فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا؛ خەرمانانی ١٤٠٤
شەممە ۲۲-۰۶-۱۴۰۴   |  13-09-2025

لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لەو کاتەی کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی وەک چەخماخەیەک ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی ڕژیمی جنایەتیکاری ئیسلامی داگیرساند، سێ ساڵ تێدەپەڕێت. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە بە ناوی ڕەمزی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد، بە شکۆیەکی چەند بەرابەر مەزنتر لە ئاخێزەکانی پێشوو هاتە مەیدان و لە هەمان ڕۆژانی یەکەمدا، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و ئیعترازاتی خەڵکی هەژاری شارەکانی پێکەوە پەیوەنددا و برووسکەئاسا پەرەی ئەساند و سەرانی ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانی ئاڵۆز و سەرسام کرد. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” پایەکانی ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند و بنبەستی ئیسلامیی سیاسیی وەک مۆدێلێکی حکوومەتی بە دەنگی ڕەسا ڕاگەیاند. ئاخێزی ژینا قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی توندتر کردەوە و نیشانی دا کە ئەم ڕژیمە تەنیا بە زەبری سەرکوت لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی گشتی حکوومەت دەکات. ئەم بزووتنەوەیە پاشەکشەی بە لیبڕالیسمی بورژوایی ئێرانی کرد کە لەژێرناوی خۆبەدوور گرتن لە توندوتیژی هەوڵی دەدا شۆڕش بە چەمکێکی هەڵە و ناڕەوا پێناسە بکات. ئەم بزووتنەوەیە بیری شۆڕشگێڕانەی بەهێز کرد و بۆ جارێکی تر شۆڕشی خستەوە سەر زمانەکان. ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە و بەربەستەکانی، دەرکی زەروورەتی ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی لە هەموو بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێز کرد. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا زیاتر لە هەموو کاتێک بە خەباتی ژنانی ئێران لەدژی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتی و جیهانیی بەخشی و پشتیوانیی بیروڕای پێشکەوتنخوازی لە سەرتاسەری جیهان بەرەو خۆی ڕاکێشا.

ئێستا لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەی هەموو تەمەنیدایە. قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆنەبوون و وێرانی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی وزە و قەیرانی ژینگە، لەئێستادا خۆی لە قەیرانی بەرینی وزە و دابەزینی زیاتری بەهای ڕیاڵ و گرانیی بێسنوور و داماویی ڕژیم لە دابینکردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالمدا نیشانداوە. ژنان بە پشتیوانەی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ڕوخساری شەقام و شارەکانیان گۆڕیوە. شکستی سیاسەتی ناوچەیی و لێکهەڵوەشانی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” یەکێک لە بناغەکانی ستراتێژی مانەوەی ڕژیمی داڕماند و شکستی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دوازدە ڕۆژە، سەرانی ڕژیمی تەنانەت لەناو ڕیزەکانی خۆشیاندا بێ ئیعتبار کردووە. بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا، پەرەسەندن و گەشەی ئەم بزووتنەوانەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی و هەموو ئەمانەش شەڕ و کێشمەکێشی باڵەکان و قەیرانی حکوومەتی خستووەتە قۆناغێکی نوێوە.

بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەژێر سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیدا لە بواری ڕێکخستنیشدا پێشڕوەییان کردووە. هاوکات توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە لە جەریانی ئەم ئیعترازات و مانگرتنانەدا هاتوونەتە مەیدان، ماتریالی ئینسانیی شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سەرتاسەرییان فەراهەم کردووە.

لە کاتێکدا کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بەهێزکردنی ڕێکخستنی ئەوان لە ئاستی سەرتاسەریدا درێژەی هەیە و سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی کوردستان لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەریدا نیشانیاندا کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی خواستەکانیان هەر لەم مەسیرەوە تەعقیب دەکەن، بەڵام ئەحزابی ناسیۆنالیست بە ئومێد بەستن بە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لەڕێگەی دەخاڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەکردەوە بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکی کوردستان هەوڵ دەدەن. ئەم لایەنانە لە پێناوی پڕۆژەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی بە هاوکاریی دەوڵەتەکان، کەوتوونەتە مەسیری شکڵدان بە چەترێکی سیاسیی واحد، وە بۆ دەسەڵاتداریەتی ئەحزاب لە کوردستان لە دوای ڕووخاندنی ڕژیم نەخشە دەکێشن. نەخشەڕێگای ئەم هێزانە ئامادەکاری بۆ دەسەڵاتداریەتیی ئەحزاب و هەژمۆنیی هێزە چەکدارەکانیان لە “دەورەی گوزار” واتە لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە.

بەڵام بەپێچەوانەی ئەم حیزب و لایەنانە کە بە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری ئومێدیان بەستووە، ئێستا ئاڵقەی سەرەکیی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وە لەڕاستیدا باشترین ڕێگا بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا و هەموو گیانبەختکردووانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە و ڕێزگرتن لەم داهێنانە جەماوەرییە، پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەدژی گرانی، هەژاری، بێکاری، کەمبوونی ئاو و بەرق، لەدژی سیاسەتی شەڕەنگێزانە و لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسییە. ڕێزگرتن لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا پێویستە لەگەڵ شێوازە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایەتی لەدژی ئەم مەحروومییەت و بێمافییانە ئاوێتە بکەین.

لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینادا دەبێ بڕیار بدەین کە ڕیزەکانمان ڕێکبخەین. تەنیا بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، بە پێکهێنانی کۆمیتە و ناوەندە جەماوەرییەکان لە گوند و گەڕەکەکانی شارەکان، بە پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکان و هیتر، دەتوانین هەرجۆرە بۆشاییەک لە بەڕێوەبەری و ئیدارەی کۆمەڵگا لە ئاکامی لاوازبوونی دەوڵەتی مەرکەزی بە مودیرییەتی ناوەندە جەماوەرییەکان پڕ بکەینەوە. تەنیا بە پێکهێنانی ئەم ڕێکخراو و ناوەندە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ هاتنی یەکەمین شنەی شۆڕش و باشتر بوونی هاوسەنگیی هێز، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان دەتوانن لە خوارەوە و بە پشت بەستن بەم ناوەندانە، ئیدارە و مودیرییەتی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بەدەستەوە بگرن.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان تەنیا بە خۆڕێکخستن لە شۆراکان، کۆمتیەکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە دەتوانن لەگەڵ لێکهەڵوەشانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، لەئاستی جەماوەریدا چەکدار بن و بە هێزی چەکداری خۆیان لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان پارێزگاری بکەن.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان تەنیا بە سازماندران لە شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە دەتوانن بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییە دەسبەجێ ئابوورییەکانی خەڵک، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەهامەتیی ئابووری نەخشە دابڕێژن، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، بەرابەریی تەواوی مافەکانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە ڕاگەیەنن، تەفرەقەنانەوەی میللی و مەزهەبی پووچەڵ بکەنەوە و بەرنامەی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی جەماوەری بۆ ڕیشەکێش کردنی ستەمی نەتەوایەتی ڕاگەیەنن.

 شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی دەسەڵاتداریەتی خەڵک لە کوردستان دەتوانن بە پشت بەستن بە بەشداریی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپ و حیزبە چەکدارەکان ڕێگری بکەن و ناکۆکییەکان لەڕێگەی خەباتی سیاسی و بەشێوەی شارستانییانە مسۆگەر بکەن.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە پشت بەستن بە زیاتر لە چوار دەیە خەباتی شۆڕشگێڕانە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کوشتار و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، توانا و پۆتانسیەلی ئەوەیان هەیە کە لە ستراتێژی سیاسی، ڕێکارەکان و لەڕاستیدا لە بێڕاهەی ئەحزاب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان تێپەڕن. لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕەکان لە سەرتاسەری ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ بەرپاکردنی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، بۆ وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان سەرکەوتووانە هەنگاو هەڵگرن.

لەم ڕووەوە، کۆمەڵە لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، بۆ جارێکی تر هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوان، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان، ناوەندەکان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەرەپێدان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بەشێوازی جۆراوجۆر، بۆ یەکگرتن لە دەوری ئاڵترناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان بانگهێشت دەکات.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ژینا ئەمینی و هەموو گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

١٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv

https://t.me/KomalaCpiranTv