تاوانبار کردنی ئەمجەد ئەمینی بە پڕوپاگاندا دژ بە حکوومەت
شەممە ۰۶-۱۱-۱۴۰۳   |  25-01-2025

بەپێی زانیارییەکان، لەم دواییانەدا ئەمجەد ئەمینی تەمەن ٥٤ ساڵ و باوکی ژینا ئەمینی، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە “پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت” تۆمەتبار کراوە. ناوبراو لەم پێوەندەدا ڕایگەیاندووە، ئەم پەروەندەیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکی ئینستاگرامی لەسەر حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کراوەتەوە. ئەمجەد ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ٢٩ی بەفرانبار بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان” بانگ کراوەتە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای سەقز. بەڵام ئێستا بە “پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت” تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە لەو ڕاگەیەندراوەی بۆی نێردراوە هیچ باسێکی لێ نەکراوە.