ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی گوڵان چواردەهەمین ساڵیادی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مێهدی ئیسلامیان بەدەستی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامییە. لە سێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و چوار زیندانی سیاسی دیکە لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵان لەگەڵ شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە. خەڵک لە شارەکانی کامیاران، سنە و سەقز دەستبەجێ کاردانەوەیان نیشان دا. دایکی فەرزادی کەمانگەر، لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئێعدامی ڕۆڵەکەی، لە شەقامەکانی شاری کامیاران حازر بوو و لەسەر درێژەدانی ڕێگای ڕۆڵە خەباتکارەکەی پێداگریی کرد. تێکۆشەرانی شاری کامیارانیش لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە دەستبەجێ ڕژانە شەقامەکانی شار و لە ماڵی فەرزاد حازر بوون. ئەوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ دایکی بوێر و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی ئەم موعەلیمە ڕەزمەندەیە، نەفرەت و بێزاریی خۆیان لەئاست ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.
بنەماڵەی هەر پێنج چالاکی سیاسیی ئێعدامکراو، دەستبەجێ دوای بیستنی ئەم هەواڵە ڕایانگەیاند کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵان لە ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی ڕۆڵەکانیان لە بەرامبەر زانکۆی تاران کۆدەبنەوە. ئەوان بەشێوەیەکی بەرین لە لایەن تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لایەنە سیاسییەکانەوە پاڵپشتی کران. هێزەکانی پۆلیس بۆ پێشگرتن لەم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییە، لە زانکۆی تاران و دەوروبەری جێگیربوون. بنەماڵەکان و خەباتکاران چوونە بەردەم زیندانی ئێڤین و توڕەیی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بەم دەسەڵاتە دژەئینسانە نیشان دا. زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ورمێ، ئێڤین و گۆهەر دەشتی کەرەج ڕێزیان لە یادی فەرزاد و چوار زیندانی سیاسییەکەی دیکە گرت. نووسەران و شاعیران توڕەیی و بێزاری خۆیان لەسەر ئەم تاوانە نووسییەوە. ئێعدامی ئەم پێنج زیندانییە سیاسییە لەئاستی جیهانیدا دەنگی دایەوە. هەندێک لە ڕۆژنامەکان لەوانە گاردیەنی چاپی لەندەن نووسیی: “ئەو ڕژیمەی ڕوودانی بوومەلەرزە بە پۆششی ژنانەوە پەیوەند دەدات، هیچ ئێعتبارێکی نییە بۆ ئەوەی چالاکانی مەدەنی بە دانانی بۆمب پەیوەند بدات”.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە مانۆڕی هێزی سەرکوتگەر و بە بەڕێوەبردنی حکوومەتی نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو لە شارەکانی کوردستان بەپەلە هەوڵی دا لە هەڵچوونی تووڕەیی خەڵکی خەباتکار ڕێگری بکات. کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ نیشاندانی عەزم و ئیرادەی یەکگرتووانە و هاوپشتیی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەرامبەر بەم جەنایەتە، بانگەشەی بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٢٣ی گوڵان لە سەرتاسەری کوردستان کرد. بانگەوازی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی لەم ڕۆژەدا، لەلایەن هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە بەشێوەی بەرین پێشتوازیی لێکرا و خەڵکی کوردستان لە ئاستی جەماوەریدا وڵامی ئەرێنییان بەم بانگەوازە دایەوە و لە شارەکانی کوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو.
گرینگترین و سەرەکیترین پەیامی مانگرتنی گشتیی ٢٣ی گوڵان، ئەوە بوو کە خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تر و ئەم جارەش لێبڕاوانە بە گشت کۆماری ئیسلامی و بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ئەم ڕژیمە و بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی ئینسانەکان بەخاتری بیر و باوەڕ و هەڵبژاردنی سیاسییان، نایەکی گەورەیان وت و تووڕەیی و بێزاریی قووڵی خۆیان یەکپارچە و یەکگرتووانە نیشان دا. ئەم مانگرتنە بێجگەلە نیشاندانی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خەڵکی تێکۆشەر و نفووزی کۆمۆنیستەکان و ڕێبەریی کۆمەڵە، بۆ هەموو ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان لە سەرتاسەری ئێرانیش هەڵگری دوو پەیام بوو. یەکەم ئەوەیکە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوزانەی سەرتاسەری ئێران دەتوانێ پشت بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و بەهێزی کوردستان ببەستێت و بۆ بەهرەمەندبوون لەم پشتیوانە قایمە، دەبێ بەهێزتری بکات. دووهەم ئەوەیکە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جیا نییە و ئەم بزووتنەوەیە بۆ گەیشتن بە خواستەکانی پێویستی بە حمایەت و پشتیوانیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری ئێران هەیە.
مانگرتنی گشتیی کوردستان وەک ڕووداوێکی سیاسی مێژوویی، نەک هەر وەبیرهێنەرەوەی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بۆ نەسلی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی بوو و ڕووداوە مێژووییەکانی کۆچی مەریوان، کۆبوونەوەی بەرین و یەک مانگەی شاری سنە و شەڕی ٢٤ ڕۆژەی ئەمشارەیان وەبیردێنێتەوە، بەڵکوو قوتابخانەیەکی فێرکاری بوو بۆ نەوەی گەنجی بەسۆز بۆ پراکتیزەکردنی خۆدەربڕین و نیشاندانی هێزی ڕێکخراو. بۆ ئەوەی خۆیان بۆ خەباتی داهاتوو ڕێکخراوتر و ئامادەتر بکەن. مانگرتنی سەرکەوتووانەی کوردستان، جگە لە پەیام و دەستکەوتە بەنرخەکانی، مۆدێلێکی کاریگەری لە خەبات دژ بە سیاسەتە تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر کرد، کە ئەگەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان بەکاری بهێنن و بە کەڵک وەرگرتن لەم فۆرمەی خەبات تێکۆشانەکانیان پێش بخەن، سەرکەوتنی بەنرخ بەدەست دێنن. مۆدێلی مانگرتنی سیاسی گشتی و سەرتاسەری پێویستە بچێتە ناو کارگە و ناوەندە سەرەکییەکانی کار و بەرهەمهێنان، بۆ خوێندنگە و زانکۆ و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان.
یەکڕیزی و یەکپارچەیی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و مانگرتنە سیاسییە سەرتاسەریەکەیان، جگە لەو پەیامانەی کە بۆ جەماوەری ئازادیخواز و یەکسانیخواز هەیبوو، بۆ بەکرێگیراوانی مەحەلیش کە سەرشۆڕانەترین ژیانیان هەڵبژاردووە، هەڵگری هۆشدارێکی جیددی بوو! هۆشدارەکە ئەوەیە کە ڕێگای ژیانی شەرافەتمەندانە نەبەستراوە و بەقازانجیانە دەست لە مزدووری هەڵگرن و چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی ڕژیمێکی جەنایەتکارەوە گرێ نەدەن کە خەڵک بڕیاری ڕووخاندنیان داوە. تا درەنگ نەبووە دەست لە وەردکەخۆری و سەرشۆڕی هەڵگرن و ڕێگای ژیانی سەربەرزانە هەڵبژێرن.
مانگرتنی گشتیی ٢٣ی مانگی گوڵان بە بانگەوازی کۆمەڵە، هەڵگری ئەم پەیامەش بوو کە ڕەوتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و باوەڕی ئەوان کە بەشێوەی بنەڕەتی بیر لە ماف و ئازادی و یەکسانیی ئینسان دکەنەوە و لێبڕاوانە بۆ وەدیهاتنی خەبات دەکەن، دەتوانێ بەرینترین جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بێنێتە مەیدان و وەحەرەکەتی بخات. ئەم پەیانە بەڕوونی ئەوەمان پێ دەڵێ کە بۆ کۆرتکردنەوەی دەستی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە گیانی کەسانێک کە بە تاوانی عەقیدە و بیروباوەڕیان لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، دەبێ ڕێکخراو و یەکگرتوو بێینە مەیدان. دەور و نەخشی ڕێبەری و کاریگەریی ڕەوتی کۆمۆنیستی لەسەر ئەم مانگرتنە چەند ملیۆنییە لە کوردستان، لە هەمان حاڵدا وەبیرهێنەرەوەی ئەم بابەتەش بوو کە وەهم و خۆشباوەڕی دروستکردنی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لەئاست شەپۆلی سەوزی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە کوردستان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. ئەم مانگرتنە بیری هێنایەوە کە چون بەشداریی بەربڵاو و بەهێزی ئاراستەی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی دەتوانێ وەهمی ناسیۆنالیستەکان لەئاست ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت بەئامانجی بەلاڕێدابردنی خەباتی خەڵکی وەگیانهاتوو، پووچەڵ بکاتەوە.
وەڵامی ئەرێنی خەڵک بە بانگەوازی کۆمەڵە، کە هاوڕێیەتیی لایەن و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی لێکەوتەوە، نیشانی دا کە: جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز متمانەی قووڵیان بە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان هەیە، و ئامادەن لە بانگەوازیان پێشوازی بکەن و ڕێنوێنییەکانیان جێبەجێ بکەن.
لێدوان و سەرەنج و بۆچوونی خەڵک نیشانی دا کە هاوکاری و نزیکیی ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستەکان و کردەوەی هاوبەشی ئەوان چەندە جێگەی دڵگەرمیی خەڵک بووە و چەندە لەسەر بڕیاری لێبڕاوانەیان بۆ هاتنە مەیدان کاریگەری بووە.
لە ٤٤مین ساڵڕۆژی مانگرتنی سیاسیی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە ٢٣ی مانگی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوی دژبە ئێعدامی جەنایەتکارانەی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێیانی، یادی ئەوان و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بەرز ڕادەگرین.