کەمتر لە دوو مانگی تر ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی و دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سەراسەرییە. هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن کە کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران و لاوانی تێکۆشەر و ئازادیخواز بۆ درێژەی خەبات لەپێناو کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارە کە ڕژیمی جەنایەتکار بەسەریانیدا سەپاندووە، عەزمیان جەزم کردووە. ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە لە چاو ساڵی ڕابردوو قەیرانی ئابووری قووڵتر بووەتەوە، هەژاری و بێکاری، تەوەرۆم و گرانی و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، هێڵی هەژاریی گەیاندووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن و توانای کڕینی خەڵک یەکجار کەم بووەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی داماوتر و وەرشکستەتر لە ڕابردوو، هەموو وادە و بەڵێنەکانی وەک هەمیشە بەدرۆ دەرچوون و توانای وەدیهێنانی هیچ کام لە خواستە سەرەکییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی نییە. ئاسۆیەکیشی بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە لەبەردەم نییە. تەنها ئامرازی دەستی ڕژیمی ئیسلامی وەک هەمیشە سەرکوتە و بۆ مانەوەی ئۆمێدی پێ بەستووە.
هەڵبەت کۆماری ئیسلامی لەم ڕادەیە لە دەرماندەیی و وەرشکستەیی خۆی ئاگادارە و هەربۆیە لەئاست سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لە ترس و وەحشەتدایە. ڕژیم لەم پێوەندەدا گەلێک هەوڵی داوە تا بەڵکوو بتوانێ لە ناڕەزایەتی و وەڕێکەوتنی دووبارەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری ڕێگری بکات. یەکێک لە هەوڵەکانی ڕژیم لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد ئەمجارەیان لەژێرناوی بێناوەرۆکی “گەشتی ئەمنیەت و ئەخلاق”دایە. چونکە لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا نە ئەمنیەت و نە ئەخلاق هیچ پێگەیەکیان نییە. هیچ کام لە دەزگاکانی حکوومەت لەوانە دەزگای قەزایی، مەجلیسی ئیسلامی و دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ ناوێرن بەرپرسایەتیی گەڕاندنەوەی لات و چەقۆکێشانی گەشتی ئیرشاد قەبووڵ بکەن و هەرکام ئەوی تر بە بەرپرسیار پێناسە دەکات. چونکە ئەوانیش حکوومەتی ئیسلامی لە پێگەیەکدا نابینن کە بتوانێ بەرەنگاری خەباتی کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو بێتەوە. ئەوان دەزانن لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دیسانیش شکست دێنن و ئەم شکستە لەوانەیە شکستی نیهایی بێت و ببێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. بۆ نموونە محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووی حکوومەتی ئیسلامی وتی: “ بە گەڕانەوەی دووبارەی گەشتی ئیرشاد و هەڵسووکەوتی پۆلیسی، ئەمنیەتی و دەرکردنی ئەحکامی نائاسایی لەئاست پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بۆ خانمان، بابەتی خۆبەرەندازی زیاتر لە ڕابردوو خۆی نیشان داوە”. مستەفا تاجزادەی ئیسلاح تەڵەب و ئەندامی ناوەندیی جەبهەی موشارەکەتیش ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی گەلاوێژ، لە زیندانەوە عەلیی خامنەیی بە بەرپرسی ئاکامی نەخوازراوی گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد زانی و ڕایگەیاند:”بێگومان وەها هەڵەیەکی گەورە بەبێ ئاگاداریی خامنەیی نییە و هەوڵ بۆ ئیجباری کردنی حیجاب بەتایبەت لە بارودۆخی ناکارامەیی بەرینی دەسەڵات لە بواری کۆنتڕۆڵی گرانی، خەیاڵێکی خاو و شکستخواردوو و یاریکردن بە ئاگری تووڕەیی خەڵکە و زەربە لە ئینسجامی کۆمەڵایەتی دەدات”. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە کاردانەوە بە گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد بۆ سەر شەقامەکان ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی گەلاوێژ لە بەیاننامەیەکدا نووسیی: “گەڕاندنەوەی هێزی گەشتی ئیرشاد بۆسەر شەقامەکان هەوڵی نائومێدانەی مەقاماتی کۆماری ئیسلامییە بۆ داسەپاندنی هێزیان بەسەر ژنانێک کە دژبە چەندین دەیە ستەم و نایەکسانی لە ناڕەزایەتییەکانی (ژن، ژیان، ئازادی)دا بەشدارییان کرد. پەرەسەندنی سەرکوت لە بواری حیجابی داسەپاو نیشانەی بایەخنەدانی کاربەدەستانی ئێرانە بە کەرامەتی ئینسانی و مافی ژن، پێشێلکردنی چوارچێوەی تاکەکەسی و ئازادیی ڕادەربڕین و بیروبۆچوونە و پەسندکردنی گەڵاڵەی حیجاب و عیفافیش بۆ توندکردنەوەی سەرکوتە”.
هەوڵێکی دیکەی ڕژیمی ترساو، ناردنی پەیامی هۆشدار و بانگکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی سیاسی و تەنانەت زیندانییانی سیاسی پێشوویە، بۆ بەشداری نەکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا و دەستپێکی خەباتی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری. دەستگیریی فەلەیی و دەرکردنی حوکمی قورسی زیندان، ئەشکەنجەی وەحشیانەی ئیسلامیی شەللاق و ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک بەشێکی تر لەو ئیقداماتەیە کە بە خەیاڵی خاوی ڕژیم دەبێتە هۆی پێکهاتنی فەزای ترس و تۆقاندن لەئاستی کۆمەڵگا و لە بەرپابوونی ناڕەزایەتیی شەقام ڕێگری دەکات. ئەم هەوڵانەی ڕژیم هەتا ئێستا نەتەنیا کاریگەر نەبوون بەڵکوو ژنانی لاو، ڕۆشنبیر و خەباتکار بەتایبەت هونەرمەندان، ڕۆژنانەوانان، وەرزشوانانی ناسراو و خۆشناو بە دروشمی “حیجاب بێ حیجاب” لەسەر درێژەی خەباتیان پێداگرییان کردووە. لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بێ حیجاب زاهر دەبن و تەنانەت لە بەرابەر بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری گەشتی ئیرشاددا دەست دەکەن بە سەما و شادی و دەستوورات و یاسای دژەژنی ئیسلامی دەخەنە ژێ پێ. دوای ئەوەیکە وەزیری نەفامی ئیرشادی ئیسلامیی ڕژیم ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند: “حیجاب هێڵی سووری ئێمەیە و ژنانی هونەرمەند کە ناچنە ژێر باری حیجابی ئیسلامییەوە، مەمنوعولکار دەکرێن”، ژنانی هونەرمەند و تێکۆشەر ئەم قسانەیان دایە بەر گاڵتە و لە دەستکەوتەکانی خەباتیان دیفاعیان کرد.
کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی بێشەرمانەی دیکەدا دوای چەندین مانگ بێنەوبەرە لە مەجلیسی کۆنەپەرست، گەڵاڵەیەکی دیکەی سەبارەت بە حیجاب و عیفاف ئەمجارەیان لەژێرناوی فریوکارانەی “پشتیوانی لە بنەماڵە لەڕێگەی پەرەپێدانی کلتووری حیجاب و عیفاف” پەسندکرد. ئەم گەڵاڵەیە پۆششی ئیختیاریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ئیسلامییەوە بە “ڕووتبوونەوە”، “فەساد”، “فەحشا” و هۆکاری “لێکهەڵوەشانی بنەماڵە” پێناسە دەکات. کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە هەموو توانا و بە بەکارهێنانی هەموو ئیمکاناتی ماڵی و حکوومەتی هەوڵیداوە ئەم کلتوورە کۆنەپەرستانەیەی سەدەکانی ناوەڕاست بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ. بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. چونکە وەها کلتوورێکی پرتووکاو و ماوەبەسەرچوو لەگەڵ ژیانی مرۆڤی کۆمەڵگای سەردەم ناتەبایە و ئەم ناتەباییەش لە وجوودی خودی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدراندایە. وەها ناتەباییەک، نە بە سەرکوت و هێنانەمەیدانی لات و چەقۆکێشانی بەسیج و بەکرێگیراوان لەژێر هەر ناوێک و نە بە پەرەپێدانی خورافەی مەزهەبی لەناو ناچێت و ئەم هەوڵانە لە بەرابەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێستادا بەرەوڕووی شکست دەبنەوە و دەسەڵاتی ئیسلامی زیاتر ڕسوا دەکات. بێگومان چارەی کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگا لە مەسیری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێ.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە