فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ترسی خامنەیی لە شۆڕشێک کە بەڕێوەیە
چوارشەممە ۰۶-۰۲-۱۴۰۲   |  26-04-2023
ترسی خامنەیی لە شۆڕشێک کە بەڕێوەیە

ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی گوڵان عەلی خامنەیی لە سوخەنڕانییەکدا بەبیانووی جێژنی ڕەمەزان دوای مەوعیزە و سەفسەتەی خورافیی فریوکارانە کە گوایە توانیویەتی بەسەر دوژمندا زاڵ بێت و “زەربەلێدان لە دوژمن تایبەتمەندی و بەرەکەتی مانگی ڕەمەزانە”، هەوڵی دا هۆکاری درێژەی قەیران و ئیفلاسی ئابووریی بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان سەرانی سێ دەزگای ڕژیم بگەڕێنێتەوە و خۆی بێ نەخش نیشان بدات. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی موهەندسی کراو لەلایەن کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی، ئاڵقەی دەسەڵاتەکەی تەنگتر کردووەتەوە و تەنیا بە متمانە بە باڵی بناژۆخوازی توندڕەو، مەجلیس و دەوڵەت و دەزگای قەزایی یەکدەستتریان هێنایە سەر کار.  بەمجۆرە بوو کە سێ کەس لە جەنایەتکارترین قاتڵەکانیان لەناو مۆرەکانی ڕژیمدا کردە سەرانی سێ دەزگای دەسەڵات تا بەڵکوو بتوانن حکوومەتی ئیسلامی لەسەر پێ ڕابگرن. 

بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایە ناکارامەتر لەوەیە کە بتوانێ لە قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕێ. خامنەیی لە بەشێک لە قسە ناتەباکانیدا ڕووبە سەرانی سێ دەزگاکە وتی: “خۆبەدوورگرتنی خەڵک و بەرپرسان لە تێکهەڵچوون لەگەڵ یەک و سەرقاڵبوون بە حاشیەوە، ستراتێژییەکی زەرووریی کۆماری ئیسلامییە. حاشیەکان هەمیشە ساختە و پەرداختەی دوژمن نین. سەرانی ئەم سێ دەزگایە نابێ مانعی یەکتر و بە حاشیەوە سەرگەرم بن. پێویستە لەگەڵ یەک هاودڵی و هاوکاری بکەن، بەمجۆرە هیچ گرێیەک لە کارەکاندا دروست نابێ”. خامنەیی بۆ پاساوی شکست و ناکامییەکانی حکوومەت دوبارە ئاماژەی بە پیلانی “دوژمن” کرد کە گوایە ستراتێژیان دژبە کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە و پێویستە دەسەڵاتیش بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمن شێوەکاری دوژمن شناسایی بکات و خۆی بەڕۆژ بکاتەوە. پێچاندنی ئەم بابەتانە بە یەکترەوە خۆی نیشانەی دەرماندەبوون و بێهیوایی خامنەییە لە دەربازبوونی لەو قەیرانانەی کە دەسەڵاتەکەی گەیاندووەتە لێواری ڕووخان. بەڵام خامنەیی بەم تاکتیکانەی ناتوانێ تەنانەت مۆرە بەسیجیەکانی خۆیشی فریو بدات. هەروەک چۆن لە فایلی بڵاوبۆوەی کۆبوونەوەی دانشجویانی بەسیجی یان بە واتایەکی تر گۆپاڵەکانی زانکۆدا هاتبوو، تەنانەت ئەوانیش ناتوانن ئەم بابەتە باوەڕ بکەن کە خەتاکار تەنیا سەرانی سێ دەزگان و خامنەیی لەم نێوەدا بێتاوانە. ئەوزاعی ڕژیم بەجۆرێک شڵەژاوە کە ئەوانیش فرسەتی ئەوەیان پەیدا کردووە و وێراویانە لەگەڵ خامنەیی موجادلە بکەن و ناڕەزایەتی دەربڕن.

خامنەیی جەنایەتکار بەباشی دەزانێ کە لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش دەسەڵاتداری دەکات. دەزانێ کە چۆن ژیان و هەستییانی بەرەو نابودی بردووە.  بەڵام ئاستی نزمی ئەمجۆرە لێدوانانەی خامنەیی لە بارودۆخی ئێستادا ئەساسەن دانی هۆشداری جیدیە بە سەرانی سێ دەزگاکەی ڕژیم کە هۆشیار بن و بزانن کە نیزامەکەیان لە مەترسیدایە و سەرقاڵی مەسەلەی حاشیەیی واتە ڕەقابەت و باندبازی و بەرژەوەندی شەخسی نەبن. پێویستە هاودڵ و هاوکار بن و بیر لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بکەنەوە کە “پیلانەکانی دوژمن” پووچەڵ بکاتەوە. 

هەڵبەت خامنەیی خۆی لە چارەهەڵنەگربوونی وەرشکستەیی ئابووریی حکوومەتەکەی ئاگادارە و دەزانێ کە سەرکوت بە هیچ ئامانجێکی ناگەیەنێ. بەڵام بەوەشەوە سەرانی دەستنیشاندەی دز و جەنایەتکاری قوی موجریە، موقەنەنە و قەزایی خەتابار وەسف دەکات کە گۆیا “سەرانی سێ دەزگاکە نەیانتوانیوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لەوانە لە چاکسازیی پێکهاتەی بودجەدا  سەرکەوتوو بن”. بێگومان ئەوانیش بەشێکن لە کارگێڕانی پلە بەرزی حکوومەتی ئیسلامی و بەخاتری هەموو جەنایات و دزی و کێشە و گرفتێک کە بۆ خەڵکیان پێکهێناوە تاوانبارن، بەڵام باندی مافیای دەزگای ڕێبەریی سپای پاسداران و ڕووحانیەت و لە سەرووی هەمووانەوە خامنەیی وەک بڕیاردەرانی سەرەکیی سیاسەتی ئابووریی ناوخۆیی و دەرەکیی دەسەڵاتی ئیسلامی، تاوانباری سەرەکین. 

گومان لەوەدا نییە کە ئەو دوژمنەی خامنەیی باسی لێدەکات، کرێکاران و جەماوەری بێبەش و وەگیانهاتوو لە حکوومەتی ئیسلامین. بەڵام شێواز و ستراتێژی نوێی ئەو دوژمنەی کە خامنەیی و هەموو دەسەڵاتی ئیسلامیی تۆقاندووە، واتە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، شتێک نییە بێجگەلە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی حەوت مانگی ڕابردوو لە ئێران و هەماهەنگبوون و هاوکاتبوونی شەپۆلی مانگرتنە کرێکارییەکان. ئەم ستراتێژییە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو توانای سەرکوتی ڕژیم، گشت نیزامی ئیسلامیی وەک هۆکاری هەژاری و بێکاری و برسییەتی و دیکتاتۆری و زەبروزەنگ کردووەتە ئامانج. 

 پێشەنگی ئەم هاوهەنگاوبوونە، هەڵمەتی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمییە کە لە ڕۆژی هەینی ئەوەڵی مانگی گوڵانەوە بە دو خواستی خێرای بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست و تەرحی (٢٠ ڕۆژ کار و ١٠ ڕۆژ پشوو) و چەندین داخوازیی دیکە کەوتووەتە ڕێ. شەپۆلی مانگرتنی کرێکاران هەتا ئێستا (دووشەممە) لە چوارەمین ڕۆژیدا، زیاتر لە ١٠ پارێزگا و ٥١ کارخانە، گارکە، شیرکەت و ناوەندی کرێکاری لە سەنعەتی نەوت، گاز، پێترۆشیمی، پۆڵا، مس، ماشێنسازی، ئاسفاڵت، بەرق و ئینێرژیی گرتووەوە و بەردەوام لە حاڵی گەشەدایە. 

داخوازیی ئابووریی مانگرتنی ئێستای کرێکاران لەوانە بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە تەوەرۆمی سەرووی ٦٠ لەسەد و دابەزینی بەهای ڕیاڵ بەرانبەر بە باقیی دراوەکان، توانای کڕینی کرێکارانی یەکجار هێناوەتە خوارێ و هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی گەیاندووەتە سەرووی ٢٣ ملیۆن تمەن. بە ئیعترافی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی گوڵان، تەنیا لە یەک مانگی ئەوەڵی ئەمساڵدا قیمەتی زۆرێک لە خۆاردەمەنییەکان لەسەدا ٥٠ بەرز بوونەتەوە. هەموو نیشانەکان دەرخەری ئەو واقعیەتەن کە تەمەنی ئەم دەسەڵاتە نگریسە کۆتایی هاتووە.  پەرەسەندن و بەردەوامبوونی مانگرتنە کرێکارییەکان لە پێوەند لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری زامنی سەرکەوتنی نیهایی لە نەبەرد دژبەم ڕژیمە تاوانکارە و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەیەتی. 

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co