
بەیانی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، بەرامبەر بە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦، ئەرتەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و هەماهەنگدا، چەندین شوێنیان لە شارە جیاجیاکانی ئێران کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و بۆردومان. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەر لە یەکەم ڕۆژی ئەم شەڕەدا و لە ئاکامی بۆردومانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە شاری “میناب”ی سەر بە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران، لانیکەم ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و بەپێی هەندێک سەرچاوە، تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون. لە بەرامبەردا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی خۆی. ئەم پەلامارە سەربازییانە بەدوای گواستنەوەی هێز و میلیتاریزە کردنی تەواوەتیی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە و لە کاتێکدا کە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی هەردوولا لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی شەڕی ئەمریکا و پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی ئەتۆمی بێئاکام مابووەوە، دەستی پێ کردووە.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ئەڵقەیەکی نوێیە لە زنجیرەی کێشمەکێشە ئیمپریالیستییەکان بۆ پێناسەکردنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی هەژمۆنی و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە، ڕێڕەوە ستراتیژییەکان و بازنەکانی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەک و پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە و بەشخوازی لە داڕشتنەوەی نەزمی ناوچەکە لەلایەکی ترەوە، جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. دەوڵەتی نیۆفاشیستی ترامپ کە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمی هاوسەنگیی هێزی دوای شەڕی جیهانیی دووەمی ژێرپێ خستووە و دوای جینۆساید لە غەززە و بە هاودەستی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، لەپێناو ئامانجە ئیمپریالیستییەکان و بەتایبەت لە کێبڕکێ لەگەڵ چین هەوڵ دەدات پڕۆژەی شکلپێدانی نەزمی ئیمپریالیستیی دڵخوازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرێتە پێشەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک گرنگترین پێگەی ئیسلامی سیاسی بە لەمپەرێک لەسەر ڕێگای جێبەجێکردنی نەخشەکانی خۆی دەزانێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش کە لەپێناو ستراتیژیی مانەوەی خۆیدا سەدان ملیار دۆلار لە سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی خەرجی پڕۆژە و بەرنامە ئەتۆمییەکان، پڕچەککردنی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت” و بەرزکردنەوەی جبەخانەی مووشەکی کردووە، ئەم شەڕە و تەنانەت ناوچەییکردنی شەڕەکە لە ڕاستای مانەوەی خۆیدا دەبینێتەوە.
ئەم شەڕە لە هەمان کاتدا لەسەر بەستێنی قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەکان لە ئێران ڕوو دەدات. کۆمەڵگایەک کە ساڵانێکە لەژێر گوشاری جێبەجێکردنی بەرنامە نیۆلیبراڵییەکانی سەرمایەداری، هەرزانکردنی هێزی کار، هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور و قوڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی و لەژێر سەرکوتی سازماندراوی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و چالاکانی دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە. هەلومەرجێکی لەو چەشنە، کۆمەڵگای بەشێوەیەکی بەرچاو زیانهەڵگر کردووە و دەرفەتی بۆ زلهێزە ئیمپریالیستەکان ڕەخساندووە تا لەم دۆخە کەڵک وەربگرن.
ئەم شەڕە وێرانگەرە لە کاتێکدا سێبەری خۆی بەسەر ئێران و ناوچەکەدا کێشاوە کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، لەژێر تیغی سەرکوتی ڕژیمی هار و دڕندەی کۆماری ئیسلامی و لەژێر گوشاری هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمەڵگای ئێران هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، چوار ڕاپەڕین و هەڵچوونی جەماوەری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بێوچانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای ئەزموون کردووە. هەر بۆیە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای کوشتاری سامناک و دڵتەزێنی ناڕازییان لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئەم دواییە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار و ئەو زەبروزەنگەی بەڕێوەی برد، نەیتوانی ترس بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. کۆمەڵگا بە خێرایی لە شۆک و سڕبوونی سەرەتایی تێپەڕی و خەم و تووڕەیی خۆی کردە وزەی هاوخەباتی و ناڕەزایەتی دژ بە پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی بەخاکسپاردن و بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووان، مەحکوومکردنی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگاوە، مانگرتنی سەرتاسەریی قوتابخانەکان و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە زانکۆ جیاوازەکان، ڕەنگدانەوەی ئەو کەشە گشتییە زاڵەیە بەسەر کۆمەڵگادا. لە تەواوی ئەم ماوەیەدا، سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ئەمریکا نە تەنیا یارمەتیدەری بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبووە، بەڵکوو لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا بووە.
لە هەلومەرجی ئێستاشدا، ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە نە تەنیا یارمەتی بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان نادات، بەڵکوو ئەم بزووتنەوانە پەراوێز دەخات. شەڕ هەرچەندەش کە “هۆشمەندانە” بێت و ئامانجەکانی ورد و لە پێشەوە دیاریکراو و بەناو “مرۆڤدۆستانە” بێت، وەک هەر شەڕێکی دیکەی کۆنەپەرستانە، کوشتار، وێرانکاری و ئاوارەیی لێ دەکەوێتەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم ڕاستییانە و دۆخی جەنگیدا، پاراستنی ئەمنییەت و درێژەدان بە ژیان دەبێتە ئەولەوییەتی یەکەمی خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەراوێز دەخرێن. بەدوای ئەوەشدا ئەولەوییەتی کاری چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ لەسەر کار و ژیان و ئەمنییەتی خەڵک دەبێتە سەردێڕی ئەولەوییەتەکانیان. ئاشکرایە کە لە وەها هەلومەرجێکدا چالاکانی سۆسیالیست و ڕادیکال و پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بەتایبەت چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری و لاوان لە گەڕەکی شارەکان، وێڕای ڕاگەیاندنی “نا”یەکی توند و لێبڕاوانە بەم شەڕە سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەیە، دەبێ لە هەر ڕێگەیەکەوە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی و هاوپشتی لەنێو خەڵکدا تێبکۆشن و بە ڕێکخستنی تیم و کۆمیتەکانی هاوکاری و یارمەتیدانی جەماوەری، زیان و ئازارەکانی شەڕ لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵک کەم بکەنەوە. لەم دۆخەدا، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت و دەبێ خەباتی ڕێکخراو بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توندتر بکرێتەوە. بەڵام دەبێ بەردەوام هۆشداری بە خەڵک بدرێت کە جارێکی دیکە فریوی فەرمان و بانگەوازەکانی ترامپ و ناتانیاهۆ و ڕەزا پەهلەوی نەخۆن. ڕاپەڕین بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جووڵەیەکی خۆبەخۆ نییە، بەڵکوو لوتکەی ڕێکخراوبوونی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و سەرتاسەرییە. ئەم کارە تەنیا بە ورە و ئیرادەی یەکگرتوو و هاوبەشی هەموو ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت. دەبێ بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیرادەیە بەردەوام و بێوچان هەنگاو هەڵبگیرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕادەگەیەنێت کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، درێژەی سیاسەتەکانی تاکوو ئێستایە و لە لایەن هەر دوو لاوە، شەڕێکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە. ئەم شەڕە نەک بۆ ئازادیی خەڵک، بەڵکوو لە ڕاستای بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیک و ئابوورییەکانی زلهێزەکان بەڕێوە دەچێت. ئێمە هەرچەشنە هەوڵێک بۆ بەڕەوا نیشاندانی دەستێوەردانی دەرەکی بە ناوی “پشتیوانی لە خەڵک” ڕەت دەکەینەوە. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە ڕزگاریی جەماوەری خەڵک لە ڕێگای هێرشی مووشەکی و بۆردومانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانەوە بەدەست نایەت. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق تا سووریە و لیبی بە ڕوونی دەریخستووە کە دەستێوەردانە سەربازییەکانی زلهێزەکان، جگە لە وێرانکردنی ژێرخانەکان، پەرەسەندنی هەژاری، ناسەقامگیریی درێژخایەن و بەهێزکردنی هێزە کۆنەپەرستەکان، دەسکەوتێکی بۆ خەڵک نەبووە. لە هەمان کاتدا نابێ ڕێگە بدرێت ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی کە لایەنێکی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، بە بیانووی بەرگری لە وڵات لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکیدا، کەشی کۆمەڵگا ئەمنیەتی بکات و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان پەراوێز بخات.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، بانگەوازی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەکات بۆ پەرەپێدان و توندکردنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و داوا لە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ بابەتی ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری پەرە پێ بدەن. تەنیا بە پەلەکردن و چڕکردنەوەی هەوڵ و خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە شەڕی ئەم ڕژیمە جنایەتکارە ڕزگار بکرێن، هەوڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوایی و ڕاستڕەوەکان بۆ بەدیلسازی لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەر پووچەڵ بکرێتەوە و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێتەوە.
نا بۆ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤
٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە