فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی هێرشی نیزامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوردستان – بەشی دووهەم
دوشەممە ۲۷-۰۵-۱۴۰۴   |  18-08-2025

ئێستا لە چل و شەشەمین ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا و لە سەروبەندی سێهەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، کوردستان بەرەو تاقیکرانەوەیەکی مێژوویی دیکە هەنگاو دەنێت. بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان بەخێرایی لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە. حاڵەتی نە شەڕ، نە ئاشتی، نە گفتوگۆ، لاوازە و ناتوانێ دەوامی بێت. ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەمێژە دەستیپێکردووە و پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بەر چاوی خەڵک یەک لەدوای یەک دەڕووخێن. بابەتێکی گرینگ لەو ڕەوتەدا قەیرانی مەشرووعییەتە. ڕژیمی ئیسلامی دەمێکە مەشرووعییەتی لای خەڵکی ئێران لەدەستداوە. سێ ئاخێزی جەماوەری لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو کە هاوسۆزی و هاودڵیی جەماوەری ملیۆنی ئێرانی لەپشت بوو، وە شکستی سەرشۆڕانەی حکوومەتی ئیسلامی لە شانۆکانی ئینتخابات کە خۆی هەموو قۆناغەکانی موهەندسی کردبوو، قووڵایی ئەم قەیرانی مەشرووعییەتە نیشان دەدات. لەلایەکی دیکەوە فڕێدانی حیجابی ئیسلامی لەلایەن ژنانی ئازادیخواز و ژێر پێ خستنی یاسای ئیسلامی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، نە تەنیا هێرشێکی سیاسییە، بەڵکوو یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی نیزامی ئیسلامیی تێکشکاندووە. شکستی سیاسەتی “شەڕی پێشگیرانە” و لێکبڵاوبوونی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، یەکێک لە پایەکانی ستراتێژی مانەوەی ڕژیمی وێران کردووە. قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پرتووکاوی و وێرانیی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئێنێرژی و قەیرانی ژینگە، لەئێستادا خۆی لە قەیرانی قووڵی ئێنێرژی و هاتنەخواری زیاتر بەهای ڕیاڵ و تەوەرۆم و گرانیی بەرین و بێتوانایی ڕژیم لە دابین کردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالم نیشان داوە. شەڕی دوازدە ڕۆژە و ئاشکرا بوونی نفووزی سازمانی ئەمنیەتی و جاسووسی موساد لە باڵاترین ئاستی حکوومەتی ئیسلامی و بێتوانایی سیستمی بەرگری مووشەکیی سپای پاسدران لە بەرامبەر هێرشی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنانت لەناو ڕیزەکانی خۆشیدا بێ ئێعتبار کردووە و ململانێ و کێشمەکێشی باڵەکان و قەیرانی حکوومەتی قووڵتر کردووەتەوە. بەپێچەوانەی هەڵیت و پڵیتەکانی سەرانی ڕژیم، شەڕی دوازدە ڕۆژە قەیرانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی قووڵتر کردووەتەوە، نەفرەت و بێزاریی جەماوەری لە دەسەڵات پەرەپێداوە و هێزی هاوپشتیی لەناویاندا پتەوتر و قایمتر کردووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی ئەم قەیرانە ئابوورییە و بەهۆی سرووشتی چینایەتیی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، ناتوانێ وڵامی داخوازیی بەپەلەی چینی کرێکار، خانەنشینان و پەرستاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بداتەوە. ئەم واقعییەتە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بەزیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە هێزێکی زیاترەوە دێنێتە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. لەم ڕووبەڕوو بوونەوەیەدا، بابەتی ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری ڕۆڵێکی چارەنووسساز لەم خەباتەدا دەبینێت. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مانگرتنی شکۆداری کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان و پەرستاران، مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفیرانی کامیۆن و کامیۆنداران، ناڕەزایەتی سەرتاسەریی خانەنشینان، کەمپەینی شکۆمەندی نا بۆ ئێعدام لە ناو زیندانەکان و هیتر، نیشانیان دا کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای سەرکوتی پۆلیسی و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی، لە بواری ڕێکخستنەوە پێشڕەوییان کردووە. هاوکات، بوونی توێژێکی بەرین لە چالاکان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کە لە جەریانی سازماندانی ئیعترازات و مانگرتنەکاندا هاتوونە مەیدان، ماتریالی ئینسانیی شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سەرتاسەرییان فەراهەم کردووە.

لە بارودۆخێکدا کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بەهێزبوونی سازماندانیان لە ئاستی سەرتاسەریدا درێژەی هەیە، وە لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی  سەرتاسەریدا نیشانیان دا کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و وەدیهاتنی خواستەکانیان لەم ڕێگایەوە تەعقیب دەکەن، ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان بەئاشکرا لە هەوڵی ئەوە دان کە خەڵکی کوردستان بە لاڕێدا بەرن. حیزب و سازمانە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان کە دەمێکە هەوڵیان بۆ چوونە ژێر چەترێکی سیاسیی واحد دەستپێکردووە، هەر کامیان بەشوێن سیاسەتی ستراتێژیکی خۆیانەوەن. هێندێک لەو حیزب و لایەنانە بە بێ سەرەنجدان بەوەیکە دەستوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لە ئەفغانستان، عێراق، لیبی، سووریە و غەززە چ ئاستێک لە کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی لێکەوتووەتەوە، هاوئاراستە لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی توندڕەو چاویان لە دەخاڵەت و فشاری زۆرینەی ترامپ و نەتانیاهۆ بڕیوە تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان بۆ بڕووخێنێ و ئاشتی و ئازادی و سەقامگیرییان بۆ بەدیاری بێنێت.  هەندێکی تر لە هەمان کاتدا کە گۆشە نیگایەکیان بەرەو ئەمریکایە، بەڵام هاوکات تەپڵی دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ ڕژیمیش دەکوتن و ئەم خۆشباوەڕییە پەرەپێدەدەن کە گۆیا مەسەلەی کوردستان لەڕێگای دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییەوە چارەسەر دەکرێت. هەندێکیان وەک لقی کوردستانیی سازمانی موجاهدینی خەلق هەڵسووکەوت دەکەن و خەیاڵی کۆماری ئیسلامیی دیموکراتیک بەپێی شەرعی ئیسلامیان لەسەردایە. هەندێکی دیکەش کە تووشی سەرلێشێواویی ستراتێژیک بوون، وەشوێن ئەم قافڵەیە کەوتوون. ئەم حیزب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستییانە ئەگەر بەسەر دژایەتییەکانیاندا زاڵ بن و لەژێر هەر ناوێکدا ئەم چەتر یان بەرەیە پێکبێنن، لە ڕاستیدا بەردی بناغەی دەسەڵاتداریەتیی سیاسی حیزبەکانی کوردستانیان لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی داناوە. نەخشەڕێگای ئەم حیزبانە ئامادەکاری بۆ دەسەڵاتداریەتی ئەحزاب لە “دەورەی گوزار” یان دەورەی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە.

بەڵام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان زەرفییەت و پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە کە لە ستراتێژی سیاسی، ڕێکارەکان و لەڕاستیدا بێڕاهەی ئەحزاب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان تێپەڕێت و لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕەکان لە سەرتاسەری ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بەرپاکردنی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵکی لە کوردستان، وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان سەرکەوتووانە هەنگاو هەڵگرێت.

لەم ڕووەوە، کۆمەڵە لە چل و شەشەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی شەڕی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە خەڵکی کوردستان و لە سەروبەندی سێهەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوان، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان، ناوەندەکان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەکگرتن لە دەوری بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان بانگهێشت دەکات.

بەپێچەوانەی ئەو هێزانە کە بە دەخاڵەتی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکان ئومێدیان بەستووە، لەئێستادا ئاڵقەی سەرەکی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، گەشە و پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەدژی گرانی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، کەمبوونی ئاو و بەرق، لەدژی سیاسەتی شەڕەنگێرانە و ئەتۆمی و لەدژی ئەو مەحروومییەتانەیە کە ڕژیم بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و کۆمەک کردن بە سازماندانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئیعترازییانەیە.

تەنیا بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، بە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، بە پێکهێنانی کۆمیتە و ناوەندە جەماوەرییەکان لە دێهاتەکان لە گەڕەکەکانی شارەکان، بە پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکان و … دەتوانین هەر جۆرە بۆشاییەک لە مودیرییەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، کە لە ئاکامی لاوازبوونی دەوڵەتی مەرکەزیدا پێکهاتووە، بە مودیرییەتی ناوەندە ڕاستەقینەکانی جەماوەر پڕ بکەینەوە.

تەنیا بە پێکهێنانی ئەم ڕێکخراو و ناوەندە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ هاتنی یەکەمین شنەی شۆڕش و باشتربوونی هاوسەنگیی هێز، کرێکاران و زەحمەتکێشان  و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان دەتوانن لە خوارەوە و لەڕێگەی ئەم ناوەندانەوە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان تەنیا بە خۆڕێکخستن لە شۆراکان، کۆمتیەکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە دەتوانن لەگەڵ لێکهەڵوەشانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، لەئاستی جەماوەریدا چەکدار بن و بە هێزی چەکداری خۆیان لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان پارێزگاری بکەن.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان تەنیا بە سازماندران لە شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە دەتوانن بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییە دەسبەجێ ئابوورییەکانی خەڵک، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەهامەتیی ئابووری نەخشە دابڕێژن، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، بەرابەریی تەواوی مافەکانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە ڕاگەیەنن، تەفرەقەنانەوەی میللی و مەزهەبی پووچەڵ بکەنەوە و بەرنامەی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی جەماوەری بۆ ڕیشەکێش کردنی ستەمی نەتەوایەتی ڕاگەیەنن.

شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتداریەتی خەڵک لە کوردستان دەتوانن بە پشت بەستن بە بەشداریی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپ و حیزبە چەکدارەکان ڕێگری بکەن و ناکۆکییەکان لەڕێگەی خەباتی سیاسی و بەشێوەی شارستانییانە مسۆگەر بکەن.

کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکیی بزووتنەوەی سوسیالیستی لە کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ باقی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە شۆرای هاوکاری و لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران، لێبڕاوانە هەوڵ دەدات کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگا سەخت و دژوارەکان سەرکەوتووانە تێپەڕێنێ.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

١٥ی ئاگۆسستی ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv