فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان سەبارەت بە پەسندکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٣
پێنجشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۳   |  28-03-2024

پەرەپێدانی هەژاریی بێسنوور بە زەبری یاسا و سەرکوتی سەرمایەداری!

کۆڕی پارێزەرانی نیزامی سەرمایەداری لەژێرناوی “شۆرای باڵای کار” دوای چەندین ڕۆژ هەراوهەنگەمەی قیزەون و بێشەرمانە، ئاکامی شانۆکەی خۆی لەژێرناوی دیاریکردنی بڕی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٣ ڕاگەیاند. بەلەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی ئەم بەناو شۆرایە کە لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکار و لە تاقمێکی دەستسازی دەوڵەت بەناوی نوێنەرانی کرێکاران پێکهاتووە، هیچ هیوایەک بەوە نەبوو کە ئاکامی ئەم نمایشە بێهوودەیە هیچ شتێکی ئەرێنیی بۆ کرێکاران لێبکەوێتەوە. ئاکامی ئەم سات و سەودایە کە لە نێوان دەوڵەت و خاوەنکاراندا بوو هەر لە پێشترەوە مەعلووم بوو: پەرپێدانی هەژاریی موتڵەق لەناو کرێکاران و لەئاستی کۆمەڵگا بەقازانجی سەرمایەداران، قودرەتنەمایی لە بەرابەر کرێکاران و پەرەپێدانی فەرهەنگی “بسووتێ و بسازێ” لەلایەن ناوەندە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بەرپرسی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست و داکۆکیکاری بەرژوەندی دەوڵەت و خاوەنکارن.

بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی پایە بۆ ساڵی ١٤٠٢ کە بڕی پێنج ملیۆن و سێ سەد هەزار تمەن لە مانگێکدا بوو گەیشتووەتە کەمتر لە حەوت ملیۆن دوو سەد هەزار تمەن لە مانگێکدا، کە ئەمەش بەمانای زیادبوونی نزیکەی ٣٥ لەسەدە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی زۆربەی پێشبینییەکان، لەوانە پێشبینیی هەندێک لە ناوەندە ڕەسمییەکان، ڕێژەی تەوەرۆم لە ساڵی ١٤٠٣دا زۆر زیاتر لە ٣٥ لەسەد دەبێت. بەواتایەکی تر توانای کڕینی کرێکار کە مۆزدەکەی بەرابەرە لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستی پایە، لە ساڵی داهاتوودا لەچاو ئەمساڵ کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت ئەگەر مەزایای پەیوەندیدار بە حەقی مەسکەن، خاروبار، حەقی ئەولاد، حەقی تەئەهول و حەقی سەنەواتیش لەبەرچاو بگرین، داهاتی کرێکارێک بە دوو منداڵەوە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا بەرابەر بوو لەگەڵ نزیکەی هەشت ملیۆن و سێسەد هەزار تمەن، لە ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە ١١ ملیۆن و شەش سەد هەزار تمەن. بەڵام ئەم حقووقە مانگانەیە چ لە ساڵی ١٤٠٢ و چ لە ساڵی ١٤٠٣دا بە زەحمەت بەشی دابینکردنی خەرجی هەفتەیەکی بنەماڵەیەکی چوار کەسی دەکات. ئاشکرایە کە ئەم حەقدەستانە تەنانەت حەقدەستی کرێکارانێک کە زیاتر لە لانیکەمی حەقدەستیش دیاری کراوە، گۆشەیەک لە هەزینەکانی جەماوەری کرێکار ناگرێت. سەرمایەدارانی چەوسێنەر و سەردەمدارانی گەندەڵ و تاڵانکەر کە شەللاقەکانی ستەمی سەرمایەداری بەنیشانەی حیکمەتی ئیلاهی دەزاننن، بێجگەلە پەرەپێدانی هەژاری و چکۆلەتر کردنەوەی سفرەی کرێکاران هیچ نەقشێکیان نییە. ئەمانە چۆن دەتوانن بیر لە بردنەسەری ئاستی ڕاستەقینەی حەقدەستەکان و بیر لە بردنەسەری ئاستی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی بکەنەوە. کەسانێک کە لە شۆرای باڵای کاردا بەشدارن، نوێنەری سەرمایەداران و دەسەڵاتێکن کە ٤٥ ساڵە لەڕێگەی چەوساندنەوە و سەرکوتی کرێکاران هەژاری و نابەرابەرییان پەرەپێداوە و بە دەسەڵات و سەروەت و ژیانێکی ئاسوودە گەیشتوون. ئەوان ئاگاداری ئامارەکانن و بە ڕوونی هەژاری دەبینن. بەڵام هەژاری و سەختی زۆرینەی کۆمەڵگا و بێماف کردنیان مەرجی بنەڕەتی کەڵەکەبوونی سەرمایە و سامان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسییە.

لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەنداندا بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە و بە پشتبەستن بە داتای ئاماری، ڕامانگەیاند کە کەمترین حەقدەست لە ساڵی ١٤٠٣دا نابێت لە ٤٥ ملیۆن تۆمان کەمتر بێت. ئەم بڕە پارەیە یەکسانە بە تێچووی ژیانی ماڵێکی شارستانی مامناوەند لە ساڵی داهاتوودا و بانگەوازی هەموو کرێکاران دەکەین بۆ پشتگیریکردنی ئەم بڕە پارەیە. بەو پێیەی کە بردنەسەری حەقدەست پەیوەندی پێچەوانەی لەگەڵ قازانجی سەرمایەداران و دەسەڵات و سەروەتی حاکمان هەیە، دڵنیاین کە دەوڵەت و خاوەنکاران لە بەرابەر خواستی کرێکاران بۆ بردنەسەری بڕی حەقدەست و دیاریکردنی بنەمایەکی دروست بۆ لانیکەمی حەقدەست بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێ موقاومەت دەکەن. بە باوەڕی ئێمە دەربڕینی ڕاستییەکانی ژیانی چینی کرێکار ئەرکی هەموو کەسێکی زانا و هەموو ڕێکخراوێکی پێشەنگی کرێکارییە. دابینکردنی خواستی زیادکردنی حەقدەست بە دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری و بە خەباتی بەردەوامی کرێکارانەوە گرێدراوە. کەوابوو کێشەی حەقدەستی کرێکاران نە بە کۆبوونەوەکانی شۆرای باڵا و نە بە واژۆکردن یان نەکردنی بەناو نوێنەرانی کرێکاران چارەسەر نابێت.

مەسەلەی حەقدەست تا ئەو کاتەی سیستەمی سەرمایەداری حوکمڕانی کۆمەڵگا بکات، یەکێک لە پرسە سەرەکی و ئازاربەخشەکانی جەماوەری کرێکاران دەبێت. لەم ڕووەوە کرێکارانی هوشیار و داهاتووبین نەتەنیا پێویستە بۆ بردنەسەری حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کرێکاران خەبات بکەن بەڵکوو دەبێ بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کرێکاران چ لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و چ لە بواری سیاسی و فەرهەنگیدا دژبە نیزامی چەوسێنەر و ستەمگەری سەرمایەداری و پشتیوانانی ڕەنگاوڕەنگیان دەست بدەنە خەباتێکی ڕێکخراو و ئامانجدار و بەرنامەڕێژیکراو و پشتیوانیی جەماوەری زەحمەتکێش بەرەو ئەم خەباتە بەشێوەیەکی بەرین ڕاکێشن. تەنیا لەم ڕێگەوە کرێکاران دەتوانن هەم خواستی دەستبەجێ و هەم خواستی درێژماوەی خۆیان و زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەستەبەر بکەن. خەبات بۆ زیادکردنی بڕی حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، لە خەبات بۆ ئازادی و دابینکردنی ماف و خواستی جەماوەری زەحمەتکێش جیا نییە و تێکۆشانی لێبڕاوانە لەپنێاو بەرژەوەندی کرێکاران لە هەر کام لە بوارانەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی خەبات لە بوارەکانی دیکەدا.

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی ئیتحادی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان