ماشێنی کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خێراتر بووەتەوە. لەئێستادا بەندکراوانی سیاسی موجاهد کورکور، موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی و دەیان بەندکراوی دیکە مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە. سزای ئێعدام وەک کوشتنی ئەنقەستی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراو هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە و یەکێک لە ئامرازەکانی بۆ لەناوبردنی نەیارانی سیاسی و چاوترسێن کردنی خەڵک بووە. بەڵام ئەمجار سەرانی ڕژیم بە ئاشکرا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا ئەم شەپۆلەی ئێعدامیان خستووەتە ڕێ.
لە بارودۆخی ئێستادا تەنها بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان لە سەرانسەری ئێران و بەرپاکردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، دژبە ئەحکامی ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ بەر بە درێژەی شەپۆلی ئێعدام، بەربە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت و پاشەکشە بە ڕژیم بکات. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا دەتوانێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.
سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە
بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ