فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەش: بەرەو پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان
سێشەممە ۰۳-۰۸-۱۴۰۱   |  25-10-2022

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

بەیاننامەی هاوبەش: بەرەو پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان

ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان ئەرکی بەپەلەی ئێمەیە

کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی گەورەدایە. ئەم واقعییەتە شۆڕشگێڕانەیە لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەسەر بەستێنی گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە پێکهاتووە و خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بردووەتە قۆناخێکی نوێوە. ڕەوتی ڕووداوەکان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا نیشانی دا کە قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا (ژینا) ئەمینی تەنیا چەخماخەیەک بوو کە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتیی دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی جنسییەتی بەرامبەربە ژنان و سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی گەیاندە ئاستی تەقینەوە و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی لە زیاتر لە سەد شاری ئێران هێنایە سەر شەقام. بەشداریی پڕگوڕوتینی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتیی ژنان لەم ئاخێزە سەرانسەرییە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان لەسەر شەقام ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەردەم خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستانیش. ئەم گۆڕانکارییانە بە هاتنە مەیدانی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی و پشتیوانییان لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، ئیمکانی واقعیی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەی لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە خوڵقاندووە. 

ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییە هەتا ئێستاشی کاریگەریی ماندگاری لەسەر هەلومەرجی سیاسی و بارودۆخی خەباتی چینایەتی لە ئێران داناوە، ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامیی خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسیی بەرووی کۆمەڵگەدا کردووەتەوە. لەئاست ئەم ڕەوتە و بۆ وڵام دانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی بەردەم، ڕیزبەندیی هێزی چەپ و ڕاستی کۆمەڵگە لە ئێران و کوردستان زیاتر لە ڕابردوو شەفافتر بووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا هێزە جۆراجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، خەڵک لە شۆڕش دەترسێنن و تەنیا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە سەرەوە و بەدوور لە دەخاڵەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەوڵ دەدەن.

لەم بارودۆخەدا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان کە بەهۆی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی نەپساوە و بەشداریی بەهێزی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیزامییان لە خەباتی بێ ئەمان دژبە کۆماری ئیسلامی و دیفاعی لێبڕاوانەیان لە کرێکاران و ژنان و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و هەروەها بەهۆی ڕەخنە و جیاوازیی سیاسییان لەگەڵ بزووتنەوەکانی بورژایی، بوونەتە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی لە کوردستان، بەرپرسایەتی و ئەرکی قورسیان وەئەستۆیە. 

ئەمڕۆ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان وەک ڕەوتێکی کۆمەڵایەتیی کە بەشدارییان لە خەباتی کرێکاران و ژنان و لاوان لە بوارە جۆروجۆرەکانی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کوردستان بەدی دەکرێت، هێزێکی کاریگەر و چارەنووسسازن بۆ زەمانەتی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لە کوردستان. لە وەها هەلومەرجێکدا داڕشتن و بەهێزکردنی ستراتێژ و ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لەلایەن هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، کە تێیدا وێنەیەکی ڕوون لە مانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، چۆنیەتیی سەرکەوتن، زەمانەتی بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە حاکمییەتی سیاسی و ئیدارەی کۆمەڵگە و چۆنیەتیی وەدیهاتنی داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نیشان درابێت، یەکجار گرنگە.

لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ وڵامدانەوە بەم پێداویستییە، ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە دەچینە ناو تێکۆشانێکی هاوبەشەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان لە دەوری ئەم میحوەرانەی خوارەوە. هەر لێرەوە دەستی هەموو پارت و لایەنەکان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و چالاکانی چەپ و سۆسیالیست کە دەیانهەێ لەم ئەنجامدانی ئەم بابەتە گرنگەدا بەشدار بن، بە گەرمی دەگوشین. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەدیلێکی چەپ و سۆسیالیستی، بە تایبەت لە هەلومەرجی گۆڕاوی ئێستای ئێراندا، نەتەنیا ئەرکی حیزب و ڕەوتە سیاسییەکانە، بەڵکوو بە هەموو تێکۆشەرانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازیش پەیوەندیی هەیە.

١ – پێشخستن و هیدایەتکردنی خەباتی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامی، یارمەتیدانی ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، پێکهێنانی شۆرای گەڕەکەکان، پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەریی ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرستاران و بەشەکانی تری خەڵکی ژێر ستەم و هەوڵی کاریگەر بۆ تێکشکاندنی هێز و دامودەزگاکانی ڕێژیم و ڕاماڵینی دەسەڵاتی نامرۆڤانەی لە کوردستان کە ئەڵقەیەکی کاریگەرە لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریدا.

٢ – سەرکەوتنی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە گرەوی تێکشکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی، پێشڕەویی چینی کرێکار، بزووتنەوە و حیزبە کۆمۆنیستەکان لە بێدەسەڵاتکردنی بورژازی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی کرێکاری لە ئاستی سەرانسەریدایە. ئاسانترین و بێ دەردیسەرترین ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک لە کوردستان، پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی ڕووخاندن و شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەرییە.

٣ – ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە بارگەوبنەی دەسەڵات لە کوردستان بەرلە شوێنەکانی تری ئێران تێکەوەپێچرێت. بەڵام تێکشکاندنی هێز و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ناوەندی و پاشەکشەکردن پێیان کۆتایی کار نییە. ئێمە لەم بارودۆخەدا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە بەدەستی خودی خەڵک و بۆ پێکهێنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە شار و دێ، لەسەر دەسەڵاتی شۆرایی و داسەپاندنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کوردستان تەئکید دەکەین. ڕێکخستنی شۆراکان لەئێستادا وەک ئامرازی خەبات، و لەدوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی وەک ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر، بە ئەرکی بەپەلەی خۆمان و بە ئەرکی هەموو هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان و بە ئەرکی خێرای هەموو حیزب و ڕەوتێکی چەپ و کۆمۆنیستی دەزانین.

٤ – حیزبە بورژوا و ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان هەوڵ دەدەن ستراتێژی سیاسیی خۆیان بەشێوەی پێکهاتەیەکی فێدرالیستیی لەسەر بنەمای سیستەمی پەرلەمانی لەدوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبەرن و بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن. وەها سێناریۆیەک نەتەنیا کۆتایی بە بێبەشی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان ناهێنێت، بەڵکوو ئەزموون نیشانی داوە کە گەڵاڵەی فێدرالیزم بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و مەسەلەی کوردیش ڕێگاچارە نییە. فێدرالیزم مەسەلەی نەتەوەیی وەک ئێسقانی لای برین دەهێڵێتەوە و هەموو  کات ئەگەری خوێنڕێژی لەسەری لەئارادایە. ئێمە هەرجۆرە گەڵاڵە و تەرحێک کە ستەم لەسەر خەڵک دەهێڵێتەوە و پەرە بە دووبەرەکایەتی و تەفرەقە دەدات، ڕەت دەکەینەوە و بە پشتن بەستن بە وشیاری و بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی لەبەرامبەریدا ڕادەوەستین.

٥ – ئێمە بەرامبەر بەو هێزانەی کە هەوڵ دەدەن چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپریالیستییەوە گرێ بدەن، لەسەر خەبات و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی پێشڕەوی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی خەڵک لە سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین. خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ خەباتی سەرانسەری خەڵکی ئێران و سەرەنجام بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە سەرکەوتن دەگات. ئێمە لە بەرامبەر سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی زلهێزەکانی جیهان و هاوپەیمانانیان لە ناوچەکە بۆ داسەپاندنی بەدیلی ڕاست بەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان ڕادەوەستین. هەر جۆرە پڕۆژە و ئاڵتێرناتیڤێک لەسەر سەری خەڵکەوە ڕەت دەکەینەوە و بەشێوەی جیددی بۆ پەراوێزخستنی تێدەکۆشین.

٦ – مەرجی پێویستی پێشڕەویی خەباتی شۆڕشگێڕنە و داسەپاندنی دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان، جیایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ستراتێژ و سیاسەتی پارتە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و بەهێزکردنی ستراتێژی سۆسیالیستی لەئاستی کۆمەڵایەتیدایە. ئەنجامدانی ئەم ئەرکە لە گرەوی پەرەپێدانی ڕەخنە و وشیاریی کۆمۆنیستی بەرامبەربە ئاسۆ و سیاسەتی ناسیۆنالیستی لە کۆمەڵگە و لە گرەوی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی جەماوەری خەڵکی کوردستاندایە.

٧ – ستەمی نەتەوەیی وێڕای دڕندانەترین شێوەکانی سەرکوت لەلایەن ڕێژیمە سەرکوتگەرەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، نەهامەتیی فراوانی بەسەر خەڵکی کوردستان هێناوە. ئێمە خوازیاری چارەسەرکردنی دەستبەجێی ستەمی نەتەوەیی و مەسەلەی کوردین. بۆ ئەم بابەتە گرنگە، ئاکامی بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان بە مانای جیایی یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێران وێڕای دابین و زەمانەت کردنی مافی یەکسان، بەڕەسمی دەناسین. ئێمە هەرجۆرە کردەوەیەکی زۆرەملی و نیزامی بۆ ڕێگری لە بڕیاری خەڵکی کوردستان و یان بەڕەسمی ناسینی ئاکامەکەی لەژێرناوی “پاراستنی یەکپارچەیی خاک” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “جیایی خوازی” و یان هەر پاساوێکی تر بەتوندی مەحکووم دەکەین و ڕەتی دەکەینەوە.  لە هەمان حاڵیشدا لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و ستەملێکراو لە سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین.

٨ – لەو جێگەوە کە دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان، ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بە لەشکرکێشی و زۆر و سەرکوت پێشێل دەکەن، خەڵک مافی خۆیانە لە بەرامبەردا بۆ دیفاع لە خۆیان دەست بۆ چەک ببەن و لە ماف و حورمەت و کەرامەتی ئینسانیی خۆیان بەرامبەر بە هەر هێزێکی سەرکوتگەر دیفاع بکەن. مافی خۆیانە چەکدار بن و هێزی چەکداری خۆیان لەژێر هیدایەتی ناوەند و  شۆراکانی خەڵکیدا ڕێک بخەن.

٩ – ئێمە وەک هێزی کۆمۆنیست و ئەنترناسیۆنالیست، بەهێزکردنی هاوپشتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت لە وڵاتانی دەوروبەر بە ئەرکی خۆمان دەزانین. لەم ڕووەوە لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق، تورکیا و سووریە بۆ ئازادی و بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و دژبە هەژاری و نابەرابەریی کۆمەڵایەتی دیفاع دەکەین.

١٠ – ئێمه‌ واژۆكا‌رانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین میكانیزمی پێویست پێک بێنین و به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست په‌سه‌ند بكه‌ین بۆ پێشخستنی ئاراسته‌ ئاماژه‌كراوه‌كان و هه‌ماهه‌نگکردنی چالاكی و كرده‌وه‌ی هاوبەش.

١١ – داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان دەکەین کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هاوشان و هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی ئێران لێبڕاوانە و بەهێز بەرەوپێش بەرن و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران تێبکۆشن. لەم پێناوەدا، هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، حیزب  و ڕێکخراو و هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست بانگەشەی پەیوەست بوون بە تێکۆشانی هاوبەشمان دەکەین.

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!

بژی دەسەڵاتی شۆرایی!

بژی سۆسیالیزم!

ـــــــــــــــــــ

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕەزبەری ١٤٠١

ئۆکتۆبری ٢٠٢٢