سەرەنجام دوای توندبوونەوەی شەڕەقسەی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و سەرانی ناتۆ لەسەر قەیرانی ئۆکراین و جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکراین و ڕاگواستنی کەرەستەی نیزامیی ناتۆ بۆ وڵاتانی دەورووبەری لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوو و پاش ئەوەیکە پووتین و دومای ڕووسیا سەربەخۆیی “دوو کۆماریی جیا بوو”یان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین بەڕەسمی ناسی، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی فێوریە بەرابەر لەگەڵ ٥ی ڕەشەممە هێرشەکانی سوپای ڕووسیا لە زەوی و ئاسمانەوە بۆسەر وڵاتی ئۆکراین دەستیپێکرد. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان لە ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە هێزە زەویی سوپای ڕووسیا چووە خاکی ئۆکراینەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر دەیان شوێنی ناو خاکی ئەم وڵاتە. لە جەرەیانی ئەم مووشەکباران و تێکهەڵچوونانەدا هەتا ئێستا دەیان کەس لە سەربازانی دوو لایەن و سەدان کەس لە خەڵکی ئاسایی گیانیان لەدەست داوە، هەزاران کەس برینداربوون و زیاتر لە سەد هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵین. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە لە بەرەی شەڕ، هەزاران کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی دژی شەڕ لە مۆسکۆ، سەنت پێتێرزبورگ و چەند شاری دیکەی ڕووسیا لەدژی هێرشی دەوڵەتی ڕووسیا دەستیان دایە ڕێپێوان و لە ئاکامدا هێزەکانی پۆلیس زیاتر لە هەزار کەسیان دەستبەسەر کرد. هەروەها لە پاریس، لەندەن، بێرلین، ورشۆ، لاهە و چەندین شاری دیکەی ئەورووپا دژبە هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین بە درووشمی “کۆتایی بە جنوون بێنن” خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. دەتگوت بەر لە دەستپێکی شەڕ، بزووتنەوەی دژەشەڕ خۆی ئامادە کردبوو.
هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و ئەم شەڕ و کاولکارییە دیاردەیەکی لەناکاو و کتوپڕ نییە. ئەم شەڕە ڕیشەی لە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی سەردەم و هەوڵی لایەنە ئیمپریالیستەکان بۆ دابەشکاریی دووبارەی جیهان و پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان دایە. ئەم شەڕە درێژەی سیاسەت بەشێوەیەکی دیکەیە. ئەم شەڕە درێژەی مەنتقیی سیاسەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و سەرمایەدارەکانی گیرۆدەی ئەم قەیرانەیە کە زۆر پێشتر بەستێنەکانیان بۆ ئامادە کردبوو. ئەوەیکە ئەمڕۆ لەبەرچاوی خەڵکی جیهان ڕوو دەدات دواهاتی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەشێک لە بەرپرسایەتییەکەی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتی ئەمریکا وەک دەسەڵاتی سەرکەوتووی شەڕی سارد. دوای کۆتایی شەڕی سارد و ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، دەوڵەتانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕووسیا وەک دەسەڵاتێکی سەرکەوتووی بێ ڕوحم دژبە حەریفێکی شکستخواردوو هەڵسووکەوتیان کرد و دەیانویست بە پەرەپێدانی ناتۆ لەڕێگەی وڵاتانێک کە پێشتر ئەندامی پەیمانی ورشۆ بوون و هەروەها بە داسەپاندنی سیاسەتی ئابووریی “شۆک دەرمانی” دژبە ئابووریی ڕووسیا، بەجۆرێک ئەم وڵاتە لاواز بکەن کە ئیتر نەیتوانێ بێتەوە گۆڕەپانی کێبەرکێی نێونەتەوەیی. دەوڵەتانی ئەمریکا و ناتۆ بەم سیاسەتە دەرەفەتی جووڵانەوەی ناسیۆنالیسم و پاوانخوازیی ڕووسییان بۆ پووتین خوڵقاند. دەوڵەتانی ئەورووپایی ئەندامی ناتۆ سیاسەتێکی سەربەخۆیان نەبوو و بەکردەوە پەیڕەوی ئۆتۆریتەی ئەمریکا بوون.
ڤلادیمیر پووتین وەک سەمبۆلی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و زیندووکەرەوەی سوننەتی ئیمپراتووریی ڕووسیا کە پشت ئەستوورە بە سەرمایەداریی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر پیشەسازیی سەربازی و بەشی نەوت و گاز و پشتیوانیی ناسیۆنالیسمی ڕووسی، بە پشتیوانەی بردنەسەرەوەی نرخی نەوت و گاز لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە و بە تازەکردنەوەی بواری ئابووری، ڕووی کردە پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێرکۆنتڕۆڵی خۆی لەڕێگەی دەستتێوەردانی نیزامییەوە. دەخاڵەتی نیزامیی ڕووسیا لە گورجستان، ئۆکراین، قەزاقستان، سووریە و باشووری سەحرای ئەفریقا بەئاشکرا سیاسەتی زێدەخوازانەی ئیمپریالیستیی ڕووسییان نیشان دەدات. بەڕەسمی ناسینی سەربەخۆیی کۆماری دۆنێتسک و کۆماری لوهانسک و هێرشی سۆپای ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین درێژەی مەنتقیی سیاسەتیی زێدەخوازانەی ئیمپریالیستی پووتین و دەوڵەتی ڕووسیایە. کەوابوو ئەم ئیدیعایەی پووتین و دەوڵەتی ڕووسیا کە گوایە هێرشی نیزامی بۆسەر ئۆکراین وڵامێک بووە بە هەڕەشەی نیزامیی ئۆکراین و هەڕەشەی شەڕەنگێزانە ناتۆ، تەنیا درۆ و ڕیاکارییە و هیچی تر. لە بەڕەسمی ناسینی سەربەخۆیی ئەم دوو کۆمارە لەلایەن پووتینەوە هیچ فاکتۆرێکی پێشکەوتووخوازانە لەگۆڕێدا نەبووە. چونکە خەڵکی ئەم دوو کۆمارە نە لە باروودۆخی ئازاد و دیموکراتیکدا، بەڵکوو لەژێر فشاری سیاسەتی دەوڵەتی زاڵ لە ئۆکراین و هێزەکانی سەربە ڕووسیا، وەها پێگەیەکیان بەدەست هێناوە. لە لایەنی بەرامبەریشدا ئیدیعاکانی جۆو بایدێن و دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ کە سەنگی دیفاع لە یەکپارچەیی خاک و ئازادیی ئۆکراین و دیفاع لە مافی مرۆڤ و ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکە لە سینگ دەدەن، هەر بەم ڕادەیە فریوکارانە و ڕیاکارانەیە. مەگەر خەڵکی جیهان لەبیریان چووەتەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە لەشکرکێشی بۆسەر باڵکان و ئەفغانستان و عێراق و بە هەڵگیرساندنی شەڕی نیابەتی لە سووریە، لیبی و یەمەن چیها نەهامەتیی دڵتەزێن و باروودۆخی کارەساتباریان بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتانەدا سەپاندووە.
دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە ئۆکراین دوای بەلاڕێدابردنی ئاخێزی ساڵی ٢٠١٤ کە بە شۆڕشی مەیدان ناوبانگی دەرکرد دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. ئەوان لەماوەی ٨ ساڵ شەڕی ناوخۆییدا بەکردەوە لە خزمەت شەڕسالارانی گەندەڵی ئۆکراینیدابوون و بەپێچەوانەی بەرژەوەندی خەڵک هیچ ڕێگاچارەیەکی بەڕاستی دیموکراتیکیان بۆ ئاشتی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین نەبوو و درێژەی شەڕ و هاتنی یارمەتیی دەەوڵەتانی ئەورووپاییان بەقازانجی خۆیان دەزانی. دەوڵەتی زێلنێسکی کە سێ ساڵ لەمەوبەر بەدەسەڵات گەیشت، لە هاودەستی لەگەڵ ناسیۆنالیستە تونداژۆکان و تەنانەت هاودەستی لەگەڵ ڕەوتە نازیستەکان و لەڕێگەی خستەژێر گوشاری ڕووسی زمانەکان، ئەگەری گەیشتن بە ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانەی لەگەڵ خەڵکی دۆنێتسک و لوهانسک و تێکەڵبوونەوەی دووبارە و خۆبەخشانەی ئەوانی بە ئۆکراین، بە بنبەست گەیاند و بەکردەوە خزمەتی بە نەخشەی ئەو گرووپانەی سەر بە ڕووسیا کرد کە لەم ناوچەیە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو.
هەربۆیە نە شەڕنانەوە و سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵتی ڕووسیا لەژێرناوی کاردانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەی نیزامیی ئۆکراین، نە دیفاعخوازیی دەوڵەتی زێلنێسکی لە ئۆکراین و هاندانی هەستی ناسیۆنالیستی و نە ئیدیعای دیفاع لە ئازادی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین لەلایەن دەوڵەتانی ئەمریکا و ئینگلیس و باقیی دەوڵەتانی ئەورووپایی ئەندامی ناتۆ، هیچکامیان چکۆلەترین پەیوەندیان بە بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی ئۆکراین و ناوچەکەوە نییە. دەوڵەتی ڕووسیا بە ترساندنی خەڵک لە دەستدرێژیی ناتۆ بۆسەر سنوورەکانی ڕووسیا و بە پەرەپێدانی هەستی ناسیۆنالیسمی ڕووسی و بە هێرشی بێبەزەیانە بۆسەر ڕیزی خۆپیشاندانی چالاکانی بزووتنەوەی دژەشەڕ هەوڵ دەدات تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەرامبەر نابەرابەری، بێ مافی و دیکتاتۆریی زاڵ لە ناوخۆی ڕووسیا بەسەر دوژمنی دەرەکیدابێنێت.
دەوڵەتی بایدێن و بووریس جانسۆنیش دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوتووە تا سەرەنجی بیروڕای گشتی لە وڵاتانی خۆیان لە ناکامی و ڕسوایی یەک لەدوای یەکیان لە بواری ناوخۆیی و دواهاتی پاشەکشەی سەرشۆڕانە لە ئەفغانستان بەلاڕێدا بەرن و لەژێرناوی دیفاع لە ئازادی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین، لە تاکتیکی داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری دژبە ڕووسیا وەپێش یەکتر بکەون. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە دووکەڵی گەمارۆی ئابووریی یەکیەتیی ئەورووپا لە هاوئاراستەیی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەمریکا و ئینگلیس دژبە ڕووسیا، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو چاوی خەڵکی ئاسایی لە ڕووسیا و ئەورووپا. ئەگەر خەڵکی ئۆکراین لە مەیدانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییەدا دەکوژرێن، ماڵەکانیان بەسەریاندا وێران دەبێت و ئاوارە دەبن، ئەگەر خەڵکی ڕووسیا لەوبەری سنوورەکان بە تەحەمولی توندبوونەوەی دیکتاتۆریی سیاسی و هەژاریی زیاتر، تێچووی قورسی ئەم شەڕە دەدەن، خەڵکی وڵاتانی ئەورووپاش لە هەنگاوی یەکەمدا بە گرانبوونی سەرسووڕهێنەری نرخی نەوت و گاز و چوونەسەرەوەی ماڵیاتەکان دەبێ بەشێک لە تێچوونی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە تەحەمول بکەن.
لەم باروودۆخەدا بزووتنەوەی دژەشەڕ نابێ بکەوێتە داوی تەبلیغاتی ژەهراویی لایەنەکانی ئەم شەڕەوە. ئەو ستراتێژ و سیاسەتانەی کە بوون بە هۆی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە هەر هەموویان کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەن و هیچ پێوەندییەکیان بە بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکەوە نییە. ئەو خەڵکەی کە دەکەونە داوی تەبلیغاتی پووتینەوە و لە پەیوەستبوونی ئۆکراین بە خاکی ڕووسیا دیفاع دەکەن لەڕاستیدا بەندی دیلیەتیی خۆیان قایمتر دەکەن. خەڵکی ئۆکراین، ڕووسیە و ئەو کۆمارانەی کە بە تازەیی “سەربەخۆیی”یان بەدەست هێناوە نابێ لە دەرەوەی سنوورەکان لە دوژمن بگەڕێن. ئەم وڵاتانە پێویستە ببنە ناوەندی سەرەکیی بزووتنەوەی دژبە شەڕ و داگیرکاری. پێویستە ڕاوەستانی دەستبەجێی شەڕ و کۆتایی داگیرکاری لە هەموو شوێنێک بە دەنگی ڕەسا هاوار بکرێت. خەڵکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ نابێ فریوی ئاشتیخوازیی درۆیینی دەوڵەتانی خۆیان بخۆن. پێویستە بە جیهانی کردنەوە و جەماوەری کردنەوەی بزووتنەوەی دژەشەڕ، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئاشتیخوازانی ئۆکراین و ڕووسیە و دوو کۆماری تازە بە سەربەخۆیی گەیشتوو، بگۆڕدرێت. ئەم کارە ئەگەرچی دژوارە بەڵام مومکینە.
لەگەڵ دەستپێکی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی کە دەوڵەتی ڕووسیا بە پشتیوانی خۆی لە کێشمەکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەزانێت، بەئاشکرا لە هێرشی ڕووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراین پشتیوانی دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی نیزامیی دەوڵەتی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و سیاسەتی لایەنە ڕەقیبەکان، کە ئەم شەڕە بەرهەمی ڕەقابەتی ئەوانە لەسەر پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان، هەموو چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان بانگەشەی پشتیوانی و هاوپشتی لە بزووتنەوەی دژیشەڕ دەکات.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٠
٢٥ی فێوریەی ٢٠٢٢