فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی پلێنۆمی سێیەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێستا، هەڵوێست و ئەرکەکان (گەلاوێژی ١٤٠٥ – ئاگۆستی ٢٠٢٦)
سێشەممە ۱۳-۰۵-۱۴۰۵   |  04-08-2026

بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بەتوندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی چەقبەستوویی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە شەڕێکی گشتگیر و شکست و بێتواناییان لە جێگیرکردنی ئاشتیدا. دەوڵەتی ئەمریکا سەرەڕای شکستە ستراتیژییەکانی و بێتوانایی لە نۆژەنکردنەوەی هەژمۆنییە ڕوو لە لاوازبوونەکەی، بۆ درێژەدان بە شەڕ ڕووبەڕووی کەمبوونی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە و تەقەمەنییە ئاراستەکراوەکان بووەتەوە، هەر ئەم ڕاستییەش بنکە سەربازییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو لاواز و زیانپێگەیشتوو کردووە. لە هەمان کاتدا داخرانی گەرووی هورمز و هەڵکشانی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، نیگەرانییەکان لە قەیران و داتەپینی ئابووریی جیهانی و ئاکامەکانی ئەم بارودۆخە لەسەر ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی ماگاو هەڵبژاردنەکانی نێوان‌خولیی داهاتوو، دەوڵەتی ترامپی بۆ درێژەدان بە شەڕ ڕووبەڕووی کێشەی جدی کردووەتەوە.

کۆماری ئیسلامیش کە بە پشتبەستن بە کۆگای مووشەکی و درۆنیی خۆی توانیویەتی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی نەوت و گازی وڵاتانی ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانج و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا پەک بخات، بەڵام لە ڕووی توانست و بونیادی ئابوورییەوە توانای درێژەدان بە شەڕی نییە. ڕژیمی ئیسلامی بە داخستنی گەرووی هورمز توانی بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە و بیکاتە ئامرازێکی گوشاری سیاسی دژی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. بەڵام لە درێژەدا و بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران و دابەزینی توندی هەناردەی نەوت، دەرکەوت کە هێزی بەرپەرچدانەوەی گەرووی هورمزیش سنووردارە و ناتوانێت ڕێگر بێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا. کۆماری ئیسلامی بە دابەزینی توند و پچڕانی هەناردەی نەوت، بۆ دابینکردنی تێچووە قورسەکانی درێژەدان بە شەڕ بەتوندی کەوتووەتە ژێر گوشارەوە، بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی هەژاری و بێکاری، هەڵاوسان و گرانی و ئەو بارودۆخە کارەساتبارەی کە ئەم ڕژیمە بەسەر ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویەتی، خۆی لە مەترسیی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە.

لێکتێگەیشتننامە ١٤ خاڵییەکەی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەرەنجامی هەر ئەم چەقبەستووییەیە لە درێژەدان بە شەڕ و شکست و بێتواناییە لە جێگیرکردنی ئاشتیدا. لە کاتێکدا لەم لێکتێگەیشتننامەیەدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان و زەمانەتکردنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی لوبنان و هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و کۆتاییپێهێنان بە هەڕەشە جەنگییەکان کراوەتەوە، بەڵام ئەم جەختکردنەوانە نەیانتوانی ڕێگر بن لە بەردەوامیی داگیرکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، درێژەی هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و هەڕەشە جەنگییەکانی ترامپ. ئەم دۆخە بەرهەمی هاوسەنگیی هێزی واقیعییە لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی ئەم شەڕەدا. لەبەر ئەوە، تێکهەڵچوون و گرژییە سەربازییەکانی ئێستا زیاتر لەوەی نیشاندەری خواستی هەردوولا بێت بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕێکی گشتگیر، ڕەنگدانەوەی هەوڵی لایەنەکانە بۆ چەسپاندنی تێڕوانینی خۆیان لە دەرەنجامەکانی شەڕی چل ڕۆژە و بەرزکردنەوەی هێزی سەوداگەری و وەرگرتنی ئیمتیازە لە دانوستانەکاندا.

بە دەستپێکردنەوە و بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان، ئەگەرچی چارەنووسی لێکتێگەیشتننامەکە کەوتووەتە تەمومژەوە، بەڵام بەدەر لە چارەنووسەکەی، بەڵێنی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی گەمارۆکان و دامەزراندنی سندووقێکی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و پەیماندان بۆ دروستکردنی میکانیزمی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لێی، بەو مانایەیە کە باڵگەلێک لەناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، ستراتیژیی مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی سازش و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا پێوشوێن دەگرن. ئەم لێکتێگەیشتنە ئەگەر بەدواداچوونی بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت، بە مانای گۆڕانکارییەکی گرنگی ژیۆپۆلیتیکییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە بە مانای داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو و ئەمریکا دەبێت. واتە کۆتاییهاتنی یەکجاریی ستراتیژیی پەلاماردان و شەڕی بەرپەرچدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ واتە ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئەمجارە لەبری ئەوەی بە پشتبەستن بە پڕۆژە ناوەکییەکان و ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی میحوەری موقاوەمەتو دەستێوەردانی سەربازی لە نێوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکەدا، ستراتیژیی مانەوەی خۆی پێوشوێن بگرێت، لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، وەبەرهێنانی وڵاتانی ناوچەکە لە پیشەسازیی نەوتی ئێران و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مانەوەی خۆی دەپارێزێت و ڕەوتێکی نوێ بۆ نۆژەنکردنەوەی ئابووریی قەیرانلێدراوی سەرمایەداریی ئێران دەست پێدەکات. بێگومان ئەم ستراتیژییە بە لەبەرچاوگرتنی پێداگریی باڵگەلێکی حکوومەت لەسەر تۆڵەسەندنەوە و ڕوانگەی شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن، پێکهاتەی ڕانتی و هەژمۆنیی بەربڵاوی سپای پاسداران و دامەزراوەکانی سەر بە بەیتی ڕەهبەری لە ئابووریی وڵاتدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لەژێر گوشاری واقیعیی شەڕ و نەگونجانی بونیادی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ درێژەدان بە سیاسەتی شەڕانگێزی، ناکۆکی لەسەر ئەم دوو ستراتیژییە جیاوازە بووەتە تەوەری سەرەکیی ململانێ و کێشمەکێشەکانی باڵ و باندەکانی ناو حکوومەت لەم قۆناغەدا. فەرماندەکان و کادری نوێی سەرکردایەتیی سپای پاسداران کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بڕیاردانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، لە هەمان کاتدا کە هێرشبەرانەتر بەرەنگاری ئەمریکا دەبنەوە، توانای دانوستانی ڕاستەوخۆ و سازشکردنیشیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.

سەرەڕای ئەمەش، گۆڕانکاری لە ستراتیژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ دانوستان و سازش لەگەڵ ئەمریکا لەژێر گوشاری چەقبەستوویی شەڕ و مەترسیی داڕمانی ئابووریدا، بە هیچ شێوەیەک بە مانای کرانەوەی فەزای سیاسی لە کۆمەڵگای ئێراندا نابێت. لەو کاتەشدا توندبوونەوەی سەرکوتگەری وەک پایەی سەرەکیی ستراتیژیی مانەوە و تاکتیکی سەرەکی ڕژیمی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە. درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و بەتایبەتی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناڕازییانی دۆسیەی مەیدانی عەلیخانیی ئیسفەهان و جێبەجێکردنی هەندێک لەم سزایانە، و دەرکردنی سزای قورسی زیندان دژی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری و هونەرمەندان، دەرخەری درێژەکێشانی هەر ئەم ڕەوتەیە. بەڵام سەرەڕای توندبوونەوەی سەرکوتی سیاسی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دوو دیاردەی حیجابی ئیسلامی و زۆرەملێ و ئازادییە کولتوورییەکاندا بەناچاری و لە ڕووی داماوەییەوە پاشەکشە دەکات و چاوپۆشییان لێ دەکات. ئەم گۆڕانکارییە سەرچاوەی لەو ڕاستییەوە گرتووە کە کۆمەڵگای ئێران لەژێر پێستی سەرکوتی خوێناویی کۆماری ئیسلامیدا، گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی تێپەڕاندووە. ڕووکردنی بەربڵاوی ژنان بۆ خوێندنی باڵا و چوونیان بەرەو بازاڕی کاری نافەرمی، ئامادەبوونی پڕجۆش و بەرچاویان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا و بەتایبەتی ڕۆڵگێڕانی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، تێڕوانینی چین و توێژە جیاوازەکانی سەبارەت بە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا گۆڕیوە. کۆمەڵگا لە ڕووی کولتووریشەوە دەمێکە کولتوور و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی ئالنگاری کردووە و تێیپەڕاندووە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی حیزبوڵڵاییەکان لە ژنانی بێ‌حیجاب و دروستکردنی کۆت‌وبەند بۆ چالاکییە کولتوورییە پێشڕەوەکان، ناتوانێت مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە بە درێژەدان بە شەڕ و نە بە گرتنەبەری ڕێگەی سازش لەگەڵ ئەمریکا، ناتوانێت بە بەڵێنیی کۆتاییهاتنی گەمارۆکان، ئازادبوونی پارە بلۆکەکراوەکان و کرانەوە لە ژیانی ئابووریی خەڵکدادۆخی چاوەڕوانی و دەستەوەستانی لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا پەرە پێبدات. کۆمەڵگا ناچێتە قۆناغێکی چاوەڕوانییەوە، ململانێ چینایەتییەکان توندتر دەبنەوە و درزە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەبنەوە. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی نا بۆ لەسێدارەدانو بزووتنەوەی دادخوازی ولەم ساڵانەدا لە نەبەردێکی سەنگەر بە سەنگەردا دەستکەوتگەلێکیان بەدەستهێناوە کە شەڕ و سەرکوت نەیتوانیوە لەناویانببات. پەروەردەبوونی شەپۆلێکی تاڕادەیەک بەربڵاو لە ڕێبەرانی چەپ و ڕادیکاڵ لە ناخی ئەم خەباتانەدا و ئاستێک لە ڕێکخراوبوون، ئەو دەستکەوت و سەرمایە ستراتیژییانەن کە ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بە پشتبەستن پێیان بەردەوامیی خۆیان دەپارێزن. بۆیە هەروەک چۆن ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشینان و بزووتنەوەی نا بۆ سێدارەلەم هەلومەرجە جەنگییەدا نیشانیان داوە، بەردەوامی و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بابەتێکی حاشاهەڵنەگر و حەتمییە.

ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە و بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم شەڕە لەسەر کار و ژیان و بژێوی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ئاڵتەرناتیڤ و ڕەوتە ڕاستڕەوە شەڕانگێزەکانی وەک پاشایەتیخوازەکان و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی بێ‌ئیعتیبار کرد و ماهییەتی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی لە کوردستان کە بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ساتژمێریان دەکرد، یان ئەو ڕەوتەی کە لەژێر ناوی چەپ و کرێکاردا هیوای بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەردەوامیی بۆردومانەکانەوە خواستبوو، زیاتر بۆ خەڵکی ئێران ڕوون کردەوە. بەپێچەوانەی هەڵوێست و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازییەوە، ئەزموونی ئەم شەڕانە نیشانی دا کە وەهمی گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریلە ڕێگەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە تا چ ڕادەیەک پووچ و بێ‌بنەمایە و بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە.

ئەم شەڕە هەروەها سروشت و ماهییەتی کۆنەپەرستانەی هەڵوێست و کارکردی هێزەکانی چەپی میحوەری موقاوەمەتی (کە بەداخەوە لە هەندێک حاڵەتدا هەندێک لە هێز و کۆڕ و کۆمەڵە چەپە ڕادیکاڵەکانیش لەژێر ناوی کۆمۆنیزمدا کەوتنە نێو تەڵەکەیەوە) زیاتر لە جاران ئاشکرا کرد. هێزەکانی چەپی میحوەری موقاوەمەت، ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە و شەڕانگێزیی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی سەرمایە و ئیمپریالیزم دەناسێنن. چەپی میحوەری موقاوەمەت بە بەرگریکردن لە کارنامەی پڕ لە تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و لە پشتیوانیکردن و پڕچەککردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناسراو بە میحوەری موقاوەمەت، لە ڕاستیدا گرێدراویی قووڵی خۆیان بە ناسیۆنالیزم و مەزنخوازییە سووکایەتیپێکراوەکەی سپای پاسداران و لە هەمان کاتیشدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێراندا نیشان داوە.

لە بەرامبەر ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە و بەرەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی شەڕانگێز و چەپی میحوەری موقاوەمەتی لایەنگری ڕژیمی ئیسلامیدا، ڕیزی حیزب، ڕێکخراو و هێزە کۆمۆنیست و چەپ و شۆڕشگێڕەکان و هێزێکی گەورەی چەپی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ قەراریان گرتووە، کە بە ئاشکراکردنی ماهییەتی سەرمایەدارانەی ئەم شەڕە و ئامانجەکانی هەردوولا و ئاکامە وێرانکەرەکانی لەسەر ئاسایش و کار و ژیان و خەباتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، جەختیان لەسەر زەروورەتی توندکردنەوەی خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کردەوە. کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک ئەندامێکی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و لە ئاستی سەرتاسەریدا، لە بەرگریکارانی شێلگیری ئەم سیاسەتە کرێکاری و سۆسیالیستییەن لە بەرامبەر شەڕدا. بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئێران بە پشتبەستن بە هەر ئەو هەڵوێستەی کە لە گۆشەنیگای بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە لە بەرامبەر ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا گرتییەبەر و ئەو کارنامە درەوشاوەیەی کە لە بواری کاری ڕۆشنگەری سەبارەت بە ماهییەتی ئەم شەڕە لەخۆی بەجێهێشت، دەبێت بەدەم ئەرکەکانییەوە بچێت لە قۆناغی داهاتوودا.

بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسەنگاندنی سەرەوە و لەبەر ئەوەی بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی بێکاری، بەرزبوونەوەی سات بە ساتی نرخی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانەی خەڵک، قەیرانی کەمبوونی ئاو و وزە و توندیی ئەو هەژاری و نەهامەتییەی کە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا سەپێندراوە و بێتوانایی دەوڵەت لە کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە، زەمینە بابەتییەکانی بەردەوامیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بەهێزیی خۆیان ماونەتەوە، لەم قۆناغەدا گرنگترین ئەرکی ئێمەی سۆسیالیست پەرەپێدانە بە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکانی دیکە و یارمەتیدانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوەگەلە و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری. هەر لەم پێناوەدا، دیاریکردنی وردی دروشمە تاکتیکییەکان خاوەنی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەن، چونکە جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا لە دەوری ئەو دروشمانە کۆدەبنەوە کە ڕەگیان لە پێداویستییەکان و ژیانی واقیعیی ئەواندا داکوتاوە. خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، پێداگری لەسەر خواستەکانی وەک تەندروستی و چارەسەریی بێبەرامبەر، خوێندنی بێبەرامبەر، بیمەی بێکاری لە جەرگەی شەڕ و ئەو هەژاری و نەهامەتییەدا کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویەتی، خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتین. یان دروشمەکانی وەک زیندانیی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت، سزای لەسێدارەدان دەبێت هەڵبوەشێتەوە، ئەو دروشمانەن کە جەماوەری‌بوونیان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پاشەکشەپێکردنی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێت. هەروەها دروشمە ستراتیژییەکانی ئازادی، یەکسانی، بەڕێوەبردنی شۆرایییان نان، کار، ئازادی، بەڕێوەبردنی شۆرایی، ئەو دروشمانەن کە لە هەمان کاتدا ئامانجگەلی شۆڕشگێڕانە و خەبات بۆ سۆسیالیزم بە کردەوەی سیاسی و خەباتی ڕۆژانەوە گرێ دەدەن و وێنای چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە قۆناغی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ڕوو، و سنوورێکی لێبڕاوانەش لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کە خوازیاری دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسین لەسەرووی ئیرادەی جەماوەرەوە، دیاری دەکەن.

لە کوردستان، گرنگترین ئەرکی ئێمە یارمەتیدانی ئامادەکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییە هەنووکەییەکانی ئەم قۆناغە و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. ئەم دەرفەتانە نە بە هیوابەستن بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و نە لەو ڕێگا چەوتەی کە حیزبە ناسیۆنالیستە شەڕانگێزەکان لە کوردستان خستوویانەتە بەردەم خەڵکی کوردستان، بەڵکوو تەنها لە ڕێگەی هاندان و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی شەڕ و گرانی، بێکاری، کەمبوونی ئاو و کارەبا، دژی کوشتاری کۆڵبەران و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانەئارای دروشم و تاکتیکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییە واقیعییەکانی ئەم قۆناغە دەخولقێنرێن. لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانەیە کە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە و پێکەوەگرێدانی تۆڕی چالاکان و ڕێکخەران لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا دەڕەخسێت. چالاکانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی دیکە، تەنها بە ڕۆڵگێڕان لەم ڕێڕەوەدایە کە دەتوانن ئەرکە قورس و چارەنووسسازەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا بە جێ بێنن.

تەنها بە وەڕێخستن و بەرفراوانکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و ئەو بێمافییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی، دەتوانرێت دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەکان، بنکەکان، شۆراکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گوندەکان و گەڕەکەکانی شارەکان و پێکهێنانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکاندا بڕەخسێندرێت. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەر چەشنە بۆشاییەکی کارگێڕی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە لە ئەنجامی لاوازیی حکوومەتی ئیسلامی لە هەر هەلومەرجێکدا دروست دەبێت، بە بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە جەماوەرییەکان پڕ بکرێتەوە. تەنها بە دروستکردنی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ باشتربوونی هاوسەنگیی هێزدا، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستان دەتوانن لە خوارەوە و بە پشتبەستن بەم دامەزراوانە، ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.

لەم قۆناغەدا پەرەپێدانی ڕێکخستنە حیزبییەکانی کۆمەڵە نە لە ڕێگەی خشت لەسەر خشت دانان، بەڵکوو لە ڕێڕەوی ڕۆڵگێڕان لە وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و یارمەتیدان بە ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانەوە تێدەپەڕێت.

لە پێناو هەر ئەم ئاراستە و ئەرکانەدا و بە پشتبەستن بە ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە، دەبێت زیانبەخشیی هەڵوێست و سیاسەتی شەڕانگێزانەی ناوەندی هاوپەیمانیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی شەڕخواز لە کوردستان و کۆڕ و کۆمەڵە لایەنگرەکانیان کە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خوازیاری درێژەکێشانی شەڕ و بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکان، بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. ئەم شەڕە بە ڕەهەندەکانی بێکاری، گرانی و هەژاری و نەهامەتییەک کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و بە پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، گەورەترین زەبری لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە. سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان جگە لەوەی کە ڕیشەی لە بێباوەڕیی قووڵی ئەوان بە هێزی مێژووسازی خەباتی جەماوەردایە، خەڵکیش لە چاوەڕوانیی هێزی ڕزگاریدەری دەرەوەی سنوورەکاندا دەهێڵێتەوە. ئەم سیاسەتە زەربە لە هێزی هاوپشتیی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری دەدات، کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیزیاتر لە هەر کاتێک قایمتر و پتەوتری کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان گرێدراوی قایمکردنی هاوپشتیی ئەم بزووتنەوەیەیە لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی سەرتاسەری بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە، هەروەک ئەزموونەکانی پەلامار و دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق، لیبیا وجارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم دەستێوەردانانە نە لە ئێران و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیادا جگە لە کوشتار و کاولکاری و هەژاری و گرانی و پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ ئاکامێکی دیکەیان لێ نەکەوتووەتەوە.

پێویستە سەبارەت بە تاکتیکی ناردنی یەکەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا، هۆشداری بدرێتە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان. گرتنەبەری ئەم تاکتیکە لە هەلومەرجی میلیتاریزەکراوی کوردستاندا، دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە بە لەداوخستن و کوشتاری پێشمەرگەکان، هێز و توانای پووشاڵیی خۆی بە چاوی خەڵکدا بداتەوە و حزووری پێشمەرگەکان بکاتە بیانوویەک بۆ توندکردنەوەی میلیتاریزم و ڕەشبگیرییە بەربڵاوەکان، توندکردنەوەی سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی فەزای شارەکان بۆ چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم تاکتیکە لە هەلومەرجی ئێستادا خاوەنی هۆگرایەتیی جەماوەری نییە و بەتەواوی زیان بە ئیعتباری خەباتی چەکداری لە کوردستان دەگەیەنێت. مەشرووعییەتی بێ‌چەندوچۆنی خەباتی چەکداری لە خەبات دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، کە نزیکەی نیو سەدەیە دژی خەڵکی کوردستان شەڕی ڕاگەیاندووە و کوردستانی میلیتاریزە کردووە، هەرگیز هەموو تاکتیکێکی نیزامی لە هەموو هەلومەرجێکدا پاساو ناکات.

لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشە مووشەکییەکان و هێرشە نیزامییەکانی دژی کەمپ و بنکەکانی حیزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەرانی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان درێژە پێبدات، گرتنەبەری سیاسەتێکی چالاکانە و مەحکوومکردنی ئەم هێرش و تاوانانەی کۆماری ئیسلامی و بەرگریکردن لە گیان و ئاسایش و ئازادیی چالاکیی سیاسیی ئەم هێزانە، هەروا بەردەوام وەک بەشێک لە ئەرکەکانی کۆمەڵە دەمێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامی بە چالاککردنی بەکرێگیراوە خۆجێییەکان لە کوردستان و ئەگەری بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، توندکردنەوەی فەزای تیرۆر و دووبەرەکی‌نانەوەی نەتەوەیی و ئایینی کردووەتە مەترسییەکی جدی کە دەبێت بە هۆشیاریی تەواوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. بۆ نموونە، نابێت ڕێگە بدەین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرستانی خۆجێیی درز و دووبەرەکی بخەنە نێوان نەتەوەکانی کورد و تورک و ئەم درزانە بکەنە زەمینەی تێکهەڵچوون و پێکدادان. دەبێت هەر لەمڕۆوە بە پەرەپێدان و تەبلیغکردنی ڕۆحی یەکێتی و هاوپشتی لە نێوان خەڵکدا، لە هەر نەتەوە و ئایینێک بن، زەمینەی سەر‌هەڵدانی ئەم درز و دووبەرەکییانە لەناوببەین.

دەبێت بە تەبلیغی بەردەوام بۆ ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتداریی شۆرایی، دڵنیایی بدرێتە خەڵکی کوردستان کە دەسەڵاتی شۆرایی و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە پرۆسەی یاسادانان و کاروباری جێبەجێکردندا، بە باشترین شێوەی مومکین زەمینەسازی بۆ هێنانەدیی ئازادییە بێ‌مەرجە سیاسییەکان، یەکسانیی تەواوەتیی ژن و پیاو، و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و فێرکردن، دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانو مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکات. تەنها لەژێر دەسەڵاتی شۆرایی و بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی تاکەکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی کۆمەڵگادایە، کە پرسی نەتەوەیی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا چارەسەر دەکرێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی دەهێنرێت.

چڕکردنەوەی چالاکییەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە و چالاکانی کۆمەڵە لە ناوخۆ، بانگەشەی سیاسی و سەرجەم چالاکییە میدیاییەکان، تەلەڤیزیۆن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکراوە و ماڵپەڕەکان، دەبێت بەپێی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە لە خزمەت بەرەوپێشبردنی ئەم ئاراستە و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەرەوەدا بێت.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥

٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦