فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تاوانبار کردنی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل
چوارشەممە ۰۹-۰۷-۱۴۰۴   |  01-10-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، عەدنان مەولایی، درەخشان ڕەحیمی و دوو برای ناوبراو، یاسین و ڕزگار ڕەحیمی و هاووڵاتییەکی دیکە کە لە دوکانی شیرینی فرۆشیی ئەو بنەماڵەیە کاری دەکرد، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە ئیتلاعاتی سپا بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترانەوە و بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» تۆمەتبار کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕاگەیاندووە، یاسین و ڕزگار ڕەحیمی ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرمانانی ١٤٠٤، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە. شایانی باسە، ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون. جێگای ئاماژەیە، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۴ ساڵی خەڵکی سنە، ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ئەمساڵ، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە گواسترابوویەوە. ئەو پێنج هاووڵاتییە لە رەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە سنە دەستبەسەر و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.