ئەگەرچی لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا کۆبوونەوەی سەرانی جی بیست، کۆنفرانسی کەشوهەوای گلاسکۆ، پەرەسەندنی خێرای پەتای کۆرۆنا، تەنانەت لە وڵاتانێک کە بەشێکی زۆر لە خەڵک ڤاکسینە کراون، سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان بوون، بەڵام بەسەرهاتی پەنابەران لە سنووری بیلارووس و لەهستان، بە سەرسەختییەکی بێوێنەوە خۆی خستووەتەوە ناو میدیاکان. ئەگەرچی هاوکات هەواڵی ڕزگارکرنی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا لە لایەن کەشتییەکانی ڕێکخراوی مرۆڤدۆست و داکۆکیکاری پەنابەران، گۆشەیەکیتر لەم تراژێدیا مەزنە مرۆییە نیشان دەدات، بەڵام ئەوەیکە لە سنووری بیلارووس و لەهستان لە ئارا دایە، نومایشی وەحشیگەرییەکی بەتەواو مانایە کە لە گۆڕەپانی کێبەرکێ و ئامادەکاری بۆ شەڕی ساردی ڕانەگەیەندراوی نوێدا، هاتووەتە گۆڕێ. لە حاڵێکدا کە چەند هەزار کەس خۆیان گەیاندبووە سنووری لەهستان بەو هیوایەی کە بڕۆنە ناو خاکی ئەورووپاوە، ئێستا لە سەرمای ژێر پلەی سفر لە خێوەت دان و لە دارستانە چڕەکاندا گرفتار بوون. سەرۆک کۆماری لەهستان ڕایگەیاندووە کە “باروودۆخەکە لە سنووری ئەو دوو وڵاتە ئاساییە و بە ڕادەی پێویست هێزی نیزامی لەم سنوورە سەقامگیر کراوە و هێستا پێویستیان بە هێزە نیزامییەکانی ناتۆ نییە”. ئەم باروودۆخە بەناو ئاساییەی کە سەرۆک کۆماری لەهستان باسی لێدەکات، لەڕێگەی کێشانی تەلدڕووی چەند میتری و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە دووهەمی سێپتامبرەوە لە ناوچە سنوورییەکان پێکهاتووە. هەڵبەت چاوەدێرانی نێونەتەوەیی و هەواڵنێران ڕێگەیان پێنادرێت کە بچنە ئەم ناوچەیە تا ڕاپۆرت سەبارەت بەم باروودۆخە بەناو ئاساییە ئامادە بکەن. لەوبەری تەلدڕووەکانیش لانیکەم هەتا ئێستا پتر لە دە پەنابەر گیانیان لەدەست داوە. پاسەوانانی سەر سنوور بە گازی فرمێسکڕێژ هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە لە تەلدڕووەکان نزیک دەبنەوە و ئەوانەی وا لەم تەلدڕووانەش تێپەڕیون لەگەڵ لێدان و کوتەککاریی هێزە نیزامییەکانی سەر سنوور بەرەوڕوو دەبنەوە و ڕوانەی دەرەوەی سنوور دەکرێنەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە گەڕاندنەوەی پەنابەران بە بێ بەدواداچوونی خواستەکانیان بۆ پێناسەکردنیان وەک پەنابەر دژبە یاساکانی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ لەپێوەند لەگەڵ پەنابەرانە و وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا و لەوانە لەهستان ئەم کۆنوانسیۆنەیان واژۆ کردووە.
لە حاڵێکدا کە یەکیەتیی ئەورووپا ئەنگوستی تاوان بەرەو لوکاشنکۆی سەرۆک کۆماری بیلارووس و پوتین ڕادەکێشێت، کە بە قسەی خۆیان خوازیاری پێکهێنانی بشێوی لە سنوورەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپان، بەرامبەر بەم دووانە سەبارەت بە چڕبوونەوەی هێزی نیزامی لە سنووری لەهستان و بیلاڕووس نیگەرانییان دەربڕی. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئەوەیکە ئێستا لە سنوورەکان لە ئارادایە ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی داسەپاوە لەلایەن ڕۆژئاوا و ناتۆ بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. هاوکات نوێنەرانی فەرمیی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا لە حاڵی ئامادەکردنی گەمارۆی ئابووریی تازەن و ئەوەش بە گەمارۆکانی پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی بیلارووس زیاد دەکرێت. دەسەڵاتدارانی ئەورووپا لە میدیاکانی خۆیانەوە بانگەواز دەکەن کە سەرۆک کۆماری بیلارووس، پەنابەران وەک چەک دژبە یەکیەتیی ئەورووپا بەکار دێنێت. دیارە ئەوە ویژدانی مرۆڤدۆستانەی سەرۆک کۆماری بیلارووس نییە کە دەرفەتی چوونی پەنابەرانی بە بێ ویزا بۆ ناو خاکی ئەم وڵاتە خوڵقاندووە، بەڵام ئەورووپایەک کە بە هێزی نیزامی بەرەنگاری پەنابەران دەبێتەوە و مافی ئینسانییان بەم جۆرە پێشێل دەکات و لە وەرگرتنیان خۆدەبوێرێت، قیزەونترین ڕووخساری خۆی نیشان دەدات. کەوابوو بەڕاستی جیاوازیی نێوان دەوڵەتانی بەناو دیمۆکراتیکی ئەورووپایی و دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکانی ئێستا چییە. لەبیرمان نەچێتەوە کە یەکیەتیی ئۆرووپا موعامەلەی قیزەونی خۆی لەپێناو پاراستنی قەڵای ئەورووپا لەگەڵ هەر ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتێرانە و تەنانەت لەگەڵ ناسیۆنال فاشیستەکانی وەک ئەردۆغان بەڕێوەدەبات. مەگەر بێجگەلە ئەوەیە کە یەکیەتیی ئەورووپا خۆی بە “یەکیەتی بایەخە هاوبەشەکان” پێناسە دەکات و بە پێی بەندی دووی ڕێکەوتننامەی فەرمی، ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا ئەرکی سەر شانیەتی کە بە “ڕێزگرتن لە ئینسان، ئازادی، دیمۆکراسی، بەرابەری، یاسامیحوەری و مافی مرۆڤ” پێبەند بێت.
هەڵبەت ئەوە تەنیا کاربەدەستانی لەهستان نین کە وەها بێبەزەیانە لە گیانی پەنابەران بەربوون. وەزیزی ناوخۆی ئاڵمان بەتەواو مانا سەبارەت بە کێشانی دیواری بێتۆنی، پشتگیریی کاربەدەستانی لەهستانی کروودە. هێندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەورووپایی لەوەش واوەتر چوون و وتوویانە: “کەسێک کە سەبارەت بە سنوورەکانی دەرەوەی ئەورووپا هەستیار نییە و خوازیاری وەرگرتنی پەنابەران لە ئەورووپایە، خۆی یەدەک کێشی ڕژیمی بیلارووس دەکات”.
هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە بۆ جارێکیتر کارەساتێک کە یازدە مانگ لەمەوبەر لە دەستپێکی زستاندا لەگەڵ بەسترانی کەمپی “لیپا” لە حاشیەی شاری بیهاج لە بووسنی ڕووی دا، ئێستا بۆ جارێکی دیکە و ئەمجارەیان تەنانەت لە ئاستێکی بەرینتردا قەرارە لە سنووری لەهستان ڕووبدات. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا بەخاتری داخرانی ڕێگای باڵکان کە پەنابەران پێیدا بەرەو ئەورووپای ڕۆژئاوا تێپەڕ دەبوون، سنووری بووسنی و کرۆواسی بووەتە ڕێگای سەرەکیی تێپەڕینی پەنابەران، لەئێستادا لە چوارچێوەی شەڕی ساردی نوێدا، وێنەی هەزاران مرۆڤ کە لەناو بەفر و بەستەڵەک دان، جەوهەری “بایەخە ئەورووپاییەکان” نیشان دەدەن. ئەگەر تا دۆینێ بەخاتری ڕاسیسم و دژەپەنابەربوونی یەکیەتیی ئەورووپا، دەبوایە لەگەڵ وەحشیانەترین ڕژیمەکان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێبەستی دژەئینسانی بەسترابا تا ڕێگای گەڕانەوەی پەنابەرانێک کە لەناو شەپۆلی خرۆشانی دەریای مەدیتەرانەدا بەدیل دەگیران، بکرێتەوە. ئەگەر تا دۆینێ وێنەی تێکهەڵچوونی پەنابەران لەگەڵ پاسەوانانی سەرسنووری تورکییە و یونان دەبوو وێنەیەکی “ئاژاوەگێڕانە”ی لەخۆی نیشان دابووایە تا لەم ڕێگەوە بتوانن هەموو کۆنوانسیۆنە فەرمییەکان بخەنە ژێر پێوە. ئەگەر تا دۆینێ سەرانی یەکیەتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی قەڵاکەی خۆیان هیچ بەلایانەوە گرینگ نەبوو کە پەنابەران لە بازاڕەکانی لیبیدا دەکرێنە کۆیلە، لەئێستادا سەرەڕای هەموو ئەوانە، پەنابەران دەبێ ببنە قوربانیی شەڕێکی ساردی نوێ کە دەمێکە دەستیپێکردووە. لە گەمارۆ ئابوورییەکانەوە تا ئامادەکاری و مانۆڕە نیزامی لەسەر سنوورەکان، هەر هەموویان ئامرازی شاردنەوەی ئەو کارەساتەن کە ساڵیانی ساڵە لە سنوورەکانی دەرەوەی ئەورووپادا لە ئارادایە. لە جەرەگەی ئەم هەراو هوریایەدا نابێ دەرکەوێ کە بۆچی ملیۆنان ئینسان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ دەهێڵن و بە هیوای ژیانێکی ئینسانی، خۆ بە ئاو و ئاگر دادەن. دەبێ ئەم بابەتە نهێنی بمێنێتەوە کە بۆچی ملیۆنان مرۆڤ لە ئەفغانستان، سووریە، عێراق، کوردستان، لیبی، مالی، سوودان و یەمەن لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورە جوگرافیاییەکانی خۆیاندا ئاوارە دەبن.
بێگومان هەموو ئەوانەی وا لە کێبەرکێ و یان لە هاودەستی لەگەڵ یەکتر، چوار سووچی جیهان بۆ قازانج و سەروەتی خۆیان ژێروژوور دەکەن، هۆکار و بەکردەوەدەرهێنەرانی ئەم کارەساتە مەزنە مرۆییەن کە لەپەنا گوێیانەوە ڕوو دەدات.