پێویستە لە دەرس و ئەزموونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر فێر بین
٢٨ی گەلاوێژ ساڵرۆژی هیرشی نیزامی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی بۆ سەر کوردستانە. ٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا، خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەشکرەکانی جەهل و کۆنەپەرستیی بۆ سەرکوتی کۆمەڵانی خەباتکار و شٶڕشگێڕی کوردستان بەڕێ کرد. رژیمێک کە بڕیاری دابوو کەش و هەوای شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران دامرکێنێتەوە و کارێک کە ڕژیمی شا دەستی پێکردبوو بە سەرئەنجام بگەیەنێ. ڕژیم نەیدەتوانی بە تایبەت کەش و هەوای شٶڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان تەحەمول بکات. بەڵام خەڵکی کوردستانیش لە سەروی هەموویانەوە کمونیستەکان بڕیاریان دابوو بۆ ئەوەی لەو ئازادی و دەستکەوتە شٶڕشگێڕانەیەی کە بۆ خۆیان بە دەستیان هێنابوو دیفاع بکەن. خەڵکی کوردستان دەیانهەویست لەو دەستکەوتانەی کە بەدەستانی بە توانای خۆیان کەسبیان کردبوو پاریزگاری بکەن و لە هەمان کاتیشدا داخوازیەکانی خۆیان لەڕێگەی بڕیارنامەکانی ٨ مادەیی لە مهاباد و سنە کە بە پەسەندی نوێنەرانی خەڵک گەیشتبوو، تەحویلی دەوڵەت دابوو. بەڵام ئەوەی کە خومەینی دەیهەویست دامرکاندنی گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و سەرکوتی شۆڕش بوو.
جمهوری ئیسلامی لە هەل و مەرجێکدا کە توانیبووی ئیعتراز و موبارزاتی کرێکاری و جەماوەیی خەڵک لە رادەیەکی بەرین و سەرتاسەریدا سەرکوت و خەڵتانی خوێن بکات، شووراکان و ڕێکخراوەکان لە باقی شوێنەکانی ئێران هەڵوەشێنێتەوە، کەش و هەوای ئیختناق و سەرکوت لە زانستگاکاندا پێک بێنێ و کومیتەکان و سپا سەروسامان بدات و ئەرتەش سەرلەنوی سازمان بداتەوە، لەوە زیاتر نەیدەتوانی شاهیدی گەشە و پەرئەستاندنی کەش و هەوای شٶڕشگێڕانە لە کوردستان بێت و دەیهەویست بە هەر جۆرێک بووە ئەم سەنگەری دیفاع لە ئازادی و ئیقلابە لە سەر رێگای خۆی لابەرێ.
ئەگەرچی کەش و هەوای شەڕ، شور و شەوقی خەباتکارانەی لە کوردستان تێکەڵاو بە خەمی لە دەست دانی ئازیزان کرد و کارەسات گەلێکی وەک ئیعدامی مناڵان لە پاوە، شەڕوانان لە پادگانی مەریوان و شٶڕشگێڕان لە فڕۆکەخانەی سنە بە دەستی خەڵخاڵی جەللاد و قەتڵوعامەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و ئیندرقاش و زۆر شوێنی دیکە درێژەی پەیدا کرد، بەڵام شوور و شەوقی خەباتکارانەی کۆمەڵانی خەڵک و هەوڵ دانیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و پاشەکشە کردن بە دوژمنانی داگیرکەر کەمیی نەهێنا و خەڵکی خەباتکار لە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و ئیقلاب سەربەرزانە ڕاوەستان، کە هەموو ئەمانە لە مێژوی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستاندا تۆمار کراوە. ٢٨ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی تۆمارکردنی ئەم مێژووە و ساڵڕۆژی ڕێز گرتن لە خۆڕاگری و موبارزە و فیداکاری ژنان و پیاوانێکە کە ئەم مێژوویەیان خوڵقاند.
زۆری نەخایەند کە هێرشی لەناکاو و بەرینی هێزی پێشمەرگە لە لایەک و ئیعترازاتی ڕۆژانەی سەر شەقامەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە لایەکی دیکە، تەرازووی هێزی بە قازانجی خەڵک گۆڕی و رژیمی ناچار بە پاشەکشە و ئاگربەس و هاتنە سەر میزی وتووێژ کرد. گەڕانەوەی سەرلەنویی پێشمەرگەکانی سازمانە سیاسییەکان بۆ شارەکان و پێشوازی شکۆداری خەڵک لێیان و پەرە ئەستاندنی هەڵسووڕانی سیاسی و شکڵ گرتنی شووراکان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و دەسەڵاتی خەڵک بە سەر چارەنووسی خۆیاندا، بە کردەوە شکستی هێرشی دڕندانەی ڕژیمی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ٥٨ دا ڕاگەیاند و بزووتنەوەی شٶڕشگێڕانەی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی تازە لە موبارزە.
خەڵکی کوردستان ئەگەرچی لە جەریانی هێرشی رژیم زەرەر و زیانی زۆری گیانی و ماڵیی قەرەبوونەکراوەی لێکەوت، بەڵام تەسلیم نەبوو. ئەوان بە دوژمنانیئ خۆیان ڕاگەیاند کە بە هەموو ئیمکاناتی نیزامی و ئینسانی کە هەیانە ناتوانن جەماوەرێک کە بۆ مافی ڕەوای خۆیان موبارزە دەکەن ناچار بە تەسلێم بوون بکەن. دوای ئەوەی کە پاش سێ مانگ ڕاوەستانی چەکدارانەی پڕ لە فیداکاری و حەماسە سەرئەنجام ڕژیم ناچار بە پاشەکشە کرا، خەڵک بە تایبەت جەوانان توانیان بە لێهاتوویی و سازماندانی کارو باری کۆمەڵایەتی بە شێوەی سالم و دیموکراتێک کۆمەڵگا ئیدارە و بەڕێوەبەرن. توانیان ئەمنەیتی گەڕەکەکان بە شێوەی کۆمەڵایەتی تەئمین بکەن. دابەشکردنی خواردەمەنی و باقی پێداویستیەکانی خەڵک سازمان بدەن. خزمەتگوزاریەکانی پزشکی و دەرمانیی سازمان بدەن. مەدرەسە و ئیدارەکان سەر لەنوێ دەست بەکار بکەنەوە و گیرو گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکەن و ئەخلاق و کردەوەی پێشڕەو و ئینسانی رەواج پێ بدەن و تەنانەت لە ئاموزش و فێرکردنی هەڵخەڵەتاوان و تەشویق کردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزی خەڵک غافڵ نەبوون.
ماوەی ٦ مانگ کە جمهوری ئیسلامی خەرێکی خۆ ئامادە کردن بۆ هێرشێکی سەرلەنوێ بوو، کۆمەڵە سەرەڕای ئەو کارشکێنیانەی کە لە ناوەوەی کوردستان دەکران، لە تەداروکی ئامادە کردنی بیروڕای خەڵکی کوردستان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشێکی حەتمیی دیکە بوو. جمهوری ئیسلامی لە وتووێژێکی واقعی لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان خۆی دەبوارد و بە مانۆڕی فریوکارانە خەریکی کڕینی وەخت بۆ خۆی بوو. بەم شێوەیە لە مانگی خاکەلێوەی سالی ١٣٥٨ دا جارێکی دیکە هێزەکانی خۆی لە چەند جەبهەوە لە سنوورەکانی کوردستان نزیک کردەوە و سەرئەنجام هێرشی خۆی لە کامیارانەوە دەستپێکرد و لە دەروازەکانی شاری سنە نزیک بوووە. خۆڕاگری پڕ لە حەماسەی ٢٤ ڕۆژە کە لەم شارەدا هاتە ئاراوە، خۆڕاگری باقی شار و دێهاتەکانی کوردستانیشی تەنیەوە. ڕژیم نەیتوانی هێج سەنگەرێک بە بێ تێپەڕین لە خۆ راگری ئازایانەی خەڵک بە دەست بێنێ. خۆڕاگری چەکدارانە بو چەندین ساڵ درێژەی پەیدا کرد و هێزەکانی ڕژیمی لە کوردستان زەمینگیر کرد. ئەگەرچی ڕژیم توانی بە زەبری هێزی نیزامی سەرکەوتنێک بە دەست بێنێ بەڵام هیچ کات و هەتا ئیستاشی پێوە بێ نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان ناچار بە تەسلێم بکات. خەڵکی کوردستان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا درێژە پێداوە وکوردستانی شۆشگێر هەروا چەقڵی چاوی رژیمی ئیسلامیە.
ئەگەرچی خۆڕاگری لە بەرانبەر جمهوری ئیسلامیدا بەرین و سەرتاسەری بوو، بەڵام تەرازووی هێزی ناوخۆیی، بۆ بەروە پێش بردنی بەرنامەی دەسەڵاتی کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو شوێنێک وەک یەک نەبوو. سەرەڕای جیاوازی گەلێک کە لێرە و لەوێ بەرچاو دەکەوت، سەرەرای بەرتەسک بوونی کات، بەڵام خەڵکی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە خوارەوە لە ئەزموونی حاکمیەتی شوورایی بەهرەمەند بوون، ئازادی بی قەید و شەرتیان تەجروبە کرد، پاشماوەکانی نیزامی دەرەبەگایەتیان ڕاماڵی، زەوی بەو کەسانە بڕا کە کاریان لەسەر دەکرد، ژنان لە ڕادەیەکی بەریندا هاتنە مەیدانی هەڵسووڕانی سیاسییەوە، بناغەی فێرکردن و بارهێنانێکی پێشکەوتووخوازنە داڕێژرا. بۆ یەکەمین جار ئیتر خەڵک خۆیان لە ژێر باری ستەم و هەڵاواردنی نەتەویدا نەدەدیت، خۆڕاگرییەک کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان پێکهات لە واقعدا دیفاع لە دەستکەوتەکانیان بوو. سەرەکی ترین کەم و کوڕی، کەم بوونی ئەزموون و کەم بوونی کات بۆ ئامادە کردنی کادری بە توانا بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بوو. کۆمەڵانێک کە ساڵیانی ساڵ دەسەڵاتی سەرکوت و چەوسێنەرانەی حکومەتی پاشایەتیان بە سەرەو بوو، ڕێکخراوەیەک کە لە دڵی کۆمەڵگایەکی ژێر ستەم و خەفەقاندا سەری هەڵدابوو بۆ لابردنی ئەو کەم و کوڕیانە پێویستی بە کات و زەمان هەبوو. مەترسی هێرشی جمهوری ئیسلامی و بوونی کوردستان بە مەیدانی شەڕ بە ناچار موقاومەتێکی چەکدارانە کەوتە لا سەروی هەموو خەبات و موبارزەیەک و کاتی پێویست بۆ قووڵ کردنەوە و بەرین بوونەوەی ئەو دەستکەوتانەی لێ ئەستاندەوە.
ئێستا لە چل و چوارەمین ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا پێویستە لە دەرسەکانی ئەم موقاومەتە پڕ لە هەوراز و نشێو و پڕ لە قارەمانیەتییە فێربین.
یەکێک لە گرینگترین ئەزموونەکانی ئەو دەورەیە ئەوەیە کە ئێستا بۆ بە هێز کردنی گوفتمانی دەسەڵاتداریەتی شوورایی لە کوردستان تێبکۆشین.
لە ڕێکخستنی شۆراکانی شوێنی کار و ژیاندا تەئخیر نەکەین.
لەگەڵ هاتنی یەکەمین شنەی ئازادی و باشتر بوونی هاوسەنگیی هێز، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستان پێویستە دەسەڵاتی خۆیان لەخوارەوە و لەڕێگەی پێکهێنانی شۆرا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری بەرقەرار بکەن. لەم پەیوەندیەدا ئەزمونی شووراکانی گەڕەک لە شاری سنە(بنکەکان) بۆ ئیمە ئەزموونێکی بە نرخە.
لە یەکەمین هەنگاودا دەبێ دەست بە پێک هێنانی شوورای گەرەکەکان، کارگاکان و ئاواییەکان بکەین. لە هەنگاوەکانی دوایدا بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بەرەی شٶڕش، پێویستە دەست بکەین بە پێکهێنانی شوورای شارەکان. پێویستە لەگەڵ پاشەکشەی ڕژیم جێگای خاڵی دەسەڵات و مودیریەت پڕ بکرێتەوە.
لەگەڵ پڕژوبڵاوبوونی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەبێ لە ڕادەیەکی بەریندا چەکدار بن و بە هێزی خۆیان دەستکەوتەکانی دەسەڵاتداریەتی شوورایی بپارێزن.
دەبێ دەستبەجێ تەواوی یاساکانی هەڵاواردن دەرحەق بە ژنان هەڵوەشێننەوە و بەرابەری ژن و پیاو لە هەموو کار و باری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا ڕابگەیەندرێت.
دەبێ ئەسڵی ئازادی بئ شەرت و مەرجی سیاسی و جیایی دین لە دەوڵەت و فێرکردن و بار هێنان ئیعلام بکرێت.
پێویستە پێشتر بۆ وەڵام دانەوە بە داوخوازییە ئابوورییەکانی خەڵک، بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ فەقر و هەژاری نەخشەی دیاریکراومان هەبێ.
دەبێ بەر بە هەر چەشنە تەفرقە و جیاکردنەوەیەکی نەتەوەیی و مەزهەبی بگرین.
پێویستە دڵسۆزانە و بە بەرپرسایەتیەوە بە لابردنی ستەمی نەتەوایەتی تێ بکۆشین و بەرنامەی دیاری کراومان بۆی هەبێ.
دەبێ بەپێی نەخشەڕێگایەکی بەکردەوە و ئەساسی و بە پشت بەستن بە بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک لە ساحەی سیاسی کۆمەڵگادا، لە هەر تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەی هێزە سێاسیەکان ڕێگری بکەین. رادیکالیزم لە وەها مەیدانێکدا مانای واقعی خۆی پەیدا دەکات.
کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکیی بزووتنەوەی سوسیالیستی لە کوردستان بە هاوکاری باقی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران، هەوڵ دەدات کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگا سەخت و دژوارەکان سەرکەوتووانە تێپەڕێنێ.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢
١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣