
دوای سێهەمین دیداری هەیئەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی و گفتوگۆی ئەم هەیئەتە لەگەڵ باقیی حیزبە سیاسییەکان لە تورکییە و هاتوچۆی هەیئەتەکان بۆ قەندیل و هەروەها دیدار لەگەڵ ڕێبەریی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستانی عێراق، سەرەنجام پەیامی “ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانەوە بڵاوکرایەوە. ئۆجەلان لەم پەیامەدا تیشکی خستووەتە سەر بەستێنە مێژووییەکانی پێکهاتنی پەکەکە و پێویستیی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، سوپاسی بانگەوازەکەی دەوڵەتی باغچەلی و ئیرادەی سەرۆک کۆماری کردووە و لە درێژەدا داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێت و کۆنگرەیەک بەڕێوەبەرێت و تێیدا هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیەنێت. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە هێندێک لە کاربەدەستان و میدیاکانی حکوومەتی تورکییە دیسان تەپڵی تیرۆریست پێناسەکردنی پەکەکەیان کوتا و چەک دانانی پەکەکەیان بە کۆتایی سەردەمی بەندکرانی تورکییە وەسف کرد. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێشوازیی لەم پەیامە کرد و هێندێک لە سەرانی ڕیاکاری دەسەڵاتەکانی ڕۆژاواش بە پۆزێتێڤ هەڵیانسەنگاند.
پەیامی ئۆجەلان لە بارودۆخێکدا بڵاوبووەوە کە زیاتر لە چوار مانگ لە پێشنیارەکەی باخچەلی ڕێبەری حیزبی فاشیستی “پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست” و دەستپێکی پرۆسەی ئەم گفتوگۆیانە تێپەڕیوە. باغچەلی داوای ئەوەی کرد ئیمکانی حزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پارلەمانی تورکییە فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی لەم تریبوونەوە داوا لە پەکەکە بکات کە چەک دابنێت. لەو کاتەوە هەتا ئێستا حکوومەتی ئەردۆغان نەک هەر هیچ هەنگاوێکی بۆ نیشاندانی نیازپاکی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان نیشان نەداوە، بەڵکوو سەرکوتگەری و سیاسەتی پان تورکیستی و نێئۆعوسمانیی خۆی دژبە خەڵکی کوردستان و لە بواری سیاسەتی ناوچەییدا درێژەپێداوە. دەوڵەتی تورکییە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوورییە بە یارمەتیی گرووپە میلیشیاکانی نزیک بە خۆی و ئەرتەشی میللیی سوورییە و بە پشتیوانیی تۆپخانە و هێزە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی تورکییە شەپۆلێکی تازەی لە هێرش بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریەی دیموکرات لە ناوچە کوردنشینەکان دەستپێکرد و هەروا درێژەی هەیە. دەوڵەتی تورکییە لە هەمان کاتدا بە کاریگەری خستنە سەر حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو لە دیمەشق بۆ لەناوبردنی ئەزموونی کوردستانی سووریە لە هیچ هەوڵێک دەریغی نەکردووە. لە کوردستانی عێراقیش سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی درێژەپێداوە. لە تورکیە ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەوانان و لەسەر کار لابردنی شارەوانییەکان کە لە پڕۆسەیەکی یاسایی و بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، بەردەوام بووە. پەیامی ئاشتیی ئۆجەلان لە کاتێکدا دەرکراوە کە دەوڵەتی تورکییە هیچ مەیلێکی بە چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیکی مەسەلەی کورد نییە. ئەگینا دەبووایە لە هەنگاوی یەکەمدا ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی ئازاد کردبایە و کۆتایی هێنابا بە هێرشی نیزامی و تاوانەکانی شەڕ لە کوردستانی سووریە.
لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی تورکییە هیچ هەنگاوێکی بۆ نیشاندانی نیازپاکی لەئاست کۆتایی هێنان بە سەرکوتی خەڵکی کوردستان و کۆتایی هێنانی شەڕ لەم ناوچەیە هەڵنەگرتووە و بە زەبری میلیتاریزم سیاسەتی سەرکوتگەرانەی درێژە داوە، ئەو باوەڕەی لەناو خەڵکی کوردستان و ئینسانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە سەرتاسەری تورکییە و ناوچەکەدا پەرەپێداوە کە بانگەشەی دەوڵەتی تورکییە بۆ ئاشتی، شێوازێکی دیکەیە لە سەرکوتگەری و پێشێلکردنی مافی سەرەتایی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستان. لە میانەی ترس و نیگەرانیدا و لە بارودۆخێکدا کە هیچ بەڵێنێکی کرداری بۆ پابەندکردنی دەوڵەتی تورکییە بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتگەری و چارەسەرکردنی دیموکراتیکی پرسی کورد گەڵاڵە نەکراوە، پەیامی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ی ئۆجەلان و فەرمانی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پێشوازیی ڕێبەریی پەکەکە لەم پەیامە وێڕای دەربڕینی هیوا بۆ ئازادیی ئۆجەلان بێجگەلە تەسلیم بوونی بێ شەرت و مەرج لە بەرامبەر ئیقتدارگەرایی نێئۆعوسمانیی ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست هیچ مانایەکی دیکەی نییە. ئەم سیاسەتە تەسلیمخوازانەیە دەتوانێ بێهوایی و دڵساردی لەناو بەشێک لە هێزەکان و خەڵکی کوردستان کە وەهم و خۆشباوەڕییان بە سیاسەتەکانی پەکەکە هەبووە دروست بکات. پێشمەرجی هەر ڕێگاچارەیەکی دیموکراتیک بۆ کۆتایی هێنان بە جیاکاری و نایەکسانیی سیستماتیک دژبە خەڵکی کوردستان لە گرەوی ئەوەدایە کە کۆتایی بە میلیتاریزم و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکییە لە کوردستانی سوورییە بێت و مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەڕەسمی بناسرێت. بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕێبەریی پەکەکە نەتەنیا ئەم لانیکەمانەیان لەبەرچاونەگرتووە، بەڵکوو فریوکارانە بانگەشەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ چەک دانانی پەکەکە بە بەشێک لە پێداویستییەکانی ڕەوتی دیموکراتیک لە تورکییە نیشان دەدەن. لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا تەنانەت زەمانەتی کرداری بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی گیانی و چالاکیی ئازادانەی ئەندامان و کادرەکانی پەکەکە لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ئاماژەی پێنەکراوە. ئەگەر بەڕاستی ڕەوت و کەشێکی دیموکراتیک بۆ چوونە ناو گفتوگۆ لەسەر خواستەکانی خەڵکی کوردستان دەستیپێکردووە، بۆچی دەبێ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پێشمەرجی دەستپێکی ئەم ڕەوتە بێت؟ بێگومان سیاسەتی تەسلیمخوازانەی ئۆجەلان و ڕێبەریی پەکەکە و تەسلیم بوون لە بەرامبەر خواستی ئەردۆعان و باخچەلی، بە بێ مولزەم کردنی دەوڵەتی هاوپەیمانی تورکییە و ڕەچاوکردنی کرداریی خواستە لانیکەمەکانی خەڵکی کوردستان، دەستی دەوڵەتی تورکییە لە درێژەدانی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و پان تورکیستی لە ناوەوەی تورکییە و فراوانخوازییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاواڵەتر دەکات.
بەڵام پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەریی پەکەکە لەسەر بەستێنی چ بارودۆخێکدا دەرکراوە؟ واقعییەت ئەوەیە کە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا سەرمایەداری لە کوردستانی تورکییەش بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. گەشەسەندنی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، بنکەیەکی کۆمەڵایەتی متمانەپێکراوی بۆ بۆرژوازی کورد لە کوردستانی تورکییەدا دابین کردووە و چینێکی مامناوەندی بەرینی پێکهێناوە. ئەم چینە سەرمایەدارە و خاوەنانی سەروەت و چینی مامناوەند، لە ئەنجامی پرۆسەی بەجیهانیبوونی سەرمایەداری و لەژێر کاریگەری ئەم پرۆسەیەدا، پاڵنەری چینایەتی خۆیان بۆ دروستکردنی بازاڕێکی ناوخۆیی لە چوارچێوەی سنووری جوگرافیای سیاسی و پێویستی پاراستنی ئەم سنوورەیان لەدەستداوە و لە ئەنجامدا هیچ مەیل و پاڵنەرێکیشیان بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوایەتی نییە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە تەنیا بە وەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی مەحەلی و بەشداربوون لە دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگەی مێکانیسمی هەڵبژاردنی پارلەمانی لە چوارچێوەی نیزامی دیکتاتۆری زاڵ و بە ئاڵوگۆری یەکجار چکۆلەی فەرهەنگی و سیاسی و ئیداری ڕەزایەت دەدەن. پارتە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان لە ئەنجامی ئەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، خۆیان زیاتر لە جاران لەگەڵ مەیل و ئاواتەکانی پێگە چینایەتییەکەیان گونجاندووە. لە کوردستانی تورکییە حیزبی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دروست ئەم ئاراستە چینایەتییە نوێنەرایەتی دەکات. دەم پارتی بەم ستراتێژییە سیاسییە تەنانەت لەناو کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناهوشیاری کوردستانی تورکییەشدا، کە خۆشباوەڕییان بەم ستراتێژییە هەیە، پێگەی جەماوەریی بەدەست هێناوە. بەشێک لە بزووتنەوەی جەماوەری لە کوردستانی تورکییە ساڵەهایە لەژێر هەژمۆنی ئەم حیزبەدایە. ئەم حیزبە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پارلەمان، هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و هیتر خەڵک لە ئاستی جەماوەریدا دێنێتە مەیدان. پێ بە پێی پەرەسەندنی نفووزی دەم پارتی، بۆشایی نێوان پەکەکە و ڕێبەرییەکەی لە قەندیل لەگەڵ ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە لە شارەکانی کوردستانی تورکییە کە لەژێر هەژمۆنی ئەم حیزبە ناسیۆنالیست و ڕێفۆرمیستەدایە، قووڵتر بووەتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕێبەریی پەکەکە کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ ڕێبەریی دەم پارتی هەیە لەم حەقیقەت و ئاڵوگۆڕانە ئاگادارن. ئەوان نەک هەر هەست بە دابڕانی زیاتری پەکەکە لەم بزووتنەوە جەماوەرییە لە شارەکانی کوردستانی تورکییە دەکەن، بەڵکوو پێیان وایە چالاکیی چەکداریی پەکەکە زیان بە ستراتیژی و چالاکییەکانی ئەو حیزبە دەگەیەنێت. لەڕاستیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە کردەوە بە ستراتیژی سیاسی دەم پارتی پەیوەست بووە و هەر بۆیەش ڕایدەگەیەنێت کە پەکەکە کۆتایی بە چالاکیی خۆی بێنێ و داوای لێدەکات چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. ئەمە ڕێگایەکی حەتمییە کە هەر ڕەوتێکی نامۆ لەگەڵ بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ناچارن بیگرنە بەر. عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ڕێبەر و ئیدئۆلۆگی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە ئەگەرچی ئەم ڕەوتە لەژێرناوی پارتی کرێکارانی کوردستاندا چالاکیی کردووە بەڵام هیچکات پەیوەندی بە نوێنەرایەتی کردنی بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە نەبووە. پەکەکە کە بەپێی سرووشتە ناسیۆنالیستییەکەی، ئامانج و سیاسەتەکانی ناتوانێ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە دەوری بەرژوەندی چینایەتیی خۆیان بێنێتە مەیدان و لەم ڕێگەوە بەرەنگاری دەوڵەتی تورکییە بێتەوە و ستراتێژی ڕێفۆرمیستیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان بەرێتە ژێر پرسیارەوە، بەکردەوە ڕێگای نزیکبوونەوە لەم ستراتێژییە ڕێفۆرمیستییەی گرتووەتەبەر. چەک دانانی پەکەکە بە هەر ئامانجێک ئەنجام بدرێت، حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە ناوچەکە کە بە درێژایی مێژوویان خەباتی چەکدارییان بە گرینگترین چالاکیی خۆیان پێناسە کردووە، دخاتە پێگەیەکی تازەوە.
لە کوردستانی تورکییەش تەنیا بە هێنانە مەیدانی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و بە وڵامدانەوە بە داخوازییە دیموکراتیکەکان لەوانە لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لە ڕوانگەی بەرژەندی کرێکارانەوە دەکرێت سیاسەتی فاشیستیی ئاکپارتی و حیزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست و هەروەها ستراتێژی ڕێفۆرمیستیی دەم پارتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. چونکە بە هەر ڕادەیەکیش دووکەڵی ستەمی نەتەوایەتی بچێتە چاوی چینی کرێکار و زەحمەتکێشەوە، کرێکارانی هوشیاری کوردستان تەنیا بۆ نەمانی ئەم ستەمە خەبات ناکەن. بەڵکوو خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوایەتیش بە خەبات دژبە ستەمی چینایەتی و بە خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و خوشگوزەران و یەکسان پەیوەند دەدەن. کۆمەڵە لە کوردستانی ئێران بە پشت بەستن بە ستراتێژی سۆسیالیستی کە هێنانە مەیدان و ڕێکخستنی چینی کرێکار لە دەوری بەرژەوەندی چینایەتی بنەمای سەرەکییەتی، توانیویەتی لێبڕاوانە هەوڵی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بۆ نزیکبوونەوە و هاوئاراستەیی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەت کە سەردەمانێک لەناو ڕژیمی ئیسلامیدا دەستیان دەڕۆی، بەرپەرچ بداتەوە. کۆمەڵە بە پشت بەستن بەم ستراتێژییە سۆسیالیستییە توانیویەتی سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە بورژوا نێئۆلیبڕاڵەکانی لایەنگری ڕۆژاوا و سەڵتەنەتخوازەکان و ئامادەییان بۆ سات و سەودا کردن لەسەر بەرژوەندی خەڵکی کوردستان لەبری بەدەستهێنانی هێندێک ئیمتیازاتی ورد و کەم بایەخ، بباتە ژێر پرسیارەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی
١ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی