
٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، وەبیرھێنەرەوەی ڕاستییەکی مێژووییە؛ پرسی ژن بابەتێکی پەراوێزی نییە، بەڵکوو گرێیەکی ناوەندییە لە پێکهاتەی چەوسانەوەی چینایەتیدا. لە یەکەمین مانگرتنەکانی ژنانی کرێکاری چنینەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ، خەباتی ژنانی کرێکار دژی هەڵاواردن، کولتووری باوکسالاری و پیاوسالاری و ستەمی ڕەگەزی و جێندەری، هەمیشە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ خەبات دژی سەرمایەداری هەبووە. ستەم لە ژن لە فۆرمە مۆدێرنەکەیدا، لەگەڵ لۆژیکی کەڵەکەی سەرمایە، دابەشکاریی ڕەگەزیی کار و بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار تێکەڵاوە. لە وەها پێکهاتەیەکدا، کاری ناوماڵ و چاودێریکردنی ئەندامانی خێزان لەلایەن ژنانەوە کە ستوونی شاراوەی ئابوورییە، بە بێبایەخ ئەژمار دەکرێت و وابەستەییی ئابووریی ژنان وەک بابەتێکی سروشتی نیشان دەدرێت. بەم چەشنە، پیاوسالاری سازوکارێکی مادییە بۆ پاراستنی نەزمی دەسەڵات و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی. بۆیە ڕزگاریی ژن بەبێ گۆڕانی ڕیشەییی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە زاڵەکان مومکین نییە.
لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە هێڵی پێشەوەی بەرگری و خەبات دژی ئەم هەڵاواردن و نایەکسانییانە وەستاونەتەوە. لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان دژی توندوتیژیی ڕەگەزییەوە بگرە تا مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ژنانی کرێکار لە کەرتەکانی دەرمان، پەروەردە و خزمەتگوزاریدا، ڕەوتێکی عەینی دەبینرێت: ژنان تەنیا قوربانییانی سیستەمی مەوجوود نین، بەڵکوو سووژەی گۆڕانکارین. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرمایەداریی جیهانی هەوڵی داوە خەباتی ژنان لە چوارچێوەگەلێکی بێخەتەر بۆ نەزمی مەوجوود، هەرس بکات و پووچەڵی بکاتەوە. بەڵام بۆ ژنێکی کرێکار لە کارخانەکانی باشووری جیهانی یان بۆ پەرستار و مامۆستایەک کە بە گرێبەستی کاتی و کرێی نایەکسان کار دەکات، مەسەلەکە ئەو زەمینە لەرزۆک و خلیسکەیە کە ژیان و بژێویی ئەوانی لەسەر ڕاگیراوە و هەر ساتێک مەترسیی هەرەسهێنانی لێ دەکرێت.
لە ئێران، توندوتیژی دژی ژنان لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێوە بگرە تا سنووردارکردنی مافی جیابوونەوە (تەڵاق)، سەرپەرشتیی منداڵ، لەباربردنی منداڵ، هەڵبژاردنی جلوبەرگ، پەیوەندیی عاتفی و بڕیاردان لەسەر منداڵ بەدنیا هێنان، بەشێکە لە سازوکاری بەرهەمهێنانەوەی ئەم نەزمە. لەشی ژن لە وەها نەزمێکدا هیی خۆی نییە، بەڵکوو وەک بابەتی کۆنتڕۆڵی خێزان، دەوڵەت، ئایین، مەزهەب یان دابو نەریتی کۆمەڵایەتی چاوی لێ دەکرێت. ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤، لە درێژەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا کە ژنان تێیدا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو و سیمای شارەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیان گۆڕی، جارێکی تر ڕۆڵی کارای ژنانی لە خەباتە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاشکرا کرد. سەرکوتی خوێناوی، دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکان و ڕاپۆرتی بوونی پەنجا تەرمی ژنی بێناونیشان لە کەهرێزک، وێنەیەکی هەژێنەری لە ماهییەتی دژەژن و سەرکوتگەری دەسەڵات خستە ڕوو. بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە مافی ناسینەوە و پرسەگێڕان، درێژەی هەمان سیاسەتی سڕینەوە و بێشوناسکردنە کە ژنانی ناڕازی تەنانەت دوای مەرگیش دەکاتە ئامانج.
لە بەرانبەر ئەم سیستەمە ئاپارتایدە ڕەگەزییە و لە بەرانبەر ئەم سەرکوتە بێسنوورەی حکوومەتی ئیسلامیدا، ڕاستی ئیفراتیی سەڵتەنەتخواز بە ئەدەبیاتێکی لێواولێو لە سووکایەتیی ڕەگەزی و بێڕێزی بە ژنانی چالاکی سیاسی، عەمەلەن هەمان فەرهەنگی پیاوسالارانە و “لومپەنی” بەرهەم دەهێننەوە کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرە حکوومەتییەکەیەتی. ژن لە گوتاری ئەواندا یا ئامرازێکی تەبلیغاتییە یان بابەتی پەلامار و تەخریب. ئەم ڕوانگەیە درێژەی هەمان لۆژیکی دەسەڵاتە لە فۆرمێکی دیکەدا.
لە پەنای ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستەدا، ئاراستەیەکی دیکەش هەوڵ دەدات خەباتی ژنان بەرەو ڕێڕەوێکی بێخەتەر بۆ سەرمایەداری بەڕێ بکات. فێمینیزمی لیبڕاڵ، ئەم ڕوانگەیە، پرسی ژن بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ نایەکسانییە یاساییە تاکەکەسییەکان و کەمیی نوێنەرایەتی لە ئاستەکانی سەرەوەی دەسەڵات کورت دەکاتەوە؛ گۆیا ئەگەر ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان بگەنە پلەی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکان یان پارلەمان، کێشەی ڕزگاری چارەسەر دەبێت.
فێمینیزمی لیبڕاڵ، بە ئاگاییەوە یان بێئاگایی، چوارچێوەی خاوەنداریەتیی تایبەت و لۆژیکی بازاڕ بە مەفرووز وەردەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، یەکسانی بە واتای دەستڕاگەیشتنی یەکسانە بە کێبڕکێ لەنێو پێکهاتەیەکی نایەکساندا. تا کاتێک کە کاری کرێگرتەی چەوسێنەرانە، دابەشکاریی ڕەگەزیی کار و بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرپا بێت، زۆرینەی ژنان لە پێگەی ژێردەستەدا دەمێننەوە. ڕزگاریی ژن نە لە “پشکبەندیی دەسەڵات”، بەڵکوو لە گۆڕینی بنەماکانی ئەو دەسەڵاتەدایە. هەر بۆیە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن کاتێک دەتوانێت ببێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە کە لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک گرێ بدات. ئەرکی ئێمە، دروستکردنی پردێکە لەنێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی. ٨ی مارس وەبیرھێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئازادیی ژن نە دیاریی دەوڵەتەکانە و نە بەرهەمی کێبڕکێی زلهێزە جیهانییەکان. ئەم ڕزگارییە لە دڵی خۆڕێکخستنی ئاگایانە، خەباتی چینایەتی و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەدایک دەبێت.
ئێستا کە لە درێژەی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەپاندنەوەی هەژموونیی خۆی بەسەر جیهاندا و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ سەقامگیرکردنی نەزمە دڵخوازەکەی و میلیتاریزەکردنی تەواوەتیی ناوچەکە و هەڕەشەی شەڕ، لەلایەک و پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی لەلایەکی دیکەوە، شەڕێکی وێرانگەر دەستی پێ کردووە و گیان و ئەمنییەت و بژێویی خەڵکی ئێران و ناوچەکەی خستووەتە ژێر چنگی خۆیەوە؛ بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی، لە سەڵتەنەتخوازانەوە بگرە تا ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک و هەندێک لە حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کورد، بە ئاشکرا پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و ئەم جەنگە وەک «ڕێگەچارە» تەبلیغ دەکەن. ئەم ڕوانگەیە، خەڵک دەکاتە مەیدانی کێبڕکێی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و چارەنووسیان بە موحاسەباتی جیۆپۆلیتیکەوە گرێ دەدات. جەنگ ئامرازی ڕزگاری نییە. بۆمباران و گەمارۆی ئابووریی ئیفلیجکەر، ئازادی و دادپەروەری ناهێنن؛ بەڵکوو زەمینەی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و ئیستبداد خۆش دەکەن. ڕزگاریی کۆمەڵایەتی تەنیا لە دڵی خۆڕێکخستنی سەربەخۆ و خەباتی ئاگایانەی خەڵکەوە مومکینە. هەروەک چۆن ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە نیشانی داوە کە جەنگ و “ئازادکردن” لە دەرەوە، نەک هەر نەبووەتە هۆی ئازادیی پایەدار، بەڵکوو بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانەکانی ژیان، پەرەسەندنی هەژاری، پەراوێزخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و پێشکەوتنخوازەکان و بەهێزبوونی هێزە کۆنەپەرستەکان. ژنان، منداڵان و توێژە بندەستەکان یەکەمین قوربانییانی وەها سیناریۆگەلێکن.
ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە هەروەک چۆن پێشبینی دەکرا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی پەراوێز خستووە. ئێستا مەینەتییەکانی ناشی لەم جەنگە، کوشتار، وێرانکاری و ئاوارەیی و هەژاری و گرانی، هەموو پرسەکانی دیکەی خستووەتە ژێر سێبەری خۆیەوە. بێگومان لە وەها هەلومەرجێکدا هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی یەکگرتوویی و هاوپشتی لەنێوان خەڵک، ڕێکخستنی تیم و کۆمیتەکانی ھاوبەشی و یارمەتیی جەماوەری بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵک، لە ئەولەوییەتی چالاکانی سۆسیالیست و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بەتایبەت چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری و لاوان لە گەڕەکی شارەکاندا قەرار دەگرێت. لەم هەلومەرجەدا هەرچەند کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت، بەڵام ڕاپەڕین بۆ بەژێرکێشانی کۆماری ئیسلامی نە جووڵەیەکی خۆبەخۆ، بەڵکوو لوتکەی خۆڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و سەرتاسەرییە. ئەم بابەتە تەنیا بە عەزم و ئیرادەی یەکگرتوو و هاوبەستەی هەموو ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت. دەبێ بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیرادەیە بەردەوام و بێوچان کار بکرێت.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەسەر ئەو ئەسڵە پێداگری دەکات کە ڕزگاریی ژن و ڕزگاریی چینی کرێکار دوو ڕێگای جیاواز نین، بەڵکوو دوو ڕەهەندی یەک خەباتی مێژوویی واحدن. لە بەرانبەر ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی، لە بەرانبەر ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و لە بەرانبەر ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کە هیوا و ئومێدیان بەم جەنگە وێرانگەرە بەستووە تا هەلومەرجی دەستاودەستبوونی دەسەڵات لە سەرووی سەری جەماوەرەوە بۆ ئەوان فەراهەم بکات، ئێمە جەخت لەسەر پێویستیی بنیاتنانی بەدیلێکی سۆسیالیستی دەکەینەوە؛ بەدیلێک کە تێیدا نە ڕەگەز، نە نەتەوە، نە چین و نە هیچ جیاوازییەکی دیکە نەبێتە بنەمای دەسەڵات و هەڵاواردن. ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ئەم ئاسۆیە؛ کۆمەڵگایەکی ئازاد، ڕزگار، یەکسان و خۆشگوزەران و بەدوور لە هەرچەشنە ستەمێکی ڕەگەزی و چینایەتی.
پیرۆز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن
بەرز و بەڕێز بێت یادی ئەو ژنانەی لە ڕێگای ڕزگاریدا گیانیان بەخشی
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی
ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٤
٢ی مارسی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە