فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە بۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی “ژینا ئەمینی” و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١
یەکشەممە ۱۵-۰۶-۱۴۰۵   |  06-09-2026

جەماوەری تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

کرێکاران، ژنان، لاوان و خەڵکی چەوساوەی ئێران!

چوار ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت؛ تاوانێک کە بڵێسەی خستە تووڕەیی پەنگخواردووی ملیۆنان مرۆڤ و بووە دەستپێکی یەکێک لە بەرینترین و ڕادیکاڵترین ڕاپەڕینەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران.

ژینا، ئەو ژنە گەنجەی تەنیا بەهۆی یاسای کۆنەپەرستانەی حیجابی زۆرەملێوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیدا گیانی لەدەست دا. بەڵام دەسەڵات نەیتوانی ئەم تاوانە لە بێدەنگیدا بنێژێت. بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و وێنە دڵتەزێنەکانی ژینا، ناڕەزایەتییەکان سەرەتا هەر لەو شەوەوە لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاران دەستیان پێ کرد و پاشان بە ڕێوڕەسمی مێژوویی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، هاواری «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە هەستا و بەخێرایی سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە.

کوشتنی ژینا تەنیا چەخماخەیەک بوو، بەڵام زەمینەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە ماوەی دەیان ساڵدا داڕێژرابوون. هەژاری و نایەکسانی، چەوساندنەوەی توندی هێزی کار، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سەرکوتی سیاسی، ستەمی نەتەوەیی، زیندان و سێدارە، تووڕەییەکی قووڵیان لە نێو کۆمەڵگەدا کەڵەکە کردبوو. ڕاپەڕینی خەرمانانی ١٤٠١، تەقینەوەی ئەو تووڕەییە پەنگخواردووە بوو؛ کۆمەڵگەیەک کە چیتر نەیدەویست نەزمی زاڵ تەحەموول بکات. ئەم ڕاپەڕینە جارێکی تر گوتاری شۆڕش و شۆڕشگێڕبوونی هێنایەوە نێو جەرگەی هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و، ئەو ڕەوتانەی ساڵانێک بوو دژی چەمکی شۆڕش پڕوپاگەندەیان دەکرد، ناچاری کردن لە ئاست خواستی شۆڕشدا تەسلیم بن.

یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ژینا، جێگیربوونی پرسی ئازادی و ڕزگاریی ژنان بوو لە چەقی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ژنان و کچانی گەنج بە فڕێدانی حیجابی زۆرەملێ، ئامادەبوونی ئازایانەیان لە شەقامەکان و بەرەنگاربوونەوەی یاسا و بەها دژەژنەکان، نەک تەنیا دژی پۆشاکێکی زۆرەملێ، بەڵکوو دژی نیزامێک وەستانەوە کە ژێردەستەیی ژنانی کردووەتە بەشێک لە پێکهاتەی یاسایی، سیاسی و کولتووریی خۆی. ئەم ڕاپەڕینە سەلماندی کە ئازادیی ژنان لە ئازادیی گشت کۆمەڵگە دانابڕێت. چوار ساڵ پاش کوشتنی ژینا، کۆماری ئیسلامی هێشتاش هەوڵ دەدات بە یاسا دژەژنەکان، هەڕەشە، دەستبەسەرکردن و گوشاری ئەمنی، بەرخۆدانی ژنان پاشەکشە پێ بکات؛ بەڵام کۆمەڵگە ناگەڕێتەوە بۆ پێش خەرمانانی ١٤٠١. ملیۆنان ژن و پیاو لە کردەوەدا، یاسا و بەها سەپێندراوەکانی دەسەڵاتیان خستووەتە ژێر پێوە.

ڕاپەڕینی ژینا ئەگەرچی لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، بەڵام هەر لە کوردستاندا قەتیس نەما. لە سەقز، سنە، مەهاباد و بۆکانەوە تا تاران، ڕەشت، شیراز، ئیسفەهان، مەشهەد، زاهیدان و دەیان شاری دیکە، جەماوەر هاتنە مەیدانەوە. کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە خەباتی خەڵکی کوردستان و ناوچە ستەمدیتەکانی دیکە لەژێر پاساو و ناونیشانی درۆینەی «جیاخوازی» لە خەباتی سەرتاسەری داببڕێت، بۆ ئەوەی زەمینەی سەرکوتی خوێناوی خۆش بکات؛ بەڵام هاوپشتیی بێ‌وێنەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران، بەتایبەت هاوارەکانی پشتیوانیی سیستان و بەلۆچستان بۆ کوردستان و گرێخواردنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ئەو سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەی تێکشکاند. ڕاپەڕینی ژینا جارێکی تر نیشانی دا کە خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەژاری، چەوساندنەوە و ئیستبدادی سیاسی، لەنێو خەباتێکی هاوبەشدا بۆ ڕزگاریی گشت کۆمەڵگە پێکەوە گرێ دەخۆن.

کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ڕاپەڕینی جەماوەردا پەنای بۆ کوشتار، زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و دروستکردنی کەشێکی توندی ئەمنی برد. سەدان کەس گیانیان بەخت کرد و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کران. بەڵام دامرکاندنەوەی شەپۆلێکی شەقام بە واتای کۆتاییهاتنی خەبات نییە. بەرخۆدانی ژنان، ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی کرێکاران، خۆڕاگریی خانەنشینان و مامۆستایان و پێداگریی بنەماڵە دادخوازەکان نیشانی دەدەن کە زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناڕەزایەتی هێشتا ماون و لە جێی خۆیانن. هەژاری و نایەکسانی قووڵتر بووەتەوە، ئاسایشی کاریی ملیۆنان کرێکار لەناو چووە و، سەرکوت و سێدارە بوونەتە ئامرازی ڕۆژانەی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی.

بۆ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، خەبات بەرامبەر بە ستەمی ژنان تەنیا لە هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێدا کورت نابێتەوە؛ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاساکانی پشتیوانی هەڵاواردن، یەکسانیی تەواو و بێ‌مەرجی ژن و پیاو لە گشت بوارەکاندا، سەربەخۆیی ئابووریی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی کولتووری پیاوسالارانە، لە خواستە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازادن. ڕزگاریی ژنان لە خەبات دژی هەژاری و چەوساندنەوەی چینایەتی جیاناکرێتەوە. ئازادیی ڕاستەقینە کاتێک مانا پەیدا دەکات کە کۆمەڵگە لە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی چەوسێنەرانە و سەرکوتگەرانە ڕزگاری ببێت.

ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت ڕاپەڕینی ١٤٠١ نیشانی دا کە خەڵکی ئێران ناتوانن چاوەڕوانیی ئازادییان لە دەوڵەتانی دەرەکی یان ڕەوتە کۆنەپەرستەکان هەبێت. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بە وەڕێخستنی شانۆگەرییەکی وەک “جۆرج تاون” و سەودا و مامەڵەی دیپلۆماتیک، نەیتوانی سواری شەپۆلەکانی ناڕەزایەتیی خەڵک بێت و بە شێوەیەکی ڕیسوایانە شکستی هێنا. ئێمە لە هەمان کاتدا کە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین، هەر جۆرە ئالتەرناتیڤ‌سازییەک لە سەرەوە، گەڕاندنەوەی فۆرمەکانی دیکەی ئیستبداد و هەوڵی زلهێزە دەرەکییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی جەماوەر، بەتوندی و لێبڕاوانە ڕەت دەکەینەوە. ئازادی نە لە سەرەوە دەبەخشرێت و نە لە دەرەوەش هاوردە دەکرێت؛ ئازادی بەرهەمی خەباتی وشیارانە، ڕێکخراو و سەربەخۆی خودی جەماوەرە. یەکێک لە وانە بنەڕەتییەکانی ڕاپەڕینی ژینا ئەوەیە کە ئازایەتی و ناڕەزایەتی، بۆ خوڵقاندنی وەرچەرخانێکی پایدار، پێویستی بە خۆڕێکخستنە. هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە کاتێک فۆرم دەگرێت کە کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ڕێکخراوە سەربەخۆ و شۆراییەکانی خۆیان لە شوێنەکانی کار و گەڕەکەکاندا دروست بکەن و پەرەی پێ بدەن. شۆراکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، نەک تەنیا ئامرازی خەباتن دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو کۆڵەکە و بنەمای بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵکن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی داهاتوو.

چوارەمین ساڵوەگەڕی کوشتنی ژینا تەنیا بیرهێنانەوەی تاوانێک نییە، بەڵکوو بەرزڕاگرتنی خەباتێکی زیندووە. ئێمە یادی “ژینا ئەمینی” و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکەی خەرمانانی ١٤٠١ بەرز ڕادەگرین و، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بانگەواز لە هەمووان دەکات کە چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا بکەنە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی، پەرەپێدانی خۆڕێکخستن و گرێدانی خەباتە هەنووکەییەکان بە یەکترەوە.

کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەبێ ئازادیی ژنان مەحاڵە؛ ئازادیی سیاسی بەبێ یەکسانیی کۆمەڵایەتی ناتەواوە؛ و ڕزگاریی کۆمەڵگەش تەنیا بە هێزی وشیار، ڕێکخراو و سەربەخۆی خودی جەماوەر دەستەبەر دەبێت.

بەرز و بەڕێز بێت یادی “ژینا ئەمینی” و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەرمانانی ١٤٠١

بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئێران!

بژی دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەر!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

خەرمانانی ١٤٠٥

سێپتەمبەری ٢٠٢٦