فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی پلێنۆمی ٨ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەرکی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان (بەشی دووهەم)
سێشەممە ۲۳-۱۱-۱۴۰۳   |  11-02-2025

لە کاتێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی گەیشتووەتە بنبەست، هەموو باڵەکانی دەسەڵات ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینن. چوونە سەری ٢٠٠%ی بوودجەی هێزە ئەمنییەکان و ئۆرگانەکانی سەرکوت لەژێرناوی بردنەسەری بوودجەی بەرگریی وڵات، تەرخانکردنی سەدان ملیارد تمەن بە گەڵاڵەی کۆنەپەرستانە و دژەژنی کلینیکەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەدحیجابی، پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام بەتایبەت ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕوونی پێگەی سەرکوت لە ستراتێژی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیشان دەدات. بەڵام ئەزموونی هەموو حکوومەتە دیکتاتۆرەکان و ئەزموونی ڕووخانی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریە جارێکی تر نیشانی دا کە بە پشتن بەستن بە ستراتێژی سەرکوت ناتوانن حکوومەتە ئیسلامییەکەیان لە ڕووخان ڕزگار بکەن.

لەژێر فشاری قەیرانەکان و بنبەستێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێیدا گرفتار بووە، ئەگەری زۆرە سەرانی ڕژیم و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران، خۆیان بۆ سازشێکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئامادە بکەن. سازش لە هاوسەنگییەکی هێزدا کە ڕژیم ئامرازی فشاری “میحوەری موقاومەت”ی لەدەستداوە، بێتوانابوونی لەبواری دیفاع کردن لە خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل ئاشکرا بووە و لە ناوەوەی ئێرانیش لەگەڵ گرفت و ئاستەنگیی زۆر بەرەوڕوو بووەتەوە.

لەگەڵ دەستپێکی قۆناغی دووهەمی سەرۆک کۆماریی ترامپ لە واشینگتۆن، ڕاستترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە ئومێد بەستن بە دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بەردەوام یەکێک لە بنەماکانی ستراتێژییان بووە، چاوی هیوایان لە فشاری زۆرینەی ترامپ بڕیوە و جموجۆڵێکی تازەیان تێکەوتووە. ئەمانە لە کاتێکدا ترامپ ئەم هێما دژەژن و دژەپەنابەرە بە قارەمانی ئاشتیی پایەدار و پشتیوانی ئازادی، ئاشتی و سەقامگیری لە ئێران و کوردستان پێناسە دەکەن کە ئەزموونی لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان و عێراق و ڕووخاندنی ڕژیمەکانی تاڵەبان و سەدام، لەسەر کار لابردنی قەزافی لە لیبی بەزەبری فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ناتۆ، بێجگە لە وێرانی، ئاوارەیی، ناسەقامگیری و هەژاری و پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسیی توندڕەو، ئاکامێکی تری نەبووە.

بەڵام بەشی سەرەکیی ئۆپوزیسیۆنی بورژوازیی ئێران لە توێژێکی بەرین و ڕەنگاوڕەنگ لە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلار، واتە لە سێکۆلار دێموکراتەکان و نێئۆلیبڕاڵەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا پێکهاتووە. ئەم بەشە لە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی بە پشت بەستن بە ئاراستەی ڕاستی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ستراتێژیی خۆی بەڕێوەدەبات و لە کوردستان حیزبە ناسیۆنالیستەکان بە پایەی نفووزی خۆیان دەزانن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن بە ئیعتباری هەر ئەم پایە کۆمەڵایەتییەی کە هەیانە، ڕەقیبی سەرەکیی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستین لە خەبات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا. خاڵی لاوازی ئەم بەشەی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی ئێران بەرنامە ئابوورییەکانیانە. ئەوان لە کاتکێدا دەیانهەوێ بە پەیڕەوکردنی مۆدێلی ئابووریی نێئۆلیبڕالیسم، موناسباتی سەرمایەداریی ئێران بپارێزن و بەڵێنی گەشەی ئابووری دەدەن، کە حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بە پشت بەستن بە هەمان موناسباتی چینایەتی و بە هەمان مۆدێلی دڵخوازی ئەوان هێزی کاری بەردەوام هەرزان کردووە و نان و کاری و ئازادی و ژیانی ئینسانەکانی زەوت کردووە. بەرنامەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەشەی ئابووریی ئێران، پەرەپێدانی چەوساندنەوە و هەرزانکردنی هێزی کار و بێ مافیی کرێکاران و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی جیهانی بە پشتیوانیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوایە. ئەوان دەیانهەوێ حکوومەتێکی سەرمایەداری و دیکتاتۆری غەیرە دینی بخەنە جێگای حکوومەتی ئیسلامی. بەڵێنی درۆینەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن سەبارەت بە ئازادیی سیاسی و خۆشبژێوی و یەکسانیی ژن و پیاو، لە بنەڕەتەوە ناتەبایە لەگەڵ بەرنامەی ئابووری و ستراتێژی ئەوان بۆ پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایەکی بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و حکوومەتی لەپێش نییە. لە وەها هەلومەرجێکدا، نە تەنیا ئەزموونی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١، بەڵکوو ئەزموونی هەموو شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم و ئاخێزە ئینقلابییەکانی سەدەی بیست و یەک نیشانیان داوە کە لە بارۆدۆخی ئەمڕۆی ئێراندا مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وێڕای گەڵاڵەکردنی ئەو داخوازییانەی کە بوونەتە بڕبڕەی پشتی مانگرتنی گشتی و سیاسی، گونجاوترین ڕەوتی پێشڕەوەیی خەبات بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە. بزووتنەوەی کرێکاری بۆ دابینکردنی ڕێبەریی خۆی لەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی، پێویستە بە پشت بەستن بە هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی چینایەتیی خۆی پێداویستییەکانی فەراهەم بکات. بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران کە ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەبەن دەتوانێ بەستێنێکی زۆر گونجاو بێت بۆ فەراهەم کردنی ئەم پێداویستییانە. چینی کرێکار لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە بەتایبەت لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نەسلێک لە ڕێبەرانی پەروەردە کردووە و هێناوەتە مەیدان. بە پێکهێنانی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی چرۆی شۆراکانی جەماوەری و کرێکاریی بەهێز کردووە و گەشەی پێداون. لەو جێگەوە کە دیواری چین لە نێوان کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و شۆرا کرێکارییەکاندا نییە، بە گەشەپێدانی زیاتری ئەم بوارە هاوسەنگیی هێز زیاتر بە قازانجی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆرا کرێکارییەکان دەگۆڕدرێت. لە قۆناغی گوزاری ئێستادا و هەتا پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان و لەپێناوی شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری پێویستە ئەو بەشە لە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری کە پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاردا هەیە، بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر ناوەندی وەک شۆرای هاوئاهەنگی  چالاکانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری پێکبێنن و لەم ڕێگەوە تا ئاستێک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکانی کرێکاران بۆ ڕێبەریی بزووتنەوەی کرێکاری پڕ بکەنەوە. لەبواری سیاسی و لەڕاستای دابنیکردنی پێداویستییەکانی بابەتی ڕێبەریدا، چینی کرێکار پێویستە جیا لە خواستە چینایەتییەکانی خۆی ئاڵای خواستە دیموکراتیکەکانی هەموو بزووتنەوە پێشڕەوەکانی ئێستای کۆمەڵگا لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی خەبات دژبە سزای ئێعدام، بزووتنەوەی ژینگەپارێزی، بزووتنەوەی دایکانی دادخواز و هیتر بگرێتە دەست. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی دیکە لەئاستی سەرتاسەریدا پێویستە هەر لەم ڕاستایەدا بابەتی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بخەنە ئەولەوییەتی چالاکییەکانیان.