فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە کرێکارییەکان سەبارەت بە لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٢؛ بڕیاری دەوڵەت و خاوەنکاران نوقمکردنی زیاتری کرێکارانە لەناو هەژاریی موتڵەقدا!
دوشەممە ۱۴-۰۱-۱۴۰۲   |  03-04-2023

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، گرووپی یەکیەتیی خانەنشیان و خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی خووزستان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە لەئاست لایەحەی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠٢ کاردانەوەیان نیشان دا. لەم بەیاننامەیەدا تەئکید کراوە کە مەسەلەی حەقدەست تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداری لە کۆمەڵگادا دەسەڵاتدارە یەکێک لە مەسەلە سەرەکی و دەردناکەکانی جەماوەری کرێکار و زۆرینەی خەڵکە. لەم ڕووەوە کرێکاران نەتەنیا پێویستە بۆ بردنەسەری حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران خەبات بکەن بەڵکوو لازمە بۆ چارەسەرکردنی ئەساسیی مەسائیلی کرێکاران ڕوو بکەنە خەباتی بەبەرنامە دژبە نیزامی چەوسێنەر و ستەمکاری سەرمایەداری و پشتیوانانی ڕەنگاوڕەنگیان و ڕاکێشانی هەرچی زیاتری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو ئەم خەباتە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە:

سەرەنجام دوای هەرا و هوریای زۆری پشتیوانانی نیزامی سەرمایەداری و دەستنیشاندەکەیان واتە “شۆرای باڵای کار” بۆ بڕیاردان سەبارەت بە بردنەسەری لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٢، لە ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەممەی ١٤٠١دا بەپێی ئیرادەی دەوڵەت و سەرمایەدارانی دەسەڵاتدار، پایەی مزدی مانگانەی کرێکاران ۵۳۰۸۲۸۴ دیاری کرا. هەروەها بۆنی کاریگەری، ۱۱۰۰۰۰۰تمەن و حەقی مەسکەن ۹۰۰۰۰۰ ڕاگەیەندرا. دوو ڕەقەمی ئاخر (بۆنی کاریگەری و حەقی مەسکەن) کە لەڕاستیدا بەشی سەرەکیی داهاتی کرێکارانن، بە مەزایا بە حیساب دێن نەک حەقدەست هەربۆیە هەموو کرێکاران ناگرێتەوە. لە زۆربەی کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، خاوەنکاران بەپێی بەناو “ئیسلاحیە”کانی قانونی کار و یان تەنیا بە جەبر و زۆر، بە هەڕەشە و پشتیوانی مەقاماتی ڕەسمی، هەر ئەم پارەیەش بە کرێکاران نادەن. ئەم بابەتە سەبارەت بە پەرداختی حەقی بیمەی کرێکارانیش هەر بەم شێوەیە.

بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کار، زیادکردنی ئیسمیی لانیکەمی حەقدەست نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو ٢٧ لەسەدە. ڕێژەی بردنەسەری مزدەکانی باڵاتر لە لانیکەمی حەقدەست، لە ٢٧ لەسەدیش کەمترە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژەی تەوەرۆم لە ساڵی ١٤٠١دا نزیکەی ٥٠ لەسەد بووە و لە ساڵی ١٤٠٢شدا ئەم ڕێژەیە لە ٥٠ لەسەد کەمتر نابێت. کەوابوو لەچاو ساڵی ڕابردوو توانای کڕینی هێزی کار یەکجار دێتە خوارێ. بەوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و چین، هاتنەخوارەوەی توانای کڕینی کرێکاران لەمساڵدا نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٤٠ لەسەد دەبێت. نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و بەناو نوێنەرانی کرێکاران لە شۆرای باڵای کار کە تەنیا گوێ بە فەرمان و جیرەخۆری باڵاییەکانن، تەنانەت یاسای کاری نیزامەکەی خۆشیان وەک پەڕێکی دڕاو خستە ژێر پێ و ئەویشیان بەڕێوە نەبرد.

بەپێی داتا ئامارییەکان کە لە مەعیشەت و ژیانی واقعیی کرێکارانەوە بەدەست هاتوون و لە بەیاننامەی مانگی بەفرانباری ١٤٠١ی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، بڕی ۵۳۰۸۲۸۴ بە زەحمەت یەک لەسەر پێنجی هەزینەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی کرێکاران دابین دەکات. بەپێی بڕیارە دژەکرێکارییەکانی شۆرای باڵای کار، کە پێویستە ناوی شۆرای داسەپاندنی هەژاریی موتڵەقی لەسەر دابندرێ، داهاتی کرێکارێک بە هەموو مەزایایەکەوە (واتە بۆنی کاریگەری، حەقی مەسکەن، حەقی ئەولاد، سەنەواتی کار و هیتر) نزیکەی ٨ تا ٨ و نیو ملیۆن تمەن لە مانگدایە کە تەنانەت بەشی هەزینەی ١٠ ڕۆژی بنەماڵەیەکی چوار کەسیی شاری ناکات.

ئەم ڕەوتە داستانی چل و چوار ساڵەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی نەگۆڕی حاکمان و دەستنیشاندە و وابەستەکانیانە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیمتیازیان گرێدراوە بە ئیجراکردنی بێ کەم و کاستی فەرمانی باڵاییەکان بۆ پاراستنی سوڵتەی سیاسی و ئابوورییان بەسەر کۆمەڵگادا. نە لە یاسای کار و مادەی ٤١ و نە لە شۆرای باڵای کار و نە لە هیچ بەناو ئیسلاحگەرێکی کۆمەڵایەتی کە لە تەوەهومی گۆڕینی ڕەفتاری سیاسەتمەدرانی حاکم و سەرمایەداراندان لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک، ناکرێ چاڕەوانی باشتربوونی بارودۆخی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بکەین. ئەم یەقینەی ئێمە لەو واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێ کە سەرمایەدارن و دەسەڵاتخوازانی حاکم لەپێناو بەرژەوەندیان لە هیچ خەیانەت و جەنایەتێک دەریغ ناکەن و هەربۆیە هەرجۆرە هیواداربوونێک پێیان تەنها وەهم و خۆشباوەڕییە و هیچی تر. هیچ هێزێک بێجگەلە خودی کرێکارانی یەکگرتوو و وشیار ناتوانن وەزعیەتی ئێستا و داهاتووی کرێکاران بگۆڕن.

چینی کرێکاری ئێران گەورەترین چینی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنەری گەورەترین سەروەتەکانی کۆمەڵگەیە. ئەم چینە مافی خۆیەتی کە لە حاسڵی دەستڕەنجی خۆی بەهرەمەند بێت و پێویستە حەقدەستێک وەربگرێ کە مەعیشەت و ڕفاهی کۆمەڵایەتیی کرێکاران لانیکەم تا ئاستی بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری دابین بکات. لەسەر ئەم ئەساسە، هەروەک لە بەیاننامەی مانگی بەفرانباری ڕێکخراوە کرێکارییەکاندا بەیان کرا، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران بۆ دابینکردنی هەزینەی بنەماڵەیەکی مامناوەندی (٣.٣) کەسی پێویستە ٢٥ ملیۆن تمەن بێت. ئەم بڕە بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی ٣٠ ملیۆن تمەن لە مانگدایە کە لەلایەن ڕێکخراوێکی کرێکارانی سەنعەتی نەوتیشەوە ڕاگەیەندراوە.

ئاشکرایە کە ئەم بڕەیەی ئاماژەی پێکرا، حەقدەستێکی پایە و لانیکەمە کە پێویستە بەپێی سەختی کار، گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشەکان و توانای پیشەیی و باقیی مەوردەکانی تر پێی زیاد بکرێت. هەروەک چۆن ئاستی بەرهەمهێنانی کار و ڕێژەی تەوەرۆمیش پێویستە لەماوەی ساڵدا لەبەرچاو بگیرێت و حیساب بکرێت. خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بڕیاری دژەکرێکاری شۆرای باڵای کار هەروا لە دەستووری ڕۆژدایە.

پرسی حەقدەست تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگادا زاڵە یەکێک لە پرسە سەرەکی و بەژانەکانی جەماوەری کرێکار و زۆربەی جەماوەری کۆمەڵگەیە. لەم ڕووەوە کرێکارانی وشیار و دوورئەندیش نەتەنیا پێویستە بۆ بردنەسەری حەقدەست و باقیی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران خەبات بکەن بەڵکوو پێویستە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسەکانی کرێکاران ڕوو بکەنە خەباتی بەبەرنامە دژبە نیزامی چەوسێنەر و ستەمکاری سەرمایەداری و دژبە پشتیوانانی ڕەنگاوڕەنگیان و ڕوو بکەنە کۆکردنەوەی هەرچی زیاتر جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش لە دەوری ئەم خەباتە.

بێگومان ئەمە تاکە ڕێگایە کە دەتوانێ دەستڕاگەیشتن بە خواستی بەپەلە و درێژماوەی کرێکاران فەراهەم بکات و بۆ ئەوان ئازادی، ڕەفاه و ئاسایش دابین بکات.

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعیی خووزستان

گرووپی یەکیەتیی خانەنشیان