
زیاتر لە ٣هزار کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، حقووقدان، موعەلیمان و بنەماڵەی دادخوازان، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەک، خوازیاری ئازاد کرانی بێ شەرتومەرجی بەندکراوانی سیاسی، عەقیدەتی و ڕۆژنامەنووسان بوون.
لە بەشێک لەم بەیانییەدا هاتووە: ئەم بەندکراوانە بەبێ هیچ تاوانێک و بە پێچەوانەی ئەسڵی “یاسایی بوونی تاوان و سزادان” دەستبەسەر و خراونەتە زیندان و لە دژایەتی تەواو لەگەڵ ئەسڵی “حقووقی شەخسی بوونی سزاکان”، بنەماڵەکانیشان سزا دراون و ئەزیەت و ئازار دراون. ئەم کەسانە لە لایەن ناوەندێکی نایاسایی و ناسەربەخۆ و بەدوور لە هەر چەشنە مافێکی دادوەری و هەروەها بەبێ پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و مافی داکۆکی لە خۆیان، زیندانی کراون.
واژۆکارانی ئەم بەیانییە هەروەها وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بارودۆخی بەندکراوان و ئەگەری بەکردەوە دەرهاتنی حوکمی ئێعدامەکان لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، داوایان لە سەرجەم خەڵک کردووە کە بەدوور لە هەر بۆچوون و باوەڕێک کە هەیانە، پشتیوانی لەم بەندکراوانە بکەن.