وریشە مۆرادی ژنە چالاکی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران تۆمەتی “بەغی” دراوەتە پاڵی و لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی پێ دراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا دوو جار بانگی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران کراوە و تۆمەتی “بەغی”، لە ڕێگەی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” دراوەتە پاڵی. شایانی باسە، دۆسییەی وریشە مۆرادی پاش دەرکرانی بەڵگەی دادستانی، ڕادەستی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کراوە. پێویستە ئاماژە بکرێە، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، وریشە مۆرادی پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە، ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم زیندانە کرابوو. ناوبراو تاکوو ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە. وریشە مورادی پاش دەستبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرابوو.