فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
سێشەممە ۱۱-۰۲-۱۴۰۳   |  30-04-2024

نا بۆ شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی، نا بۆ هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، نا بۆ شەڕ دژبە ژنان، بەرەو گەشەپێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران

چینی کرێکاری ئێران لە کاتێکدا لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران نزیک دەبێتەوە کە ساڵێکی پڕ لە جموجۆڵ و مانگرتن و ناڕەزایەتیی تێپەڕاندووە. بەپێی ئاماری سایت و ناوەندە باوەڕپێکراوەکان کە هەواڵی کرێکاران ڕووماڵ و تۆمار دەکەن، لە سێ مانگی پاییزی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤٦٠ مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری بەڕێوەچووە. لانیکەم لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەی مامناوەند زیاتر لە ٢٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە سەرانسەری ئێران ڕووی داوە. ئەم ڕەوتە ڕوو لە گەشەیەی خەباتی کرێکاری کە سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی لە ناوەڕاستی دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە دەستپێکردووە و درێژەی بووە، ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێراندایە. شەپۆلی بەرینی کۆچکردنی زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانی گوندەکان بەرەو شارەکان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوو بەهۆکاری وشکەساڵی یەک لە دوای یەک و سیاسەتی دژی ژینگەی ڕژیمی ئیسلامی، نیشتەجێ بوونیان لە پەراوێزی شارەکان کە بێجگەلە فرۆشتنی هێزی کار هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی ژیانیان نەبوو، ژمارەی کرێکارانی ئێرانی زیاتر لە دوو هێندە کردووە. لەلایەکی دیکەوە ڕەوتی گەشە و پەرەستاندنی سەرمایەداریی ئێران سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئیداریی دەسەڵاتدار بۆی پێکهێناوە و درێژەی ڕەوتی سەنعەتی بوون، ژمارەی کرێکارانی ناوەندە سەنعەتییەکانی چند بەرابەر کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە لەلایەکەوە و سیاسەتی دژەکرێکاری و هێرشی ڕێکخراوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک خاوەنکاری گەورە و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوو بۆ هەرزان کردنی هێزی کار لەلایەکی دیکەوە، بەستێنەکانی ئەم بزووتنەوە مەزنەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی لەماوەی پتر لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا پێکهێناوە. ئەگەر گەشە و سەقامگیربوونی موناسباتی سەرمایەداری لە دەیەی چلی هەتاوی و دوای ڕێفۆرمی ئەرزی ڕەنگدانەوەی خۆی لە ڕۆڵی چینی کرێکاری ئێران لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا نیشان دا، ئاڵوگۆڕەکانی سێ دەیەی ڕابردوو و ڕەوتی گەشەی موناسباتی سەرمایەداری و سەنعەتی بوون لەئێستادا خۆی لە جموجۆڵی چەند بەرابەر بەهێزتری بزووتنەوەی کرێکاریدا نیشان دەدات. ئەم خەباتە ئابوورییەی کرێکاران گەلێک جار بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات دژی بەتایبەت کردن، دژی یاسای حەقدەست، دژی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم، دژی گەڵاڵەی بوودجە، ئاوێتەی خەباتی سیاسیی بووە. ئەم بزووتنەوە مەزنەی مانگرتن هێزی یەکگرتوویی بە کرێکارانی نیشان داوە، فێریانی کردووە کە بەرەنگاری دەوڵەت و سەرمایەداران ببنەوە، نیشانی داوە کە چۆن هێزی کاری ڕێکخراو دەتوانێ بۆ سەرمایە ترسناک بێت.

سەرەڕای ئەم بەئاگاهاتنەوە چینایەتییە، چینی کرێکار بەهۆی ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە لە ڕێگای ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیدا هەن نەیتوانی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا دەورونەخشی سیاسیی خۆی بنوێنێ و نەیتوانی وڵامی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە بداتەوە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەدرایی ئێران و بەسەرەنجدان بە بەرینایی هەژاری و نەهامەتی ئابووریی ئێستا و درێژەی هێرشی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری بەناچار درێژەیان دەبێت و پەرە دەستێنن. چینی کرێکار لەسەر بەستێنی بەردەوامبوونی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بە پشت بەستن بە توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خۆی کە لە کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتندا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریدا هەبووە و بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە گشتییەکان و بە دەخاڵەتدانی کرێکاران لە بڕیاردانەکان ئاراستەی شۆراییان لەناو ئەم بزووتنەوە چینایەتییەدا بەهێز کردووە، دەتوانێ بەسەر کەموکوڕییەکانی لەبواری ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیدا زاڵ بێت. ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا مەرج نییە تەنها پڕۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو بێت، بەڵکوو دەتوانێ بەشێوەی خێرا و بەتەوژم ڕەوتی پێگەیشتنی تێپەڕێنێ.

ئەمساڵ کرێکارانی جیهان لە حاڵێکدا لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیی خۆیان نزیک دەبنەوە کە ئاکامی قازانجپەرستی نیزامی سەرمایەداری و قەیرانی بەرین و شەڕخوازیی بێسنووری، کار و ژیان و ئەمنیەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەو هەژاری و تەباهی بردووە. چینی کرێکاری ئێران ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا پێشوازی لە ئەوەڵی مانگی مەی دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شەڕی نیابەتی لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەم وڵاتە و دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە درێژەی کۆمەڵکوژی لە غەززە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەرەوڕووی مەترسیی شەڕێکی ماڵوێرانکەر کردووەتەوە.

لە ناوەوەی ئێرانیش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دیاریکردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری هێرشێکی تازەی بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران دەستپێکردووە و لەژێرناوی “تەرحی نوور” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەهاشکێنی، شەڕ دژبە ژنانی ئازادیخواز و بێ حیجابی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. چینی کرێکاری بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی کرێکارانی پێشڕەو و سۆسیالیستەکانی ناو ڕیزەکانی خۆی پێویستە لە یەکی ئایاردا هاوکات ئاڵای نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە و شەڕخوازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، نا بۆ هێرش بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و نا بۆ شەڕ لەدژی ژنان، بە هێزێکی زیاترەوە بەرز بکاتەوە.

لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١٢ی گوڵان، کرێکارانی ئێران بە پشتیوانەی وشیاری چینایەتی و پێشڕەوان و ڕێبەرانێک کە لە ڕیزەکانی خۆیاندا پەروەردەیان کردووە و بە پشت بەستن بە دەستکەوتەکانی خەباتی پڕسۆزیان بۆ جارێکی تر بڕیاری خۆیان بۆ درێژەی خەبات دژبە سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان و بۆ بنیادنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی، کۆمەڵگایەکی بەدوور لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوە، کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشبژێو ڕادەگەیەنن. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری هێرشێکی تازەی بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران دەستپێکردووە، هاوڕێیانی کرێکار خواستی حەقدسەتی گونجاو لەگەڵ دابینکردنی خەرجی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کرێکارانی بێکار دەخەنە سەرووی بڕیارنامەکانیان. هاوڕێیانی کرێکار لەم ڕۆژەدا و لە بڕیارنامەکانی خۆیاندا بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی عەقیدە و ڕادەربڕین و بیرکردنەوە، چاپەمەنی، تەحەزوب، و پێکهێنانی ڕێکخراو، هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دەرکردن و بەکردەوە دەرهێنانی سزای ئێعدام، ڕاگەیاندنی بەرابەریی کامڵی مافی ژن و پیاو لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری و بنەماڵەیی، هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و سیاسەتی هەڵاواردن دژبە ئاراستەی جنسی و جنسیەتی، جودایی دین لە دەوڵەت، دابینکردنی ئیمەنی کار و ئەمنیەتی پیشە، هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەرجۆرە ڕوانگەیەکی پشتیوانی هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی، کۆتایی هێنان بە لەناوبردنی ژینگە، قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەی بەخۆڕایی تەئکید دەکەن. ڕۆژی یەکی مەی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەم داخوازییانە دەتوانێ ڕۆژی ڕاگەیاندنی بڕیاری کرێکاران بۆ گەشەپێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەپێناوی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەموو کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، هەموو ئەو ئینسانانەی لە هەژاری و بێبەشی، لە زوڵم و زۆر و نایەکسانی، لە ستەم و سەرکوت و لە درێژەی تەمەنی نگریسی نیزامی سەرمایەداری وەگیان هاتوون و خوازیاری ژیانێکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێون، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەتایبەت لە شەقام و مەیدانەکانی شار پڕگڕوتین بەڕێوەبەرن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕۆژی جیهانیی کرێکار هێمای هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی، هێمای خەبات بۆ سۆسیالیزم لە هەموو کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و گیانفیدایی و هەوڵی دڵسۆزانە و ماندوویینەناسانەی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بۆ یەکگرتوویی ڕێزەکانی کرێکاران بەرز دەنرخێنێت.

بژی ئەوەڵی مانگی مەی

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گوڵانی ١٤٠٣

ئاپریلی ٢٠٢٤