فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی شەڕ و هێرشی نیزامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان
سێشەممە ۲۷-۰۵-۱۴۰۵   |  18-08-2026


گەلاوێژی ١٤٠٥

٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی شەڕ و هێرشی سەربازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەر کوردستان. چل و حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وادا، خومەینی فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەشکرانی جەهل و خورافات بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ ڕەوانەی کوردستان کران. بۆ ڕژیمێک کە سوور بوو لەسەر دامرکاندنەوەی گڕوتینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کۆتاییهێنان بەو سەرکوتەی کە ڕژیمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی دەستی پێکردبوو، کوردستانی شۆڕشگێڕ و ئەو کەشوهەوا خەباتکارانەیەی تێیدا زاڵ بوو، جێگەی تەحەمول نەبوو. بەڵام خەڵکی کوردستان و لە پێشەنگیاندا کۆمەڵە و کۆمۆنیستەکانی تر، پێداگر بوون لەسەر بەرگریکردن لە ئازادی و ئەو دەسکەوتانەی بە هێزی خۆیان بەدەستیان هێنابوو. خەڵکی کوردستان لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی ٨ مادەییەوە داواکارییەکانی خۆیان بە دەوڵەتی ناوەندی ڕاگەیاندبوو. بەڵام ئەوەی حکوومەتی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو دەیویست، دامرکاندنەوەی سۆزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و کپکردنی دەنگی شۆڕشی ئێران بوو لە کوردستاندا.

حکوومەتی ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە هێرش بۆ سەر بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر و دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئاستێکی سەرتاسەریدا دەستپێکردبوو و توانیبووی کۆمیتەکان و سپا ڕێک بخاتەوە و ئەرتەش نۆژەن بکاتەوە، ئیتر نەیدەتوانی شایەدی گەشە و پەرەسەندنی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانە بێت لە کوردستان و دەبووایە بە هەر جۆرێک بێت ئەم سەنگەری بەرگریکردنە لە ئازادی و دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین تێکبشکێنێت. هەر بۆیە دژەشۆڕشی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە هێرشکردنە سەر کوردستان لە هیچ دڕندەیی و وەحشیگەرییەک دەستی نەپاراست و بە تاوانی سامناکی وەک لەسێدارەدانی منداڵان لە پاوە، لەسێدارەدانی ١٧ کەس لە سەقز، لاوانی خەباتکار لە پادگانی مەریوان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە فڕۆکەخانەی سنە بە دەستی سادق خەڵخاڵیی جەللاد و کۆمەڵکوژییەکانی “قارنێ و قەڵاتان و ئیندەرقاش”، تێچووی ڕاوەستان و خۆڕاگریی بۆ خەڵکی کوردستان زۆر قورس کرد. بەڵام خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان سەرەڕای ئەم تاوانە سامناک و دژەمرۆڤانەیە، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانیان لە سەنگەری بەرگری لە ئازادیدا بوێرانە خەباتیان کرد و هیچ کات لە بەرامبەر دوژمندا سەری تەسلیمیان دانەنواند. ٢٨ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی تۆمارکردنی ئەم مێژووە و ساڵڕۆژی ڕێزگرتنە لە خۆڕاگری، خەبات و فیداکاریی لاوان، ژنان، پیاوان و هەموو ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانەی کە ئەم مێژووەیان خوڵقاند.

لەشکرکێشی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ موقاومەت و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە، لە درێژەدا بە پەرەسەندنی عەمەلیاتی غافڵگیرانەی هێزی پێشمەرگە لەلایەکەوە و ئیعترازاتی ڕۆژانەی جەماوەر لەسەر شەقام لەلایەکی دیکەوە، تێکشکا و ڕژیمی ناچار بە پاشەکشە و ئاگربەست و هاتنە پای مێزی وتووێژ کرد. گەڕانەوەی سەرلەنوێی هێزی پێشمەرگەی ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ ناو شارەکان و پێشوازیی شکۆداری خەڵک لێیان و پەرەسەندنی چالاکییە سیاسییەکان و پێکهاتنی شورا، ڕێکخراو و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و دەسەڵاتی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا، شکستی هێرشە دڕندانەکەی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی ڕژیمی یەکلا کردەوە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی خستە قۆناغێکی نوێی خۆڕاگری و خەباتەوە.

دوای ئەوەی لە دەرەنجامی سێ مانگ خۆڕاگریی چەکدارانەی حەماسیی هێزی پێشمەرگە و بزووتنەوەی جەماوەری لە شارەکاندا، سەرئەنجام ڕژیمی ئیسلامی پاشەکشەی کرد، خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لاوان بە دەستپێشخەریی خۆیان شێوازگەلێک لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگایان گرتەبەر و ئەزموونیان کرد. بەڵام ڕوون بوو کە هاوسەنگیی هێزە ناوخۆییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی دەسەڵاتداریەتیی جەماوەریی خەڵک لە کوردستان، لە هەموو جێگایەک وەک یەک نەبوو. سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی لێرە و لەوێ هەبوون و سەرەڕای سنوورداربوونی کات، خەڵکی کوردستان بۆ یەکەمین جار دەسەڵاتداریەتی لە خوارەوە، واتە دەسەڵاتداریەتیی شوراییان ئەزموون کرد، تامی ئازادییە بێ‌قەیدوشەرتە سیاسییەکانیان چێشت، پاشماوەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی (فێئۆداڵی)یان ڕاماڵی، زەوی بووە موڵکی ئەو کەسەی کاری تێدا دەکرد، ژنان لە ئاستێکی بەرفراواندا هاتنە مەیدانی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، و بناغەی پەروەردە و فێرکردنێکی پێشکەوتنخوازانە داڕێژرا. بۆ یەکەمین جار خەڵک ئیتر خۆیان لەژێر باری ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەییدا نەدەبینی. ئەو خۆڕاگرییەی کە دواتر لە بەرامبەر هێرشی ڕژیمدا کرا، لە ڕاستیدا بەرگریکردن بوو لەم دەسکەوتانە. بەڵام مەترسیی هێرشی سەرلەنوێی کۆماری ئیسلامی و میلیتاریزەبوونی کەشوهەوای کوردستان، بەناچار خەباتی چەکدارانەی خستە سەرووی هەموو شێوازەکانی تری خەبات و خۆڕاگرییەوە و دەرفەتی تەواو بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی ئەم دەسکەوتانە نەڕەخسا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە لە دانوستانی ڕاستەقینە لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان خۆی دەدزییەوە و بە مانۆڕی هەڵخەڵەتێنەرانە کاتی بۆ خۆی دەکڕی، سەرئەنجام لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩دا جارێکی تر هێزەکانی خۆی لە چەند بەرەیەکەوە بەرەو شارەکانی کوردستان ڕەوانە کرد و هێرشەکەی لە کامیارانەوە دەست پێکرد و لە دەروازەکانی شاری سنە نزیک بووەوە. خۆڕاگرییەکی حەماسیی ٢٤ ڕۆژە لەم شارەدا لەژێر ئاگری چەکە قورسەکانی دوژمندا کرا و ئەم خۆڕاگرییە لە شار و گوندەکانی تری کوردستان سەنگەر بە سەنگەر درێژەی پێدرا. ڕژیمی ئیسلامی نەیتوانی هیچ سەنگەرێک بێ تێپەڕین لە خۆڕاگریی قارەمانانەی خەڵکی خەباتکار و پێشمەرگەکان داگیر بکات. هەرچەندە ڕژیم سەرئەنجام توانی باڵادەستیی سەربازی بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە و تا ئێستاش ناتوانێت خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ناچار بە ملکەچی و تەسلیمبوون بکات. خەڵکی کوردستان بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکەی خۆیان لە فۆرمی جۆراوجۆر و لە سەنگەرەکانی تردا پاراست و درێژەیان پێدا و، کوردستانی شۆڕشگێڕ وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران، هێشتاش سەربەرزانە لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیدا وەستاوەتەوە.

*****

ئێستا لە چل و حەوتەمین ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ و لە سەروبەندی چوارەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بنبەستی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە شەڕ و، شکست و بێتواناییان لە جێگیرکردنی «ئاشتی»دا. شەڕەکە بە کردەوە گۆڕاوە بۆ شەڕێکی درێژخایەن و هەردوو لا بە خوڵقاندنی گرژیی سەربازی هەوڵ دەدەن خوێندنەوەی خۆیان لە دەرەنجامەکانی شەڕەکە جێگیر بکەن و هێزی چانەزنی و ئیمتیاز وەرگرتنیان لە دانوستانەکاندا بەرز بکەنەوە. کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە کۆگای مووشەکی و درۆنەکانی توانیویەتی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی نەوت و گازی وڵاتانی ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانج و، بە تێکدانی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بازاڕی وزە و ئابووریی جیهانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و کردوویەتی بە ئامرازێکی گوشاری سیاسی دژی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام بەهۆی تەنگژە و قەیرانی قووڵی ئابوورییەوە توانای بەردەوامبوونی لە شەڕدا نییە. حکوومەتی ئیسلامی لە دەرەنجامی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە و بە پچڕان یان کەمبوونەوەی توندی هەناردەی نەوت و گاز، بۆ دابینکردنی تێچووی قورسی درێژەدان بە شەڕ و بەپێوە ڕاگرتنی ماشێنی جەنگییەکەی بە توندی کەوتووەتە ژێر گوشارەوە، بەتایبەتی لە بارودۆخێکدا کە بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی هەژاری و بێکاری، هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور و ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارەی بەسەر ژیانی زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپێندراوە، خۆی لە مەترسیی سەرهەڵدانێکی جەماوەری و تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە. لەم بارودۆخەدا و لە کاتێکدا ئوسوولگەرا توندڕەوەکان و باڵی پایداری و… دەهۆڵی تۆڵەسەندنەوە و شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن لێدەدەن، بەڵام کۆدەنگییەک لەنێو باڵە دەسەڵاتدارەکانی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، ستراتیژیی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە ڕێڕەوی سازش و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێوشوێن دەگرێت. ئەوەی ڕوونە، لەژێر گوشاری واقیعەکانی شەڕ و ناتەبایی توانای ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ درێژەدان بە سیاسەتی شەڕخوازی، ناکۆکی لەسەر ئەم دوو ستراتیژییە جیاوازە بووەتە تەوەری سەرەکیی ململانێ و کێشمەکێشی باڵ و باندەکانی حکوومەت لەم قۆناغەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکاری لە ستراتیژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و گرتنەبەری ڕێگای سازش لەگەڵ ئەمریکا لەژێر گوشاری بنبەستی شەڕ و مەترسیی داڕمانی ئابووریدا، بە هیچ شێوەیەک بە واتای کرانەوەی فەزای سیاسی لە کۆمەڵگای ئێراندا نابێت. کۆماری ئیسلامی وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ستراتیژیی مانەوە و تاکتیکی بنەڕەتیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، درێژە بە سیاسەتی پەرەپێدانی سەرکوت دەدات. بەڵام کۆمەڵگای ئێران نیشانی داوە کە نە لەژێر گوشاری سەرکوتدا چاوترسێن دەبێت و نە بە بەڵێنی کۆتاییهاتنی گەمارۆکان و کرانەوە لە ژیانی ئابووریی خەڵکدا ڕێبازی چاوەڕوانی دەگرێتەبەر. ڕەوتی بارودۆخەکە، توندبوونەوەی ناتەباییە چینایەتییەکان و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەکردن و قووڵتربوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی خستووەتە ئاسۆوە. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی نا بۆ سێدارە و بزووتنەوەی دادخوازی و… لەم ساڵانەدا لە نەبەردێکی سەنگەر بە سەنگەردا دەسکەوتگەلێکیان بەدەستهێناوە کە شەڕ و سەرکوت نەیانتوانیوە لەناوی ببه‌ن. پێگەیاندنی توێژێکی بەرین لە ڕێبەرانی چەپ و ڕادیکاڵ لە دڵی ئەم خەباتانەدا و ئاستێک لە ڕێکخراوبوون، ئەو دەسکەوت و سەرمایە ستراتیژییانەن کە ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بە پشتبەستن پێیان بەردەوامی و ڕەوتی گەشەسەندنی خۆیان دەپارێزن. کەواتە هەروەک چۆن ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان و بزووتنەوەی نا بۆ سێدارە لەم بارودۆخە جەنگییەدا نیشانیان داوە، بەهۆی ڕەهەندە بەرفراوانەکانی بێکاری، بەرزبوونەوەی سات بە ساتی نرخی پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک، قەیرانی کەمیی ئاو و وزە و بەرینایی ئەو هەژاری و کارەساتەی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا سەپێندراوە و هەروەها بەهۆی داماویی دەوڵەت لە کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە، درێژە و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان حاشاهەڵگر و حەتمییە. لەم قۆناغەدا گرنگترین ئەرکی سۆسیالیستەکان، پەرەپێدان و بڵێسەدانە بە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی تر، و یارمەتیدانی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە و، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و پەرەپێدانی ئاسۆی ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیستییە.

*****

هەر بۆیە، کۆمەڵە لە چل و حەوتەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی شەڕ و دەستپێکی هێرشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کوردستان و لە سەروبەندی چوارەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی و، لەپێناو ئاراستەکانی سەرەوەدا، ئاشکراکردن و لەقاودانی ماهییەتی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی شەڕی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ جەماوەری‌کردنی خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ بە ئەرکی خۆی دەزانێت. هەروەها کۆمەڵە بە شێوەیەکی پێداگرانە درێژە بە چالاکیی ڕۆشنگەرانە دەدات سەبارەت بە زیانبەخشبوونی هەڵوێست و سیاسەتی شەڕخوازانەی ناوەندی هاوپەیمانیی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی لایەنگریانن، کە بەمەبەستی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خوازیاری درێژەکێشانی شەڕ و بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکان. ئەم شەڕە بە ڕەهەندەکانی بێکاری، گرانی و ئەو هەژاری و نەهامەتییەی بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و، بە پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، گەورەترین زەبری لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە. سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان، جگە لەوەی ڕەگ و ڕیشەی لە بێ‌بڕوایی قووڵی ئەوان بە هێزی مێژووسازی خەباتی جەماوەردایە، خەڵک لە چاوەڕوانیی هێزی ڕزگارکەری دەرەوەی سنوورەکاندا ڕادەگرێت. ئەم سیاسەتە زیان بە هێزی هاوپشتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری دەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە هەر کاتێک قایمتر و تۆکمەتری کرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە گرەوی قایمکردنی هاوپشتیی ئەم بزووتنەوەیەدایە لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی دیکەی کۆمەڵە، یارمەتیدانی ئامادەکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. ئەم دەرفەتانە نە بە هیوابەستن بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و نە لەو ڕێگا چەوتەی کە حیزبە ناسیۆنالیستە شەڕانگێزەکان لە کوردستان خستوویانەتە بەردەم خەڵکی کوردستان، بەڵکوو تەنها لە ڕێگەی هاندان و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی شەڕ و گرانی، بێکاری، کەمبوونی ئاو و کارەبا، دژی کوشتاری کۆڵبەران و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانەئارای دروشم و تاکتیکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییە واقیعییەکانی ئەم قۆناغە دەخوڵقێنرێن. هەر لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانەیە کە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە و پێکەوەگرێدانی تۆڕی چالاکان و ڕێکخەران لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا دەڕەخسێت. چالاکانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی دیکە، تەنها بە ڕۆڵگێڕان لەم ڕێڕەوەدایە کە دەتوانن ئەرکە قورس و چارەنووسسازەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا بە جێ بێنن.

تەنها بە وەڕێخستن و بەرفراوانکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و ئەو بێمافییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی، دەتوانرێت دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەکان، بنکەکان، شوراکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گوندەکان و گەڕەکەکانی شارەکان و پێکهێنانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکاندا بڕەخسێندرێت. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەر چەشنە بۆشاییەکی کارگێڕی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە لە ئەنجامی لاوازیی حکوومەتی ئیسلامی لە هەر هەلومەرجێکدا دروست دەبێت، بە بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە جەماوەرییەکان پڕ بکرێتەوە. تەنها بە دروستکردنی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ باشتربوونی هاوسەنگیی هێزدا، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستان دەتوانن لە خوارەوە و بە پشتبەستن بەم دامەزراوانە، ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.

دەبێت بە بانگەشەی بەردەوام بۆ ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی شورایی، دڵنیایی بدرێتە خەڵکی کوردستان کە دەسەڵاتداریەتیی شورایی و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە پرۆسەی یاسادانان و کاروباری جێبەجێکردندا، بە باشترین شێوەی مومکین پێداویستییەکانی وەدیهێنانی ئازادییە بێ‌قەیدوشەرتە سیاسییەکان، یەکسانیی تەواوەتیی ژن و پیاو، جیابوونەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و فێرکردن، دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و… هەروەها مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکات. تەنها لە سایەی دەسەڵاتداریەتیی شورایی و بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی تاکەکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگادایە کە پرسی نەتەوەیی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و لەپێناو بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتەی کوردستاندا چارەسەر دەکرێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی دەهێنرێت.

شوراکان و دامەزراوەکانی تری دەسەڵاتی جەماوەر لە کوردستان، دەتوانن بە پشتبەستن بە ئامادەیی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا، پێشگیری لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپ و حیزبە چەکدارەکان بکەن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و بە شێوازێکی شارستانییانە مسۆگەر بکەن.

کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان، بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ هێزەکان و چالاکانی تری چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان لە “شورای هاوکاری” و، لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە سەرتاسەری ئێراندا، پێداگرانە هەوڵ دەدات کۆمەڵگای کوردستان لەم تێپەڕگە سەختانە دەرباز بکات.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥

١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦