فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیانیەی زیاتر لە ٣٠٠ هەڵسووڕاوی ژن؛ “نا بۆ ئێعدام، هیچ‌کات و بۆ هیچ‌کەس”
پێنجشەممە ۰۵-۱۱-۱۴۰۲   |  25-01-2024

لە درێژەی کاردانەوەکان بە جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی دوو زیندانی سیاسی لە ئێران بە ناوەکانی “مۆحەمەد قوبادلوو” و “فەرهاد سەلیمی”، “کەمپەینی مافەکانی مرۆڤی ئێران” بەیانییەکی بڵاوکردووەتەوە کە بە واژۆی ٣٠٠ هەڵسووڕاوی ژن گەیشتووە و تێیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر حوکمی ئیعدام هاتووە: “دەرچوونی سزای ئێعدام، هیچ‌کات دادپەروەری تێدا نییە. نە سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی و نە هیچ سیستەمێکی قەزایی تر دەسەڵاتی بڕیاردانی سەبارەت بە ژیان نییە، ئەمە ناوی ڕەمزی خەباتی ئێمەی نیە.”
دوابەدوای ئەوەیکە ٦١ ژنی زیندانی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانی ئێوینی تاراندا، ڕایانگەیاند کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی “بەرامبەر بە ئێعدام و لە پێناو ڕاگرتنی سزای ئێعدام” لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان مان لە خوواردن دەگرن. بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پێشوازی زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی دیکە و بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.
لە بەیانیەی ئەو ٣٠٠ هەڵسووڕاوە ژنەدا هاتووە: “چاوپۆشی لە جێبەجێ‌بوونی سزای ئێعدامی ستەم‌ لێکراوان ناکەین، کە خێرا و بەبێ هەستیاری حوکم‌دران و حوکمەکەشیان جێبەجێ‌کرا. چاپۆشی ناکەین لەوەیکە ئەوانەی مەترسی جێبەجێ‌کردنی حوکمی ئێعدامیان لەسەرە، لە چینی هەژاری کۆمەڵگا، نەتەوە بن‌ دەستەکان، کۆچبەران و کچانی قوربانی منداڵ هاوسەری، کە نە دەستیان بە پارێزەر ڕاگەیشتووە و نە پشکیان لە مافی تاوانباران لە پڕۆسەی دادوەری‌دا بەرکەوتووە”.
هەروەها هەڵسووڕاوانی ژن ڕایانگەیاندووە کە “داواکاری ئێمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، جیاوازی ناخاتە نێوان ئەو زیندانیانەی کە بەهۆی تاوانی گشتی یا کردەوەی سیاسییەوە دەستبەسەر کراون و یەک دەنگ بەیەکەوە دەڵێین، نا بۆ ئێعدام، هیچ‌کات و بۆ هیچ‌کەس”.