هەواڵی ئاگربەست لە غەززە بێگومان بۆ دانیشووان و منداڵانی برسیی ئەم کەرتە کە پازدە مانگە بەردەوام لەژێر کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیلدان، بۆ ئەو فەلەستینییانەی کە زیاتر لە حەفتا ساڵە قوربانیی داگیرکاری و تاوانی شەڕی دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلن، بۆ ئەو ئیسرائیلییانەی کە هەست بە شەرمەزاری دەکەین بەخاتری ئەوەیکە تاوانەکانی غەززە بەناوی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت، وە بۆ ئەو مرۆڤە بەویژدان و هۆشیارانەی سەرتاسەری جیهان کە بەخاتری نەهامەتی و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین ناخیان هەژاوە، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو. پێویستە لەم ئاگربەستە کە ئاکامی بنبەستی دەوڵەتی فاشیستی نەتانیاهۆ و ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس بوو پێشوازی بکرێت. بەڵام ئەگربەست، ئەو کارەساتە مێژوویی و دڵتەزێنانەی لە ئاکامی شەڕ و وێرانکاری بەسەر نەتەوەی ستەمدیدەی فەلەستیندا هاتووە، قەرەبوو ناکاتەوە.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستدا کە شەش هەفتە دەخایەنێت، ٣٣ دیلی ئیسرائیلی لە بەرابەر چوونەدەری تەدریجیی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە و لە بەرابەر ئازادیی ژمارەیەک لە زیندانییانی فەلەستینی کە دیلی ئیسرائیلن ئازاد دەکرێن. ئاوارەکانی فەلەستین دەست دەکەن بە گەڕانەوە بەرەو ماڵەکانی خۆیان و بارهەڵگرەکانی یارمەتیدان ڕێگەیان پێدەدرێت بێنە ناو غەززەوە. بۆ قۆناغی دووهەم، لە ١٦هەمین ڕۆژی ئاگربەستدا، گفتوگۆ بۆ ئازادکردنی باقیی دیلەکان، پاشەکشەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و “ئارامیی پایدار” دەستپێدەکات و قۆناغی سێهەم و کۆتایی بریتییە لە نۆژنکردنەوەی غەززە و هەروەها گەڕاندنەوەی باقیی ئەو دیلانەی کە کوژراون.
هەروەک لە بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا دەبیندرێت، ئاگربەست لە غەززە، کۆتایی بە جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لەم کەرتە ناهێنێت. لەم ڕێککەوتنەدا کۆتایی گەمارۆی هەمەلایەنەی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل کە زیاتر لە ١٧ ساڵە درێژەی هەیە، باسی لێنەکراوە. گەمارۆی غەززە خۆی کردەوەیەکی جەنگی و خۆی بەشک لە کارەساتی کۆمەڵکوژییە. ئاگربەست و نۆژنکردنەوەی غەززە بە بێ کۆتایی گەمارۆی دژەئینسانیی و چەندین ساڵەی ئەم کەرتە داهاتوویەکی نییە. چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی ئەم گەمارۆیە، غەززە لەڕێگەی زەوی و ئاسمان و دەریاوە کۆنتڕۆڵ دەکات. ئاگربەست بە بێ کۆتایی هێنان بە گەمارۆی غەززە بەمانای بێدەنگ کردنی دەنگی تۆپ و مووشەک و درێژەی بەکارهێنانی چەکی قاتی و برسیەتی بۆ نابوودکردنی ئەم میللەتەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر غەززە هەروا لە گەمارۆدا بمێنێتەوە، نۆژەنکردنەوەی لەوانەیە ٣٥٠ ساڵ بخایەنێت. ئەوەش یانی مەرگی شێنەیی چەند نەسل لە ئینسانەکان. ئەم ڕێککەوتنە ئاگربەستە، مۆری داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیلی پێوەدیارە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، لە هەموو ماوەی ئەم ئاگربەستەدا دوو کۆریدۆری ستراتێژیکی “فیلادلفیا” لەسەر سنووری میسر و غەززە، تەنیا پردێک کە غەززە بە جیهانی دەرەوە وەسڵ دەکات و کۆریدۆری “نێتزاریم” کە لە ناوەندی ئەم کەرتەوە تێدەپەڕێت و باکوور و باشووری غەززە بە دوو بەش تەقسیم دەکات لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدا دەبێت.
لەکاتێکدا کە لەماوەی پازدە مانگی ڕابردوو ئەرتەشی ئیسرائیل دەیان هەزار بۆمبی دەستکردی ئەمریکای بەسەر خەڵکی غەززەدا باراندووە و زیاتر لە ٤٦ هەزار کەسی کوشتووە و ١٠٠ هەزار کەسی بریندار کردووە. لە کاتێکدا کە ماڵ، نەخۆشخانە، خوێندگا، ئەنبارەکانی دانەوێڵە، چاڵەکانی ئاو و هەموو ژێرخانەکانی ئەم کەرتەی وێران کردووە و غەززە ئیتر بۆ ژیان نابێت، لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا تەنیا ئاماژە بە نۆژنکردنەوە کراوە و پێدانی غەرامەت بە خەڵکی فەلەستین هیچ باسێکی لێنەکراوە. بە وتەی “یونروا”، تەنیا کۆکردنەوەی ئاوارەکانی غەززە پازدە ساڵ دەخایەنێت. بەپێی موعامەلەیەک کە ئەنجام دراوە، هەموو بەدیلگیراوانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن، بەڵام تەنیا سێ هەزار زیندانی فەلەستینی لەناو زیاتر لە دە هەزار کەس کە زۆربەیان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕفێندراون و لە ئەشکەنجەخانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراوان، ئازاد دەکرێن.
لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی فەلەستین خوازیاری کۆتایی هێنان بە داگیرکاری، بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان و بەرقەرارکردنی ئاشتین، ئەم ئاگربەستە دەبوو لە خزمەت ئەم خواستانە و کۆتایی هێنان بە کوشتار و نەسلکوژیدا بێت. بەڵام ئەم سات و سەودایە تەنیا ڕاوەستانێکی کاتییە بۆ خاوکردنەوەی ماشێنی کوشتاری دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە. ئەگەر ئەم ئاگربەستە ئامانجی کۆتایی هێنان بە جینۆساید، وەدیهێنانی مافی نەتەوەی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و بەرقەرارکردنی ئاشتی بایە دەبوو دەستبەجێ نەتانیاهۆ و کابینە جەنگییەکەی و بایدنی بە تاوانی شەڕ و کوشتار دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کردبایە. دەبوو حوکمی دیوانی باڵای نێونەتەوەیی بۆ دەستبەسەرکردنی نەتانیاهۆ بەتاوانی جینۆساید جێبەجێ کرابایە. ئەم ئاگربەستە ئاکامی بنبەست و لە هەمان کاتدا نەرمکێشیی نەتانیاهۆیە لە بەرامبەر فشارەکانی ترامپدا. تا بە دەستی ئاواڵەتر نەسلکوژی بەشێوازی دیکە درێژە بدات و ترامپیش بتوانێ پڕۆژەی دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەری “نایاسایی” و شەڕی تەعرەفەکان لەژێر نقابی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبەریت.
چەند کاتژمێر بەر لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ئاگربەستەکە، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا لە پۆستێکدا ڕایگەیاند “ئێمە موعامەلەیەکمان بۆ بەدیلگیراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە”. ترامپ ویستی نیشانی بدات کە لەژێر ڕێبەریی ئەودا بنیامین نەتانیاهۆ بە هەمان خێراییەک کە شەڕی ڕاگەیاندبوو، ئاگربەستی قەبووڵ کردووە. بایدنیش ویستی ئەم ئاگربەستە بە ئاکامی هەوڵەکانی خۆی نیشان بدات. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە ئەمریکا هەمیشە و لە ڕۆژی یەکەمەوە، دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو کە شەڕ و خوێنڕێژی لە غەززە ڕابگرێت. بەڵام نەک هەر ئەم کارەی نەکرد بەڵکوو بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە نەسلکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە بێ یارمەتیی دارایی و چەکی دەوڵەتی ئەمریکا نەیدەتوانی ئەم حەمامی خوێنە لە جەحەنەمی غەززەدا بخاتە ڕێ. دەوڵەتی بایدن هەر لە سەرەتاوە لەئاست تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و لێواری ڕۆژئاوا ڕەزامەندیی نیشاندا و دوای ئەوەیکە نەتانیاهۆ بە هێرش بۆسەر لۆبنان قۆناغی دووهەمی شەڕی بۆ گۆڕینی نەزمی ناوچەکە ڕاگەیاند، ئەمجارە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە ئیمپریالیستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە جێبەجێکاری بەشێک لەم ستراتێژە جەنگییە.
پازدە مانگ شەڕ و کۆمەڵکوژی لە غەززە لە هەمان کاتدا کە ئەوپەڕی دووڕوویی نەزمی نێونەتەوەیی دیموکراسیی لیبڕاڵ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئاشکرا کرد، بنبەست و شکستی ڕێکخراوی حەماس و باقیی ڕەوتە ئیسلامییەکانی وەک مۆدێلێک لە دەسەڵات و ستراتێژی سیاسی و بنەمای تاکتیکیی ئەوانی لە بەرامبەر داگیرکاری و سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزیی دەوڵەتی ئیسرائیلدا نیشاندا. حەماس و باقیی گرووپە ئیسلامییەکان بە ستراتێژ و تاکتیک و توندڕەوییەکانیان، لەوانە بە هێرشی تیرۆریستیی حەوتی ئۆکتۆبر و جەنایاتێک کە ئەنجامیاندا، بەکردەوە خزمەتیان کرد بە پەرەسەندن و بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاست و فاشیستەکان لە ئیسرائیل و نەسلکوژیی ئەوان لە غەززە. حەماس و بزووتنەوەی فەتح بەشێک لە چارەسەری مەسەلەی فەلەستین نین، بەڵکوو خۆیان بەشێکن لە کێشەکە. شکڵ گرتنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە فەلەستین لە گرەوی ئەوەدایە کە لەڕێگەی خەبات لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل و لەپێناوی ڕەزگاریی ڕاستەقینە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی فەلەستین لەژێر نفووزی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە دەرکێشرێن.
لەئێستادا ئەگەرچی نەتەوەی فەلەستین لە نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل، غەززە، لێواری ڕۆژئاوا، کەمپی ئاوارەکان لە ئۆردۆن و شوێنەکانی دیکەدا چەند لەت بووە، بەڵام هیوای پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و هیوای ڕزگاریی ڕاستەقینە لەژێر وێرانەکانی غەززە و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نەنێژراوە و هێشتا زیندووە. تەنیا درێژەی بزووتنەوەی جیهانی لەدژی جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل و بۆ دیفاع لە ئازادیی فەلەستین دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕێت، ئەم ئاگربەستە لاوازە سەقامگیر بکات و ئاسۆیەکی هیوابەخش بەڕووی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا بکاتەوە.
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران پێویستە بەشێک بن لەم بزووتنەوە جیهانییە بۆ دژایەتی لەگەڵ داگیرکاریی حکوومەتی ئیسرائیل و بۆ بەرگری لە ئازادیی فەلەستین. چینی کرێکاری ئێران تەنیا بە پێدانی قووڵایی ستراتێژیک بە ئەرکە ئەنترناسیۆنالیستییەکانی، واتە بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی وەک پایەگای سەرەکیی کۆنەپەرستیی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە، دەتوانێ شنەی شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ڕێ و هێزێکی تازە بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە فەلەستین ببەخشێت.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
١٨ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی