فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە پەرەپێدان و سەرتاسەری‌کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، وەڵامێکی ددانشکێن بە هەڕەشەکانی خامنەیی بدەینەوە
دوشەممە ۱۵-۱۰-۱۴۰۴   |  05-01-2026

وتەکانی ئەم دواییەی خامنەیی سەبارەت بە جیاکردنەوەی «ناڕازی» و «ئاژاوەگێڕ» و پێداگری لەسەر ئەوەی کە دەبێ «ئاژاوەگێڕ لە جێی خۆی دابنیشێندرێت»، درێژەی لۆژیکی ستراتیژیی توندترکردنەوەی سەرکوتە لە بەرەوڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەر چەشنە ڕاپەڕینێکی جەماوەریدا؛ ئەو ڕاپەڕینانەی کە ڕەگ و ڕیشەیان لە هەژاری، هەڵاواردنی پێکهاتەیی و سەرکوتی سیاسی دایە. ئەم جیاکردنەوە بە ڕواڵەت یاساییە لە نێوان ناڕەزایەتیی «ڕێگەپێدراو» و «ئاژاوە»، لە ڕاستیدا بەرگێکی ئایدۆلۆژیکە بۆ مەشرووعییەت‌دان بە سەرکوت، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو و ئەمنییەتی‌کردنی تەواوەتیی کەشوهەوای کۆمەڵگا.

ئەم هەڕەشانە دەرخەری ئاشکرای ڕۆڵی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامییە وەک ئامرازێکی ڕێکخراوی توندوتیژیی چینایەتی؛ ڕژیمێک کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پارێزگاری‌کردن لە موناسباتی زاڵمانەی سەرمایەداری و بەرهەمهێنانەوەی نەزمی کۆنەپەرستانە. وتارەکەی خامنەیی ڕێنماییگەلێکی عەمەلییە بۆ دەزگای سەرکوت. چەمکی «ئاژاوە» (اغتشاش) لە گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا، وشەیەکی قووڵ و پڕمانای چینایەتی و سیاسییە. ئەم چەمکە بۆ تاوانبارکردنی هەر هەوڵێکی ڕێکخراو و سەربەخۆی جەماوەر بەکاردێت؛ هەوڵێک کە لە سنووری ناڕەزایەتییەکی بێ‌مەترسی، کۆنترۆڵکراو و ناکاریگەر تێپەڕێت. کاتێک وەلی فەقیهی کۆماری ئیسلامی، ناڕازییانی سەر شەقام بە «بەکرێگیراوی دوژمن» یان «هۆکاری نائەمنی» ناو دەبات، تەواوی خەباتی زیندووی چینایەتی لە ناوەڕۆکی ماددی و کۆمەڵایەتییەکەی بەتاڵ دەکات. ئیتر ناڕەزایەتی وەک کاردانەوەیەکی عەقڵانی بەرانبەر بە هەژاری، چەوسانەوە و سووکایەتی سەیر ناکرێت، بەڵکوو بۆ ئاستی «پیلانێکی دەرەکی» دادەبەزێندرێت. بەم شێوەیە، هەر پرسیارێک سەبارەت بە ڕیشەی ڕاستەقینەی قەیرانەکە، واتە پەیوەندییە ئابووری، چینایەتی و سیاسییەکان، لە دەستووری کار دەچێتە دەر.

ئەم پێچەوانەکردنەوە بەئەنقەستەی ڕاستییەکان، هەمان کارکردی بەلاڕێدابردنی ئاگایی کۆمەڵایەتی بە قازانجی چینی دەسەڵاتدار و شاردنەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات و چەوسانەوەی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕستەی «لەگەڵ ناڕازی قسە دەکەین، بەڵام ئاژاوەگێڕ دەبێ لەسەر خۆی دانیشێندرێت»، شتێک نییە جگە لە هێڵ کێشان لە نێوان ناڕەزایەتیی بێ‌مەترسی و کۆنترۆڵکراو لە چوارچێوەی یاسا کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم و ناڕەزایەتی وەک سەرەتاییترین مافی دەربڕینی بیروڕای جەماوەر. ناڕەزایەتییەک کە نەزمی مەوجوود نەخاتە بەر مەترسی، تەحەمول دەکرێت؛ بەڵام هەر ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینە کە هۆکارانی سەرەکیی ئەم دۆخە کارەساتبارە بکاتە ئامانج، ناوی «ئاژاوە»ی لێ دەنرێت و وەک شیاوی سەرکوت دەناسرێت.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تا ئەو کاتەی ناڕەزایەتییەکەیان لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کە ڕژیمی ئیسلامی دیاری کردووە سنووردار بمێنێتەوە، «دڵسۆزی»ـیەکی ڕواڵەتییان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام دەستبەجێ کاتێک ئەم تووڕەییە دەبێتە مانگرتن، دەستبەسەرداگرتنی شوێنی کار، یان ئاخێزی سەر شەقام دژی گشت نیزام، یەکسەر دەبێتە مەسەلەیەکی «ئەمنیەتی». بنەمایەکی هەمیشەیی وتارەکانی خامنەیی، لکاندنی هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتییە بە «دوژمنی دەرەکی» و «شەڕی نەرم». خەڵکێک کە لە گرانی، بێکاری، حەقدەستی کەم و گەندەڵیی وەزاڵە هاتوون، تا ئەو کاتەی لە چوارچێوە بێ‌مەترسییەکاندا قسە بکەن بە «خۆدی» ئەژمار دەکرێن؛ بەڵام کاتێک شەقام دەکەنە مەیدانی دەربڕینی ڕا و خەباتی ڕاستەوخۆ، شوناسیان بۆ «بەکرێگیراوی دوژمن» دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییە لە زمان و دەربڕیندا، ئامرازی سەرەکییە بۆ شەرعییەت‌دان بە توندوتیژیی دەوڵەتی. کوشتن یان زیندانی‌کردنی «ئاژاوەگێڕی بەکرێگیراوی دوژمن» ئیتر کوشتنی ڕۆڵەی چینی کرێکار یان لاوێکی بەشخوراو نییە، بەڵکوو وەک «بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی» وێنا دەکرێت. ئەم وێنەیە دوو ئەرکی هاوکاتی هەیە: لە لایەکەوە دژایەتیی سەرەکیی نێوان کار و سەرمایە دەشارێتەوە و لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدات توێژە دوودڵەکان لە پشت دەوڵەتی دەسەڵاتدارەوە بەڕیز بکات.

لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی ئابووری و بێ بایەخ بوونی بەهای پارەی ئێران ژیانی ملیۆنان کەسی وێران کردووە، دەسەڵات لە جیاتی وەڵامدانەوە، هەوڵ دەدات ئاراستەی تووڕەیی کۆمەڵایەتی بەرەو دەرەوە بەرێت. «دوژمنی دەرەکی» دەبێتە قەڵغانێکی ئایدۆلۆژیک تا هم بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی چینی دەسەڵاتدار لاببرێت و هەم تەواوی جۆرەکانی ڕێکخستنی ڕادیکال لە خوارەوە، بە ناوی «پڕۆژەی دوژمن» سەرکوت بکرێت.

پێویستە بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان و هەرچی جەماوەریترکردن و سەرتاسەری‌کردنەوەی خەبات، وەڵامی ئەم هەڕەشانە و فەرمانی توندترکردنەوەی سەرکوتەکەی خامنەیی بدرێتەوە. مەسەلەی سەرەکی، پێکەوەگرێدانی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کرێکاران، زەحمەتکێشان، پەراوێزخراوان، خوێندکاران و لاوانی بێزار لە هەژاری و بێکاری و بێ‌مافییە کۆمەڵایەتییەکان و ژنانی ئازادیخوازە کە ئاڵاهەڵگری خەبات دژی هەڵاواردنی ڕەگەزین. کرێکاران کە قوربانیانی سەرەکیی ئەم هەژاری و نەهامەتی و گرانییەن، پێویستە وەڵامی هەڕەشەکانی خامنەیی بە ڕێکخستنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا بدەنەوە.

ترسی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە «ئاژاوە» دەبێ بکرێتە کابووسی مەرگی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە و ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە شەقام و کارخانە پێکەوە گرێ بدرێن؛ کاتێک کە مانگرتنە کرێکارییەکان بە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەوە پەیوەست بن. کاتێک کە مانگرتنە کرێکارییەکان ببنه بڕبڕەی پشتی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان و ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە کار بخەن. کاتێک کە کارخانە، قوتابخانە، زانکۆ و گەڕەکەکان ببنە تۆڕێکی یەکگرتوو لە بەرخودان و هێرشبردن و دەسەڵاتی ئابووری و سەرکوتی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی ئیفلیج بکەن.

لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا و لەسەر بستێنی پەرەپێدانی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانە کە هەوڵ و تێکۆشانی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. دەبێ لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان، بۆ دامەزراندنی شۆرا کرێکارییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی تری کرێکاران لەوانە یەکێتی و سەندیکاکان هەوڵ بدرێت. ژنان و لاوان لە گەڕەکەکاندا لە جەرگەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا و بە پشت‌بەستن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پێکەوەگرێدراوەکانیان، کۆمیتە و شۆرای گەڕەکەکان پێک بهێنن. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی وەک «ئازادی، یەکسانی، ئیدارەی شۆرایی» و «نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی» بکرێنە دروشمی جەماوەری. مەسەلەکە تەنیا هەرەس‌پێهێنانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو پێویستە کرێکاران و جەماوەری خەڵک وێنەیەکی ڕوونیان لە ماهییەتی ئەو حکوومەتە هەبێت کە دوای کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار. دەبێ لەسەر وێرانەکانی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و خەڵکی ئێران بنیات بنرێت.