فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ترساوی ڕاستەقینە کۆماری ئیسلامییە
یەکشەممە ۲۱-۰۳-۱۴۰۲   |  11-06-2023
ترساوی ڕاستەقینە کۆماری ئیسلامییە

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستپێکرد ئەوە بوو کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەڕاستی غافڵگیر کرد. ئاخێزەکانی پێشتر بۆ ڕژیم تا ڕادەیەک پێشبینی دەکران و هەربۆیە ئاسانتر دەیتوانی سەرکوتیان بکات و دایانمرکێنێت. بۆ نموونە لە ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لەڕاستیدا ئەوە ڕژیم بوو کە بە بردنەسەری ڕانەگەیاندراوی نرخی بەنزین خەڵکی غافڵگیر کرد. لە ئاخێزی دژبە چوونەسەری قیمەتی بەنزین کە زیاتر لە گەڕەکە کرێکاری و هەژارنشینەکانی شارەکانەوە دەستپێکرد، ڕژیم چون پێشبینیی وەها کاردانەوەیەکی کردبوو، هێزی سەرکوتی بۆ بەرەنگاربوونەوە ئامادە کردبوو. ڕۆژی دووهەمی ئەم ئاخێزە واتە ٢٥ی خەزەڵوەر دەستبەجێ ئینتێرنێتی سراسەری ئێرانی بچڕاند تا دەنگی ناڕەزایەتیی شەقام بە هیچ شوێنێک نەگات و ڕۆژی دواتری ٢٦ی خەزەڵوەر، عەلی خامنەیی خێرا زاهیر بوو و لە بڕیاری سەرانی قوا بۆ بردنەسەری قیمەتی بێنزین پشتیوانیی کرد و ناڕازییانی “ئەشرار و زیدی ئینقلاب و دوژمنانی ئێران” ناولێنا تا بەم شێوەیە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرکوتی خوێناویی ئەم ئیعتڕازاتەی دەرکردبێ. لەماوەی چەند ڕۆژدا، هێزە جەنایەتکار و سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، زیاتر لە ١٥٠٠ کەسیان کوشت تا بەخەیاڵی خۆیان ئەوجۆرەی کە خامنەیی کوتبووی کۆتایی بە بشێویی ئاژاوەگێڕان بێنن. بڵاوبوونەوەی بەرین و مودیریەتکراوی پەتای کوشندەی کۆرۆنا بۆ سەرانی ڕژیمی ئیسلامی وەک نیعمەتێک وابوو کە بزووتنەوەی دادخوازیی دژبە کوشتاری مانگی خەزەڵوەر و بزووتنەوەکانی دواتری ناچار بە پاشەکشە کرد. بەڵام زۆری نەخایاند کە ئاگری تووڕەیی خەڵک لە شوێنێکی تر و بەخاتری مەسەلەیەکی تر کە بۆ ڕژیم چاوەڕوان نەکراو بوو، گەشایەوە.

ئاخێزی ژینا بەجۆرێک برووسکەئاسا بوو کە ڕژیم بەر لەوەیکە فرسەتی قەتعکردنی ئینتێرنێت پەیدا بکات، جیهانی بووەوە و دەنگی سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمیش غافڵگیر بوون و لە بەرامبەر شەپۆلی بەرین و مەزنی ژنان و لاوان و خوێندکاراندا بێتوانا و دەرماندە بوون. خامنەیی بەجۆرێک سەری سووڕمابوو کە دوای تێپەڕینی دوو حەفتە وەقسە هات و وتی: ئەم “ئیغتشاشات”ە لە هەیەجانی لاوان بەهۆی بەرنامەکانی ئینتێرنێتەوە سەرچاوە دەگرێت. لەڕاستیدا ڕژیم بەخەیاڵی دانەدەهات کە قەتڵی یەک ژن، دەبێتە هۆی ئاخێزێکی بەرین و سەرانسەری بە میحوەری خەبات دژبە حیجابی ئیجباری و دیفاع لە مافی ژن، و هەموو بزووتنەوە پێشڕەو و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا یەکگرتوو دەکات و هاوسەنگیی هێز بەشێوەیەکی بەرچاو بەقازانجی جەماوەری ستەمدیدەی کۆمەڵگا دەگۆڕێت. ئەگەرچی سەرکوت و دڕندەیی ڕژیم لەلایەکەوە و لاوازبوونی سازماندان و نەبوونی حزووری کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار لەلایەکی دیکەوە بوو بەهۆی دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام، بەڵام ئەم ئاخێزە بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. سەرەڕای تێپەڕینی هەشت مانگ لە دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، خەباتی ژنان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و دژەژنی ڕژیم، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشیان و پەرستاران، خوێندکاران، موقاومەت و خەباتی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکان، خۆڕاگری و دادخوازیی بنەماڵەی قوربانییان و گەلێک دیمەنی خەباتکارانە هەروا بەردەوامە. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و مەترسیی ڕووخان، لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا شەپۆلێکی تازەیان لە ئێعدام و کوشتاری زیندانیان خستووەتە ڕێ و لەئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا، سیاسەتی نەرمش قارەمانانەیان گرتووەتە بەر.

ڕژیم کە لە بەرابەر شەپۆلی بەردەوامی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و جەماوەری خەڵکدا داماوە و لە وڵامدانەوە بە خواستەکانی کۆمەڵگا بێتوانایە، بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت و کوشتار نییە. پەرەپێدانی ئێعدام لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوو تەنیا ئامرازی ڕژیمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیعتڕازات و سەرکوتی جەماوەری وەگیانهاتوو. کاتێک کە تەنانەت زیندانیش دەبێتە سەنگەری ئیعتڕاز و خەبات دژبە ڕژیم و سەرکوت چیتر کاریگەر نامێنێت، دوایین ئامرازی ڕژیم ئێعدام و کوشتاری زیندانیانە. تا بەخەیاڵی خۆی هەم کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و هەم بە پشتیوانانی خۆی و بە کۆمەڵگەی جیهانیی نیشان بدات کە ڕژیم هێستا ئەوزاعی لە کۆنتڕۆڵدایە. ڕژیم دامرکانی ئیعتڕازاتی خەیابانی بە دەرفەت دەبینێت بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و بۆ هێزەگرتنەوە لە ناوخۆ و بۆ ئاساییکردنی پەیوەندی لەئاستی جیهانیدا. دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاواش کە هەتا ئێستا ئامانجێکیان بێجگەلە پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی نەبووە و گوشارەکانیان بۆ سەر ڕژیم لەڕاستای زێدەخوازییاندا بووە، لە نەرمکێشی و پاشەکشەی ڕژیم پێشوازی دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا ئەوە خەباتی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو و ڕاپەڕیوە دژبە ئەوزاعی فەلاکەتباری ئابووری و بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە موعادلاتی ڕژیمی تێکداوە و بردوویەتە سەر لێواری هەڵدێر.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و تایبەتمەندی و دەستکەوتەکانی لەچاو ئاخێزەکانی پێشوو، درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و باقیی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، بێتوانایی ڕژیم لە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنان و دەیان نموونەی تر لە خۆڕاگری و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا، هەر هەمووی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕژیم لە شەپۆلی شۆڕشی داهاتوو ترساوە و بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی ڕووی کردووەتە هێرشی خۆپارێزی و شەپۆلی ئێعدام و کوشتار. ڕژیم باش دەزانێ کە توانای وڵامدانەوەی بە خواستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی جەماوەری ناڕازیی نییە. کرێکاران و جەماوەری بێبەشکراوی کۆمەڵگا نیشانیان داوە کە سەرەڕای سەرکوتی بەرین و خوێناوی، هەتا گەیشتن بە خواستی ئازادیخوازانە و بەرابەریتەڵەبانەیان ناسرەون. سەرەنجام مانگرتن لە کارخانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی شەقام قایمتر لە ڕابردوو پێکەوە پەیوەند دەدرێن و نیزامی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر حاکمان و پارێزەرانیدا دەڕووخێنن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co