٨ ناوەندی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە سەفەری “مورتەزا تەڵایی”، سەرۆکی پێشووی پۆلیسی تاران و جێگری سەرۆکی شەورای شاری تاران نیگەرانییان دەربڕی و داوایان لە “جاستین ترۆدۆ” کرد کە ئەم وڵاتە لە وەرگرتنی “فەرماندە پێشووەکانی سپا و هەموو پێشێلکارانی مافی مرۆڤ” خۆ ببوێرێت.
ناوەندی عەبدولڕەحمان بروومەند، کۆمەڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ناوەندی سیامەک پورزەند، ڕێکخراوی دیفاع لە مافی مرۆڤی کوردستان، ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی ئازەربایجانییەکان لە ئێران، ئیمپەکت ئێران و “پێکەوە دژبە سزای سێدارە”، ئەو ٨ ناوەندە بوون کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە “نابێ کەنەدا جێگایەکی ئەمن بێت بۆ پێشێلکارانی مافی مرۆڤ” و پێویستە ئەم وڵاتە کاردانەوە نیشان بدات و ڕێگە نەدات پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە سزادان لە ئەماندا بن.