فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار (١٤٠٤)
یەکشەممە ۱۶-۰۹-۱۴۰۴   |  07-12-2025

بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار بەرز ڕادەگرێت، کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین قۆناغی تەمەنیدا، لە گێژاوی قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست و پێ لێدەدات. قەیرانی ساختاریی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران، وێرانبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، ڕانتخۆری، گەندەڵیی دامەزراوەیی و پەرەسەندنی باندە مافیاییەکان لەنێو جەستەی دەسەڵاتدا، دەرەنجامی تووندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەڵئاوسان، گرانیی بێ‌وێنە و پەرەسەندنی بێکاری، قەیرانی لە کۆنترۆڵ دەرچووی ژینگە، هەموو ئەمانە دەوڵەتی بە ناو “ویفاقی میللی”ـی پزیشکیانی لە دابینکردنی نان و ئاو، کارەبا و هەوای پاکدا داماو و تووشی هەڵیت‌و‌پڵیت وتن کردووە. هاوکات شکستی سیاسەتی ستراتیژیی ناوچەیی و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت”، بنبەستی پڕۆژەی ئەتۆمی، تێکشکانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی و ناکارامەیی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ڕژیم لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا، یەکێکی دیکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ستراتیژیی مانەوەی ڕژیمی وێران کردووە و سەرانی ئەم ڕژیمەی تەنانەت لەنێو بەشێک لە ڕیزەکانی خۆیشیاندا لە “ئیعتیبار” خستووە و قەیرانی حکوومەتیی قووڵتر کردووەتەوە. لە دڵی ئەم ململانێ و کێشمەکێشانەدا، باڵەکانی دەسەڵات لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا و زلهێزە ئەورووپییەکان و هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا، ڕێکارێکی جیاوازیان گرتووەتە بەر. کادری ڕێبەریی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران، کە خامنەییش لە شرۆڤەی کۆتاییدا خۆی لەگەڵ هەڵوێستی ئەواندا ڕێک دەخات، لە سنووربەندی لەگەڵ سیاسەتی تەسلیم‌خوازانەی ئیسڵاح‌تەڵەبانی حکوومەتی و موقاوەمەتی زۆرینەی ئوسوڵگەراکان، لە هەوڵدایە تا دەستی بە “سازانێکی ئابڕومەندانە” لەگەڵ ئەمریکا ڕابگات. سپای پاسداران دەیەوێت لە ڕێگای دەستپێڕاگەیشتن بە “سازانی ئابڕومەندانە” و لابردنی گەمارۆکان، “ئیعتیبار”ی لەدەستچوو و سیمای تێکشکاوی ڕژیم نۆژەن بکاتەوە، ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ئێرانی لە پشت سەری خۆی بەسیج بکات و بە مودیرییەتی شەڕ و ململانێی باڵەکانی دەسەڵات، نیزامی ئیسلامی لە قەیرانی مان و نەمان بپەڕێنێتەوە و مانەوەی مسۆگەر بکات. باڵەکانی حکوومەت سەرباری هەڵوێستە جیاوازەکانیان لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا، بەڵام ڕوو لە خەڵک و دوژمنی ناوخۆیی شەمشێریان لە ڕوو بەستووە و لە دەوری ستراتیژیی “سەرکوت” وەک ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی، یەکگرتووانە هەنگاو دەنێن.  لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای ئەوەی کە ڕژیم هێشتا توانای سەرکوتی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی توانای وەڵامدانەوەی بە داخوازییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی نییە و کۆمەڵگاش بە سەرکوتگەرییەکان و شەپۆلی ئێعدامەکان چاوترسێن نەبووە، پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بووەتە ئامرێکی حاشاهەڵنەگر. ئاسۆی پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوانە کە دەتوانێت هاوکێشەکانی سەرەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت، سەرانی ڕژیمی خستووەتە نێو ترسێکی بەردەوام و کابووسی ڕووخانەوە.

لەسەر بەستێنی ئەم دۆخە، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر سەرکوتی پۆلیسی و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیدا، لە بواری خۆڕێکخستنیشدا پێشڕەوییان کردووە. بزووتنەوەی کرێکاری بە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ساڵدا و لەم نێوەندەدا مانگرتنە شکۆدارەکانی کرێکاران لە ناوەندە جیاجیاکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری، ڕۆڵی کۆمیتەکانی مانگرتن، کۆمیتەی کارگە و مەجامیعی گشتی لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتنانەدا، بە ڕوونی پێشکەوتن لە بواری ڕێکخراوبووندا نیشان دەدات. ژنان بە پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەسەر شەقام و بە بەشداریی چالاکانە لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا، نەک تەنیا سیمای شارەکانی ئێرانیان گۆڕیوە، بەڵکوو سیمای بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیشیان گۆڕیوە. هاوکات، بوونی توێژێکی بەرین لە چالاکان و ڕێبەرانی ڕادیکالی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە لە ڕەوتی ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەدا هاتوونەتە پێشەوە، ماتریالی ئینسانی و کادری لێهاتووی بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری فەراهەم کردووە.

لەم نێوەندەدا بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران بەو پێشینە درەوشاوەیەی کە لە خەبات دژی ڕژیمە سەرمایەدارییەکانی پاشایەتیی پەهلەوی و حکوومەتی هاری ئیسلامیدا هەیبووە، و ئەو ساتەوەخت و قۆناغە شکۆدارانەی کە لە شەڕ دژی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتیکردنی خوێندن و پادگانیکردنی ژینگەی فێرکاری تۆماری کردووە و ئەو پێگەیەی کە لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا بە ناوی خۆیەوە سەبتی کردووە، پێویستە هەرچی خێراتر قۆناغی پاشەکشە بۆ خەباتی پیشەیی (سێنفی) تێپەڕێنێت و وەک شاخەکە هەستیارەکانی هێزە کۆمەڵایەتییە مەزنەکان لە کۆمەڵگادا، ئەرک و پێشەنگایەتیی سیاسیی خۆی لەم قۆناغەدا بەجێ بێنێت. چونکە مێژووی بزووتنەوە خوێندکارییەکان نە تەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە ئاستی جیهانیشدا نیشانی داوە کە ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بە ئامادەبوونی لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات دژی هەڵاواردن و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و لە بەرگریکردنی لێبڕاوانە لە خواستی ئازادیخوازانە توانیویەتی ڕۆڵ بگێڕێت.

لە هەلومەرجی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە پێویستە داخوازییە دێموکراتیکەکان، لەوانە: ئازادییە بێ شەرت و مەرجە سیاسییەکان، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن و… بە پەیگیرترین و ڕادیکالترین شێوە نوێنەرایەتی بکات و پشتیوانییان لێ بکات. بەشی ڕادیکال و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بەرامبەر ڕەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بۆرژوایی و بەتایبەت لە بەرامبەر لیبڕالیزمی ئێراندا کە بە ستراتیژی دووری لە توندوتیژی و لەژێر ناوی سنووربەندی لەگەڵ توندوتیژیدا، دژایەتیی شۆڕش دەکات، تەنیا بە گەڵاڵەکردنی داخوازییە دێموکراتیکەکان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوەیە کە دەتوانێت ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنێت و پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ڕادیکالە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دروست بکات.

بەشی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لە تەنیشت ئەرکە ستراتیژییەکانی سەرەوە، پێویستە پەرەپێدانی جیهانبینیی کۆمۆنیستی و بەرگریکردن لە ئیعتیبار و زانستیبوونی ئەو جیهانبینییە و دەخالەتگەری لە چالاکی و ململانێ تیۆرییەکاندا -کە میکانیزمێکی کاریگەرە بۆ ڕاکێشانی سەمپاتیی جەماوەری خوێندکاران و پەروەردەکردنی کادرە سۆسیالیستەکان-، بە ئەرکی بەردەوام و هەمیشەیی خۆی بزانێت. لە هەلومەرجی ئێستادا بەرگریکردن لە سۆسیالیزم و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی گوتاری سۆسیالیستی لە بەرامبەر گوتاری لیبڕالیزمی بۆرژواییدا، دەتوانێت گەورەترین خزمەتی چالاکانی ڕادیکالی بزووتنەوەی خوێندکاری بێت بۆ وەلاخستنی یەکێک لە بەربەستە زهنییەکانی بەردەم پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری. سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری وەک لاوانی سەردەمی دیجیتاڵ، سەردەمی دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد و تەلەفۆنی هوشمەند، واتە سەردەمێک کە کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژیی دیجیتاڵ لە تەواوی جومگەکانی ژیانی مرۆڤدا باو و بەربڵاوە، پێویستە توانایی و داهێنانی خۆیان لە خزمەت بەرهەمهێنانی بابەت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەشکردنی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بواری ناساندنی ماهییەتی سیستەمی سەرمایەداری و ڕیشەکانی ستەم و هەڵاواردن و نایەکسانی لە کۆمەڵگادا و بۆ بەرگریکردن لە سۆسیالیزم و ڕزگاریی مرۆڤ بەکار بێنن. نابێ ڕێگە بدرێت کە چینی دەسەڵاتدار بە یارمەتیی ئایدۆلۆگەکانی و بە کەڵک وەرگرتن لەم تێکنۆلۆژییە، بە یەکلایەنە فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە خزمەت ئەندازیاریکردن و بەلارێدابردن و ژەهراویکردنی بیروڕای گشتی داگیر بکات.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی پێکهاتەکەیەوە بە شێوەیەکی سروشتی ئەو تواناییەی هەیە وەک هاوپەیمانی ڕێکخراوتری بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لاوان کە دژی گوشارە بەرینەی ئابوورییەکان، بێ‌مافییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئاستەنگییە فەرهەنگی و سیاسییەکان، گەڕەکی شارەکانی ئێرانیان کردووەتە مەیدانی ناڕەزایەتی دژی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆڵ بگێڕێت. هەر لەم ڕاستایەدا لەسەر چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستە کە خۆیان بە کەمپەین و هەڵمەتە ئانلاینەکان و پەیوەندییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سنووردار نەکەن، بەڵکوو پەیوەندییەکی چالاک لەگەڵ تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ، کە لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتییەکان لە گەڕەکی شارە جیاجیاکانی ئێراندا ڕۆڵ دەگێڕن، دروست بکەن. دامەزراندنی ئەم پیوندە زیندووانە و جێخستنیان، لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامییە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار و بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری، بانگەوازی چالاکانی ڕادیکال و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری دەکات بۆ تێکۆشانی بێ‌وەچان لەپێناو ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوەیە و پێکهێنانی پەیوەندیی بەرینتر لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

پیرۆز بێت ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەرماوەزی ١٤٠٤
نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv