ڕێکخراوی تۆماریی کەسیەتی ڕژیم بڵاوی کردووەتەوە کە تا ئێستا ٦هەزار و ٢٦٨ ناوی “ژینا” لە ئێراندا تۆمار کراوە. بەپێی ئامارەکە ٢٠١٨ناو لەو ناوانە لە پارێزگای “سنە” و ٢٩٧ ناوی دیکە لە شاری سەقز تۆمار کراون.
ئیدارەی تۆماری کەسیەتی ڕژیم وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە بەمەبەستی تایبەتەوە ڕایگەیاندووە کە بۆ گۆڕینی ناو بۆ سەر ناوی “ژینا” هیچ بەربەستێک بوونی نییە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ناوە کوردییەکان بە هیچ شێوەیەک ئیزنی تۆمارکردنیان پێ نادرێ و ژینا ئەمینیش یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ناسنامەکەیدا و لە ژێر گوشاری ڕێکخراوی تۆماری کەسیەتی ڕژیم ناوی بە مەهسا تۆمار کرابوو.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە دوابەدوای ئەوە دێت کە “جاوید ڕەحمان” ڕیپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە دانیشتنێکدا لە شاری نیۆیۆرک وتبووی کە “ژینا” ناوێکی کوردییە بەڵام “مەهسا ئەمینی” تا لە ژیاندا بوو، هیچکات ڕێگای پێ نەدرا کە لەو ناوە کەڵک وەربگرێت.