
بەدوای پەلاماری سەربازیی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و داگیرکردنی ئەو گەڕەکانە، کە لە ئاکامدا دەیان کەس گیانیان لەدەست دا، سەدان کەس بریندار و هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی سووریە بە پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیە، لە چەندین لاوە هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا. هێزە جیهادییەکان بە داگیرکردنی شاری “عەین عیسا”، کۆبانی-شیان گەمارۆ داوە و ئاو و کارەبای شارەکەیان بڕیوە. ئەم هێزە داگیرکەرانە بەنداوی “تەشرین” و شارەکانی ڕەققە و تەبقە و بەشێک لە ناوچەکانی دێرەزووریشیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بە هێرشکردنە سەر زیندانی “شەدادی” کە دیلەکانی داعشی تێدا ڕادەگیران، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکانی داعشیان دەرباز کردووە. لە پەلامارەکانی ڕۆژی دووشەممەدا، گرووپە تیرۆریستە جیهادییەکان، داعشئاسا چەند کەس لە شەڕڤانانی (هەسەدە)یان کە بە دیل گیرابوون، سەر بڕی و بە مەبەستی چاوترسێنکردن و تۆقاندن ڤیدیۆکلیپەکانیان بڵاو کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە بەرفراوان و جنایەتانەی کە ئەنجام دران، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ژانویە، ئەحمەد ئەلشەرع واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دیموکرات بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئاشکرا کرد.
بەندەکانی ڕێکەوتننامەکەی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ کە لەژێر گوشاری دەوڵەتانی ئەمریکا و تورکیەدا بەسەر مەزلووم عەبدیدا سەپێندراوە، لە ڕاستیدا جەنبەی ئیجراییدانە بە هەمان ڕێکەوتننامە ٨ ماددەییەکەی کە لە نێوان فەرماندەی “هێزەکانی سووریەی دیموکرات” و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریە لە دەی مارسی ٢٠٢٥دا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەم “ڕێکەوتننامە” نوێیە، سەرجەم ئەندامانی هێزەکانی سووریەی دیموکرات لەناو پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریی سووریەدا بە شێوەی “تاکەکەسی” و دوای لێکۆڵینەوەی وردی ئەمنیەتی تێکەڵ دەکرێنەوە، هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بەتەواوی لە باری ئیداری و سەربازییەوە ڕادەستی دەوڵەتی سووریە دەکرێنەوە، سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەگەڵ دامەزراوە دەوڵەتییەکانی سووریەدا تێکەڵ دەکرێن، گشت کێڵگە نەوتییەکان ڕادەستی دەوڵەتی سووریە دەکرێن، بەڕێوەبردنی زیندان و کەمپەکان کە بنەماڵەکانی داعشی تێدا ڕادەگیرێن بە دەوڵەتی سووری دەسپێردرێت و ئەندامانی پەکەکە لە خاکی کوردستانی سووریە دەردەکرێن و هتد.
هێرشی بەرفراوانی سەربازیی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەحمەد ئەلشەرع بە هاودەستی و ئەندازیاریی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) و ئەو جنایەتانەی کە ئەنجامیان داوە، نابێ هیچ گومانێکی هێشتبێتەوە کە واژۆکردنی ڕێکەوتننامە ٨ ماددەییەکە لە نێوان مەزلووم عەبدی فەرماندەی “هێزەکانی سووریەی دیموکرات” و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریە لە دەی مارسی ٢٠٢٥ سەبارەت بە داننان بە مافی کورد و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریە بەپێی دەستوور، کە زۆرێک لە سەرانی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان وەک ڕێکەوتنێکی مێژوویی ناویان دەبرد، تا چ ڕادەیەک پووچ و بێبنەما بووە. دەرکەوت کە زەمانەتی مافی هەموو سوورییەکان لە پرۆسەی سیاسی و زەمانەتی بەشدارییان لە دامەزراوە حکوومییەکاندا سەربەخۆ لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی لەسەر بنەمای ئەم ڕێکەوتنە ٨ ماددەییە، درۆ بووە. دەرکەوت کە دڵخۆشکردن بە ڕەچاوکردنی مافی هاووڵاتیبوونی خەڵکی کوردستان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە و خەڵکی سووریە لە چوارچێوەی دەستوورێکدا کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە داڕشتنیدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، تا چەندە کارێکی ناعەقڵانییە. ئاشکرا بوو کە ڕێکەوتن لەسەر تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان کە لەسەر بنەمای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتنخوازانە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن، لەگەڵ دامەزراوە ئیسلامییەکانی حکوومەتی دیمەشق و ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان، سەرچاوەکانی دەرهێنانی نەوت و فڕۆکەخانەکان، تا چەندە لە دژی خواستی خەڵکی کوردستان و خەڵکی سەرانسەری سووریەیە. بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە لەمپەری سەرەکی لەبەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریە، داگیرکاری و شەڕەنگێزییەکانی دەوڵەتی تورکیەیە. کاتێک ئەحمەد ئەلشەرع ڕێکەوتننامە هەشت ماددەییەکەی بە ناوی سەرۆک کۆماری عەرەبیی سووریە واژۆ کرد، نیشانی دا کە دان بە کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە وەک “کۆماری سووریە” دانانێت. هەرچەندە ئەحمەد ئەلشەرع لە ڕێکەوتن لەگەڵ مەزلووم عەبدی پەرەپێدان بە رق و کینەی نەتەوەیی و مەزهەبی بە ڕەتکراوە ڕادەگەیەنێت، بەڵام سەرجەم کردەوەکانی ناوبراو لە ئاراستەی پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسیی ئیسلامی لە سووریە و لە نێویاندا کوشتاری عەلەوییەکان و کوردەکان، هەمووی لە خزمەت پەرەپێدان بە کینە و دووبەرەکیی نەتەوەیی و مەزهەبی بووە.
پەلاماری سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە شاری حەلەب و بەدوای ئەوە بۆ سەر شارەکانی کوردستان و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریەی دیموکرات و “ڕێکەوتننامە”ی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦، لە ڕاستیدا بەرهەمی سازش و پیلانی دەوڵەتانی تورکیە، سووریە، ئەمریکا و ڕەزامەندیی دەوڵەتی ئیسرائیل و حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی دیکەی ناوچەکەیە. دەوڵەتی تورکیە کە هەر لە سەرەتاوە بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستانی سووریەی وەک دڕکێک لە چاوی خۆیدا دەدی و یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتە شۆڤێنیستی و پاوانخوازانەکەی لەناوبردنی ئەم ئەزموونەی خۆبەڕێوەبەری بوو و لە هیچ هەوڵ و جنایەتێک بۆ لەناوبردنی درێغی نەکرد، ئێستا بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەمریکا و لە ڕێگای هێزە جیهادییەکانی ئەحمەد ئەلشەرعەوە ئامانجەکانی خۆی دەباتە پێشەوە. ئیمپریالیزمی ئەمریکا کە بە ئامانجی بانتر لە شەڕ لەگەڵ داعش و بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکان، هێزەکانی لەم ناوچەیە جێگیر کردووە، لە هەمان کاتدا کە هێزەکانی کوردستانی سووریەی وەک ئامرازێک لە شەڕی داعشدا بەکار هێنا، بەڵام ئاشکرا بوو کە بەرژەوەندی و هاوکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە لە چەندین لاوە بەیەکەوە گرێ دراون. ئەمریکا پێویستی بە هاوکاریی تورکیە هەیە کە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدایە و وەک پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕۆڵ دەبینێت؛ بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک لە باشووری تورکیە ڕۆڵێکی سەرەکی لە جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەم بنکەیە هەروەها یەکێکە لە شوێنە ستراتیژیکەکان بۆ عەمبارکردنی چەکی ئەتۆمیی ناتۆ؛ ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی نفوزی ڕووسیا لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریای ڕەش حیساب لەسەر هاوکاریی تورکیە دەکات؛ تورکیە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا، ئەمریکا بە پاراستنی ئاسایشی ئەم هێڵانە و کەمکردنەوەی وابەستەیی ئەورووپا بە وزەی ڕووسیا گرنگی دەدات؛ تورکیە خاوەنی دووەمین ئەرتەشی ناتۆیە و هاوکاری لەگەڵ تورکیە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ڕۆژئاوا پێویستە. هەر ئەم چەند خاڵە لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو ئەندامی ناتۆ، نەک تەنیا ڕێکەوتنە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیە و سووریە بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریەی دیموکرات و سەپاندنی ڕێکەوتننامە کۆیلەئاساکان پاساو دەدات، بەڵکوو هەمیشە زەنگێکی مەترسیدار بوون بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی گەورەتر لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستان.
لە ناو ئاڵۆزییەکانی دۆخی ئێستا و ئەو مەترسییانەی کە لەلایەن دەوڵەتانی سووریە، تورکیە و سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکاوە هەڕەشە لە بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستان دەکەن، تەنیا بەشداریی چالاکانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و پیاوانی چەوساوەی کوردستانی سووریە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و نهادینەکردنی دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی تاکوو ئێستا، چەکدارکردنی گشتی بۆ بەرگری لەم دەستکەوتانە و هەوڵدان بۆ دروستکردن و قایمکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەب لە سەرانسەری سووریە، دەتوانێت ئاسۆیەکی ڕوون بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە بخاتە بەردەم کۆمەڵگا. لەم هەلومەرجەدا، پێداگری لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە بریتین لە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەروەها مافی ژن لە ژینگەی خێزاندا، پێداگری لەسەر یەکسانیی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییەکان لە بەردەم یاسادا، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کاروباری ئیدارە و بەڕێوەبردنی شار و گوندەکان و پێداگری لەسەر ئازادییە سیاسییەکان و ڕەچاوکردنی لە کردەوەدا و… دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ڕاکێشانی هاوپشتیی مرۆڤە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان لە سەرانسەری سووریە لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.
خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانی سووریە دەبێ هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی خۆیان لە ناو خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبی سووریە، ناوچەکە و جیهاندا بدۆزنەوە. خەڵکی کوردستانی سووریە لە هەلومەرجی ئاڵۆزی ئێستادا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستیان بە پشتیوانی و داکۆکیی خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەیە. کۆمەڵە وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی سەربازیی دەوڵەتانی سووریە و تورکیە لە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا و جنایەتەکانیان دژی خەڵکی کوردستان، لە بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستانی سووریە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێ دەکەن، لێبڕاوانە پشتیوانی دەکات. ئەزموونی ڕۆژئاوا جارێکی تر سەلماندی کە نە ئەمریکا و نە هیچ هێزێکی ئیمپریالیست پشتیوانی ئازادی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵک نین و تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستنی ئاگایانە بە هێزی یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوە و بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستییەوە دەتوانرێت ماشینێ شەڕ و داگیرکاریی زلهێزە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری پاشەکشەی پێ بکرێت و ئاسۆی ڕزگاری بخرێتە بەردەم کۆمەڵگاوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤
١٩ی ژانویەی ٢٠٢٦