٤٠٢ دابین دەکات. چونکە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان مامناوەندی خەرجی خانەوادەیەکی چوار کەسی لەمساڵدا مانگانە لە سی ملیۆن تمەن زیاترە. بەپێی پێشبینیی ڕێژەی تەوەرۆم لە ساڵی ١٤٠٣، مامناوەندی تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی شاری مانگانە لە ٤٥ ملیۆن تمەن کەمتر نابێت.
بۆ بەدیهێنانی زیادکردنی حەقدەست، جگە لە خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حکوومەت و خاوەنکار و سەرمایەدار هیچ ڕێگایەکی تر قابیلی تەسەور نییە. چونکە حکوومەت و خاوەنکارەکان نەک هەر ئیرادەیەک بۆ زیادکردنی حەقدەست نیشان نادەن، بەڵکوو بە هەموو ئامرازە یاسایی و نایاساییەکانیان بە بیانووی بێبنەمای وەک بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، پێویستی ڕەخساندنی هەلی کار، پێکهێنانی کێبەرکێ و هاندانی سەرمایەداران بۆ وەبەرهێنان، یان بەو درۆ ئاشکرایە کە ئابووری ئێران توانای دابینکردنی حەقدەستی زیاتری نییە، هەوڵ دەدەن لە زیادکردنی حەقدەست ڕێگری بکەن.
دەوڵەت بە شێوازی فریوکارانەی وەک “موزدی تەوافوقی” زیادکردن و پێدانی هەر ئاستێک لە حەقدەستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ خاوەنکار بەستووەتەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە دەیهەوێ هەمان یاسای دەست و پێ شکاوی لانیکەمی حەقدەستیش دەور لێداتەوە. و بۆ ئەوەی ڕێگای بەهرەکەشی و چەوساندنەوە بەبێ خۆڕاگریی کرێکاران هەموار بکات، ماددەی یاسایی تازەشی بۆ پەسند دەکات.
کرێکارانی یەدی و فکری لە ئێران لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەیان نزیک بە ٦٠%ی دانیشتووانی وڵات پێکدەهێنن و زیاتر لە ٨٠%ی هەموو بەرهەمەکانی کۆمەڵگا حاسڵی کاری ئەوانە. هەربۆیە ئاشکرایە کە نابێت حەقدەستی کرێکاران لە مامناوەندی خەرجی بنەماڵەیەکی شاری کەمتر بێت. هەروەک ئاماژەی پێکرا مامناوەندی تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی شاری لە ساڵی ١٤٠٣دا، مانگانە لانیکەم چل و پێنج ملیۆن تمەن دەبێت.
ئێمە لە هەموو کرێکارانی ناوەندەکانی سەنعەت، خزمەتگوزاری، کەشاوەرزی، بیناسازی، مەعدەن و هیتر لە بەشە خسووسی و دەوڵەتییەکان داواکارین کە لە شوێنی کاری خۆیان و لە ئاستی کۆمەڵگەدا بۆ لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ٤٥ ملیۆن تمەن خەبات بکەن.
خاڵێکی تری بنچینەیی کە نابێ فەرامۆش بکرێت ئەوەیە کە لە خەباتی زیادکردنی حەقدەستدا، هاوشێوەی بوارەکانی دیکەی خەباتی چینایەتیی کرێکاران، یەکڕیزی و یەکگرتوویی چینی کرێکار و دروستکردنی ڕێکخراوی پایداری ئابووری و کۆمەڵایەتی (سەندیکا یان ڕێکخراوی هاوشێوە) گرنگییەکی سەرەکیی هەیە.
خەباتی کرێکاران لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بەتەنها ناتوانێ ئاکامی دڵخواز بەدەست بهێنێت. هەربۆیە هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ خواستە ئابوورییەکان پێویستە پەرەپێدان و ڕاهێنان و چالاکیی کردەوەیی بۆ بنیاتنانی خەباتی سەربەخۆی سیاسیی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانی ئەنجام بدرێت. چونکە خەباتی چینایەتیی کرێکاران تەنها کاتێک کە بەشێوەی یەکگرتووانە، ڕێکخراو و لەسەر ئەساسی ئامانجی درێژماوە و ئامانجی دەستبەجێیی چینی کرێکار و بە بەشداریی بەرین و چالاکی جەماوەر بەڕێوەبچێت، شانسی سەرکەوتنی دەبێت.
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان
٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn