لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا خەڵک بەگوێ خۆیان بیستیان کە کارناسێکی مەدەدکاری کۆمەڵایەتی هۆشداری ئەوە دەدات کە تەقینەوەی برسییەکان بەڕێوەیە. “مستەفا ئێقلیما” مەدەدکاری کۆمەڵایەتی وێڕای ئاماژە بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕوو بە سەرانی ڕژیم وتی: “خەڵک ئەم باروودۆخەیان بۆ تەحەمول ناکرێت و ئەگەر ئەم وەزعییەتە درێژەی بێت دەبێ چاوەڕوانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی بن”. ئەو هەروەها وتی: لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم باروودۆخە “ئەگەر ئەمساڵ تەقینەوەی برسییەکان ڕوو نەدات لە ساڵی داهاتوودا ڕوو دەدات”. باروودۆخەکە هێندە نالەبارە کە ئەم هوشدارانە لەلایەن هێندێک لە کاربەدەستەکانی حکوومەتیشەوە دووپات دەکرێنەوە. لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٨ و بەرلە سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەریی خەزەڵوەر لە سەروتاری ڕۆژنامەی “ئیبتکار”دا ڕستەیەک بەم ناوەرۆکە هاتبوو: “ئەگەر بزووتنەوەی برسییەکان بکەوێتە ڕێ، هیچ شتێک نامێنێتەوە”. ئەو خۆفەی کە سەروتارنووسی ڕۆژنامەی ئیبتکار باسی لێ دەکات ڕیشەی لەو ڕاستییانەدابوو کە کاربەدەستانی ڕژیم هەوڵیان دەدا بیشارنەوە. ئەو ئامارە ڕەسمییانەی کە لە میدیا و وتووێژەکاندا بڵاودەکرانەوە، کۆمەڵگایەکیان وێنا دەکرد کە لێکهەڵوەشانی هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، تایبەتمەندیی سەرەکیی بوو. داڕمانی ئابووریی دەوڵەت، گرانیی کاڵا ئەساسییەکان، دابەزینی سات لەدوای ساتی نرخی پارە، لاوازبوونی کارەساتباری توانای کڕینی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ، بەشێک لە دیمەنی کۆمەڵگە و خەڵکێک بوو کە چوار دەیە لەمەوبەر بەڵێنیان پێدرابوو کە پارەی نەوت دێننە سەر سفرەکانیان. پرۆسەی لێکهەڵوەشانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان، شۆڕشی برسییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی لێکەوتەوە. ئەگەرچی ڕژیم ئەم ناڕەزایەتییانەی بە کوشتنی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس و بریندار و دەستبەسەر کردنی هەزارن کەس وڵام دایەوە بەڵام هەموومان بینیمان کە کۆمەڵگا ترساو و خامۆش نەبوو. ئەوەیکە ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە باس لە مەترسیی شۆڕشی برسییەکان دەکرێت نیشانەی ئەو واقعییەتە کە هەم ڕەوتی داڕمانی ئابووری خێراتر بووەتەوە و هەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەردەوام لەئاستی کۆمەڵگادا لەئارادایە.
هۆشداری ئەم مەدەدکارە کۆمەڵایەتییە، وێدەچێت سەرانی ڕژیمی هەستیار کردبێتەوە و خوێنڕێژترینەکانی هێنابێتە مەیدان. ڕەئیسیی جەلاد باسی لە “نەمانی هەژاریی موتڵەق تا کۆتایی ساڵ” کرد. جەنەتی دەبیری شۆرای نیگەهبان وتی “ئەرکی ئێمەیە کە سگی برسییەکان تێر بکەین”. ئەم درۆودەلەسانە لە حاڵێکدان کە بەپێی ئامار و داتاکان لانیکەم نیوەی کۆمەڵگا لە هەژاریی موتڵەقدا بەسەر دەبەن. لە مانگی ڕابردوودا کاتێک لانیکەمی حەقدەستیان ڕاگەیاند، کە ئەویش تەنیا بەر ژمارەیەکی یەکجار کەم دەکەوێت، یەک سێهەمی هێڵی هەژاری بوو. جەنەتی بەڵام بۆ جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە فریوکاری و ڕایگەیاند کە “ئێمە ئەگەر بتوانین سگی برسی تێر بکەین مۆجزەمان کردووە.” ئەوەش بەو مانایەیە کە خەڵک چاوەڕوانی مۆجزە لە کەسانێک بن کە تەنیا دەستکەوتیان بۆ خەڵک هەژاری و مەرگ بووە. لەخۆڕا نەبوو کە ئەمجارەیان تەنانەت دەنگی عەبدی یەکێک لە ئیدێئۆلۆگە وەرشکستەکانی ڕەوتی ڕێفۆرمخواز بەرز بۆوە و بە تەشەرەوە نووسیی کە “مۆجیزەی گەورەتر برسی کردن بوو، کە ئەویش بەکردەوە دەرهات”.
ڕۆژنامەی “هەمدێلی”یش بە سەردێڕی “چ کەسێک دەبێت وڵامدەرەوەی برسییەکان بێت”، ڕوو بە جەنەتی نووسیی: “جەنەتی وەک ڕووحانییەکی بەنفووزی دەسەڵات کە لە تەئیدی سەلاحییەتی کەسەکان لە باڵاترین ئاستی دەوڵەت و پەسەندکردنی یاساکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا خاوەن دەسەڵاتێکی بێوێنەیە، چ ڕۆڵێکی بۆخۆی دیاری کردووە؟ و چ ئاستێک لەم سەرزەنشتە وەئەستۆ دەگرێت؟ وتەی سێهەمیش ئەوەیە کە کامە بەشی نیزامی کۆماری ئیسلامی کێشە و کەموکورتیی هەیە کە لە وڵاتێکی ئاوا دەوڵەمەنددا، ئێستا ناتوانین سگی برسییەکان تێر بکەین؟ ئایا یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی کێشەی هەیە؟ ئایا دەوڵەت و وەزیران و کارگێڕانی باڵای نیزام، بێتوانا و ناکارامە بوون؟ ئایا بەڕێوەبەرایەتیی وڵات بەرنامە و دەستووری کاری نەبووە؟ ئایا نیزام لە دیاریکردنی ئەولەوییەت و سیاسەتە کەڵانەکاندا تووشی هەڵە بووە؟”. هەڵبەت ئەم ڕستانە لە زمانی کەسانێکەوە دەوترێن کە خۆیان لەژێر سێبەری هەر ئەم نیزامەدا ئیزنی قەڵەمسواندنیان پێدراوە و ئەگەر خودی نەبن، بەجۆرێک دەخرێتە هەمان بازنەوە. ئێمە دەڵێین نیزامی کۆماری ئیسلامی کە بە نوقمی خوێن کردنی شۆڕشی خەڵک بەدەسەڵات گەیشت و ئەرکی ڕزگارکردنی موناسباتی زاڵمانەی سەرمایەداریی لە مەترسیی شۆڕشی جەماوەر وەئەستۆ بوو، هەر لە سەرەتاوە دوژمنی ئەم خەڵکە بوو. کۆماری ئیسلامی بە قیمەتی هەرزان کردنی هێزی کار و برسی کردنی کرێکاران، بەستێنی گەشەی سەرمایەداری و چڕبوونەوەی سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایەی لەناو دەستانی کەمینەیەکی بچووکدا ئامادە کرد. لە باروودۆخێکدا کە کرێکاران و مامۆستایان بە تاوانی خەبات بۆ داخوازیی بردنەسەرەوەی حەقدەستەکانیان بە بەند دەکێشرێن، لە باروودۆخێکدا کە نووسەران بە تاوانی وتنی حەقیقەت دەکوژرێن و یان بە مەرگی شێنەیی لە زیندان مەحکووم دەکرێت، قسەوباسی ئەم کەسانە و ئەم بڵاوکراوانە تەنیا نەخشی سوپاپی متمانەیان هەیە کە دەرفەتی زیاتر بۆ ڕژیم دەکڕێت.
ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند کە ڕێژەی تەوەرۆمی ساڵانە لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٠دا گەیشتە چل و دوو دەهومی لەسەد و دەشڵێت کە ئەمە سێهەمین جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕێژەی تەورۆمی ساڵانە، باڵای چل لەسەد تۆمار دەکرێت. هەڵبەت ڕێژەی تەوەرۆمی ڕاگەیەندراوی ناوەندەکانی ئاماری ڕژیم بەردەوام لەلایەن کارناسان و شارەزایانی ئابوورییەوە گومانی لەسەر بووە. هەر ئەوەندە بەسە تا هەموو ڕۆژێ سەرەنج بدەینە چوونەسەرەوەی نرخی کاڵا ئەساسییەکان تا ڕێژەی تەورۆمی واقعیمان بۆ دەرکەوێت. چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەورۆم بۆ سەرووی ٤٠ لەسەد لە حاڵێکدایە کە ئەندامی کۆمیسیۆنی کەشاوەرزیی مەجلسی شۆرای ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە: “بە لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی و کەمبوونی پاشەکەوتی ستراتێژیک، نرخی گۆشتی مریشک دەبێتە نزیک بە ٨٠ هەزار تمەن و پێشبینی سەبارەت بە گۆشتی سوور ٣٠٠ هەزار تمەنە و قیمەتی خۆراکی ئاژەڵەکانیش دوو بەرابەر دەبێت”.
بەدەر لەوەیکە سەرانی ڕژیم چ ئیدیعایەکی پووچ و بێبنەمایان سەبارەت بە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داڕمانی ئابووری هەیە، ئاشکرایە کە برسییەتی و هەژاری گەیشتووەتە ئاستێک کە “مەترسی” شۆڕشی برسییەکان بۆ سەرانی ڕژیم بووەتە ئەگەرێکی واقعی. شەپۆلی پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی گشتی، ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵگا بەرەەو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە دەبات. گرینگ ئەوەیە کە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی پێشڕەوی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی تا چ ئاستێک خۆیان بۆ هیدایەتکردنی بزووتنەوەی برسییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرکەوتنی شۆڕش ئامادە دەکەن.