
بە پەیوەست بوونی زیندانی فیرووزئابادی پارێزگای فارس لە حەفتەی حەفتا و یەکەمدا، کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” بۆ ٤٦ زیندان پەرەیستاند.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” وێڕای پشتیوانی کردن لە مانگرتنی شۆفیر و خاوەن بارهەڵگرە زەحمەتکێشەکان کە بۆ دوازدەهەمین ڕۆژی بەردەوام لە مانگرتندان، سڵاو و دروودیان ئاراستە دەکات و لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا کە بەشێوازی جۆراوجۆر لەژێر ستەمدان داوا دەکات کە بە مانگرتنی شۆفیران پەیوەست بن و بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ پشتیوانییان لێ بکەن.
لە بارودۆخی ئێستادا کە هەموو ڕۆژێ شایەدی ڕووداو و کارەساتە دڵتەزێنەکان لە سەرتاسەری وڵاتین، حکوومەتی کوشتار و ئێعدام لە سیاچاڵەکانیدا، دەستە دەستە بەندکراوان لە بێدەنگیی تەواودا ئێعدام دەکات. وە بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و بە پاساوی دین ئەم تاوانە حکوومەتییانە بۆ دامرکاندنی مافخوازی و ئاخێزی جەماوەر بەڕێوەی دەبات. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرانە حەتمییە.
لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٦٧ بەندکراو، لەوانە ٣ ژن، ئێعدام کراون و بەشێوەی مامناوەند هەموو ڕۆژێ ٧ کەس ئێعدام کراون. تەنیا لە ڕۆژی ٧ی جۆزەرداندا، ٢٠ بەندکراو لەوپەڕی دڕندەییدا ئێعدام کران.
لەبیرمان نەچێتەوە کە ئەم ئاستە لە بەکارهێنانی سزای نامرۆڤانەی ئێعدام لەگەڵ پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا بووە. هەر لەو پێوەندییەدا بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردان ، پێدرام مەدەنی بە تۆمەتی سیخوڕی لە زیندانی قزل حەسار لە بێدەنگیی مێدیاییدا لە سێدارە درا. هەروەها، پێداچوونەوە بە حوکمی محەممەد مەهدەوی شایستە، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن سەڵەواتی “قازیی مەرگ” بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە و ئەم هاووڵاتییە بەندکراوە مەترسیی جیددیی ئێعدامی لەسەرە.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” داوا لە بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام دەکات کە ڕەوتی پەروەندەی ئازیزانیان بە خێرایی میدیایی بکەنەوە و بیروڕای گشتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ ئاگادار بکەنەوە. تا بەم ڕۆشنگەرییانە بتوانین ماشێنی کوشتار و ئێعدام ڕابگرین. نابێ فریوی فرتوفێڵ و هەڕەشەی مەئموورانی ئیتلاعات و بازجووەکان بخۆین. با نەهێڵین حکوومەت لە بێدەنگیدا بەندکراوان ئێعدام بکات و بە قەتڵی حکوومەتی، لە مافی ژیان بێبەرییان بکات.
وێڕای سپاس و پێزانین بۆ کەسوکاری بەندکراوان کە چەندین حەفتەیە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵات “نا بۆ ئێعدام” هاوار دەکەن و پشتیوانی لەم کەمپەینە دەکەن، دووبارە لە هەموو خەڵک بەتایبەت بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام داواکارین کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ لە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پشتیوانی بکەن و بنەماڵە ناڕازی و دادخوازەکان بەتەنیا نەهێڵنەوە.
دەبێ هاواری “نا بۆ ئێعدام” لە هەموو شار و لە هەموو شەقامێک دەنگ بداتەوە. چونکە ئەم دەسەڵاتە ڕۆژانە خانەوادەکان لە هەموو گۆشەیەکی ئەم وڵاتە جەرگ سووتاو و داغدار دەکات. هێزی ئێمە لە یەکگرتن و هاوپشتیدایە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە کەمپەین، کۆمەڵێک لە بەندکراوانی زیندانی فیرووزئابادی پارێزگای فارس، لە حەفتەی حەفتاو یەکەمدا، لە ڕۆژی ١٣ی جۆزەردانەوە، بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام پەیوەست دەبن و هەموو سێشەممەیەک مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبەن.
بەمجۆرە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە حەفتەی حەفتاو یەکەمدا، ئەندامانی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە ٤٦ زیندانی خوارەوە مانگرتن لە خواردن بەڕێوە دەبەن.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام
سێشەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە