فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تورکیە، سەرهەڵدانی فاشیزم لە دڵی دیموکراسیی بورژواییدا
چوارشەممە ۰۶-۰۱-۱۴۰۴   |  26-03-2025

دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ و ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماریدا، هەروەها دەستگیرکردنی زیاتر لە هەزار ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی و سێکۆلارەکان، خاڵێکی وەرچەرخانی دیکە یە لە ڕۆچوونی سیستەمی سیاسی تورکیە بەرەو ڕژێمێکی پاوانخواز و فاشیست. ئەگەرچی ڕژیمی سیاسیی تورکیە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە، بە وەلانانی ئەسڵی جیاکردنەوەی سێ دەزگای دەسەڵات و گۆڕینی پارلەمان بۆ مێکانیسمێک بۆ مەشرووعییەتدان بە کردەوەی سەرۆک کۆمار، هەنگاوێکی گەورەی بەرەو ڕژیمێکی ئیستبدادی هەڵگرت، بەڵام بە دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو و سڕینەوەی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار لەلایەن دەزگای قەزایی، نیزامی سیاسی تورکیەی بردووەتە قۆناغێکەوە کە تێیدا مێکانیسمی هەڵبژاردن شتێک بێجگەلە شانۆیەکی گاڵتەجاڕانە نابێت. واتە سیستمێک کە دەزگای قەزایی بووەتە ئامرازی هێرشکردنی ئەردۆغان. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەو پاڵاوتنانەی کە لە ئەرتەشدا ئەنجامی داوە، بەو ئاوڵوگۆڕانەی کە لە یاسای بنەڕەتیدا ئەنجامی داوە، بە پاکتاوکردنی بەرینی نەیارانی سیاسی لە بوروکراسیی پان و بەرینی دەوڵەتیدا، بە گۆڕینی دەزگای قەزایی بۆ ئامرازی بەرەوپێش بردنی فەرمانەکانی خۆی و بە موهەندسی کردنی هەڵبژاردنەکان و بە بەندکێشانی ڕەقیبە سیاسییەکانی، دەیهەوێ کۆمەڵگای تورکیە بکاتە هاوڕەنگی پارتی داد و گەشە.

ئەردۆغان بە دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو و بە وەلانانی لە ئاڵقەی کێبەرکێکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیامێکی ڕوونی بۆ خەڵکی تورکیە، نەیارانی سیاسی و هاوپەیمانانی ئورووپایی ناردووە. ئەو هەرگیز ناچێتە ناو هەڵبژاردنێکەوە کە مەترسی لەدەستدانی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی لەسەر بێت. ئەردۆغان بە یەک ڕۆژ ئەم پێگەیەی بەدەست نەهێناوە. ئەو لە هەڵسووکەوت لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣ نەقابی میانەڕەوی و ئاشتیخوازیی لە ڕووی کردەوە و سرووشتی ڕاستەقینەی خۆی بە ناڕازییان و دژبەرانی سیاسی نیشان دا. دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی پارکی گەزی هێزی پۆلیسی لەئاستێکی بەریندا بەکار هێنا. پۆلیسی تورکیە بە گازی فرمێسکڕێژ و ماشێنی ئاوپاش و گولـلەی پەلاستیکی و باتۆم بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران. لەئاکامی هێرشی پۆلیسدا هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران بەرینداربوون و لانیکەم ١١ کەس گیانیان لەدەستدا. هەزاران کەس لە ناڕازییان، چالاکانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت پزشکان و پارێزەران کە یارمەتیی ناڕازییانیان دەکرد دەستگیر کران. هێندێک لە ڕێبەرانی ناڕەزایەتییەکان دواتر بە تۆمەتی “ڕووخاندنی دەوڵەت” موحاکمە و بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کران. دەوڵەتی ئەردۆغان ئەو کاتیش فشارێکی زۆری خستە سەر میدیای ناوخۆیی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان. زۆرێک کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان خۆیان بوارد و میدیا سەربەخۆکانیش کەوتنە ژێر فشارێکی زۆرەوە. هەورەها دەوڵەت پلاتفۆرمەکانی وەک تویتێر و یوتیوبی فیلتێر کرد تا لە  هاوئاهەنگیی زیاتر لە نێوان خۆپیشاندەران ڕێگری بکات. دوای خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی دەوڵەتی تورکیە یاسای سەختگیرانەتری بۆ کۆنتڕۆڵی کۆبوونەوەی گشتی داڕشت و ئازادیی سنوورداری ڕادەربڕینی یەکجار خستە ژێر فشارەوە.

دوای سێ ساڵ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی پارکی گەزی، کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ بە سەرۆکایەتی ئەفسەرانی گۆلێنیست، دەرفەت و بیانووی بۆ ئەردۆغان ڕەخساند بۆ ئەوەی بنکەی دەسەڵاتەکەی لە دەرەوەی سنووری پارلەمان و دەزگای قەزایی، لە چوارچێوەی سیستەمی سەربازی و پۆلیسدا قایمتر بکات. لە کاتی سەرکوتی ئەم کودەتایەدا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت، نیزامییان، پۆلیس، موعەلیمان و مامۆستایانی زانکۆ دەرکران یان لە کار دوورخرانەوە. زیاتر لە ٤٠ هەزار سەرباز و ئەفسەری نیزامی، لەوانە ژێنڕاڵ و فەرماندە پلەبەرزەکان دەستبەسەرکران. ١٥٠ میدیا لەوانە ڕۆژنامەکان، کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ داخران. نزیک بە هەزار خوێندنگا و زانکۆی  ئەهلی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ گۆلێن داخران و هەزاران موعەلیم و مامۆستای زانکۆ لەکار دوورخرانەوە و دەستگیرکران. زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ دادوەر و داواکاری گشتی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان دەستگیرکران و دەزگای قەزایی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی حکوومەتی ئەردۆغانەوە. ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ڕێفراندۆمی گۆڕینی دەستوور، نیزامی حکوومەتیی تورکیەی لە پارلەمانییەوە بۆ سەرۆک کۆماری گۆڕی تا دەسەڵاتی زیاتر لە دەستیدا چڕ بکاتەوە.

دەوڵەتی ئەردۆغان دوای ئەم سەرکوتگەری و پاکتاوکردنانە، حیزبی یاسایی “پارتی دیموکراتی گەلان”ی بە ڕێبەریی سەلاحەدین دەمیرتاش کە لەگەڵ شێوازی فاشیستیی دەوڵەتی ئەردۆغان دژایەتیی کردبوو، کردە ئامانج. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕێبەرانی ئەم حیزبە لەگەڵ زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کورد زیندانی کران و زۆربەیان هەتا بە ئەمڕۆ لە زینداندا ڕاگیراون. زۆرێک لە سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی شارەکانی کوردستان لە کارەکانیان دوورخرانەوە و کەسانی متمانەپێکراوی حکوومەتی ئەردۆغان لە شوێنیان داندران.

دوای ئەم زنجیرە چالاکییانە، هاوپەیمانیی ئەردۆغان لەگەڵ حیزبی ڕاستی توندڕەوی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست بە ڕێبەریی باغچەلی، کە بە “هاوپەیمانیی کۆمار” ناسراوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا پێکهێنرا، زیاتر لە ڕابردوو سرووشتی فاشیستیی سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەرخست. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست لە گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی نیزامی پارلەمانی بۆ نیزامی سەرۆکایەتی پشتیوانیی کرد. لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ساڵی ٢٠١٨ کە پارتی داد و گەشە نەیتوانی زۆرینە بەدەست بێنێت، ئەردۆغان بە یارمەتیی ئەم هاوپەیمانییە توانیی سەرۆک کۆماریی خۆی درێژ بکاتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣شدا، ئەم هاوپەیمانییە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سەرکەوتنی ئەرۆدۆغاندا بینی. ئەردۆغان بە پشتیوانیی ئەم هاوپەیمانییە سەرکوتی نەیارانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافی مرۆڤی پەرەپێداوە، یاسای نوێی بۆ سنووردارکردنی ئازادیی میدیاکان و بەکارهێنانی ئینتێرنێت پەسند کردووە و بە دەستی ئاواڵەتر میلیتاریزم و لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانی سووریە و عێراق درێژە داوە.

بەم پێشینەوە، کردەوەی فاشیستی و زێدەخوازییەکانی ئەردۆغان بە وەلانانی ئیمام ئۆغڵو کۆتایی نایەت. هەروەک چون پێداگریی ئەردۆغان و باخچەلی لەسەر چەک دانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی، دەستپێکێک بوو بۆ دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵۆ، دەستگیری و وەلانانی ئەو لە پێشبڕکێی سەرۆک کۆماریش دەستپێکێک دەبێ بۆ سەرکوتکردنی بەرینتری ڕۆژنامەوانان و هونەرمەندانی سێکۆلار و ئەو گرووپانەی کە هەتا ئێستا لە چنگ سەرکوتگەرانی دەزگای قەزایی و هێزە ئەمنییەکان لە ئەماندا بوون. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان  دەیهەوێ بە پەراوێزخستنی سیستماتیکی پارتی کۆماری گەل بە ڕێبەریی ئیمام ئۆغڵو و ئوزغور ئوزەل و پەرەپێدانی شەپۆلەکانی سەرکوت، ئاواتی ئیمپراتووریی ئیسلامیی یەکپارچەی ئەردۆغانی بێنێتە دی. لە کاتێکدا کە لە بواری سیاسەتی جیهانیدا لە دڵی قەیرانی پێکهاتەی سەرمایەداری و لە دڵی دیموکراسییەکانی بورژوازیدا فاشیستەکانی وەک بێنامین نەتانیاهۆ، دۆناڵد ترامپ، جورجا مێلۆنی و هیتر سەر هەڵدەدەن و حیزبە فاشیستەکان لە ئاڵمان و فەڕانسە دەبنە هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن، بە بێ ئەوەیکە زیانێکیان بە ڕەواڵی دیموکراسیی ئێستا گەیاندبێ، سەرەڕۆیی و زێدەخوازییەکانی ئەردۆغانیش لە دەرەوەی سنوورەکان لەگەڵ کەمترین بەربەست بەرەوڕویە.

لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا دەستگیریی ئیمام ئۆغڵو بووەتە چەخماخەیەک بۆ داگیرسانی ئاگری تۆڕەیی و ناڕەزایەیەتیی گشتیی خەڵکی تورکیە لەدژی ئاکامە وێرانگەرەکانی قەیرانی ئابووریی لەسەر ژیانی خەڵک، لەدژی گەندەڵیی سیستماتیک و پەرەسەندنی سەرکوت و هێرشی بەردەوام بۆ سەر میدیاکان و ڕۆژنامەوانان و هیتر. لەم ڕۆژانەدا کە ئەردۆغان ڕۆژانێکی تاریکی بەسەر تورکیەدا زاڵ کردووە، بزووتنەوەی خوێندکاری بە داهێنانەکانی خۆی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە وەڕێخستنی خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی لە شارە جۆراوجۆرەکانی تورکیەدا بینیوە. ئەگەرچی ئەردۆغان هەڕەشەی کردووە و خۆپیشاندەرانی تیرۆریستەکانی سەر شەقام ناولێناوە و پۆلیس هاشێوەی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەرەنگاری ناڕازییان دەبێتەوە، بەڵام ئەم ئیعتڕازاتە بەردەوام درێژەی هەیە.

هاوکات “هاوپشتیی سەندیکایی شۆڕشگێڕ” بانگەوازی مانگرتنی گشتیی داوە. لە بەشێک لەم بانگەوازەدا هاتووە: “تورکیە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی مێژووی خۆی ئەزموون دەکات. ڕژیمی تاک کەسی بە سیاسەتە سەرمایەدارییەکانی، چینی کرێکار، زەحمەتکێشان، لاوان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بە برسیەتی، هەژاری و سەرکوت مەحکووم دەکات. خەبات لەدژی ئەم نیزامە چەوسێنەرە کە کاریگەری دەخاتە سەر هەموو بوارەکانی ژیان، ئێستا نەک هەر لە ڕێگەی چالاکیی پڕژوبڵاو، بەڵکوو دەبێ لەڕێگەی خۆڕاگری و موقاومەتی بەکۆمەڵەوە ڕێکبخرێت. مانگرتنی گشتی و موقاومەت و خۆڕاگریی گشتی لەو پێداویستییانەن کە چیتر ناتوانین وەدوای بخەین! مانگرتنی گشتی تەنیا ئەو ئامرازە نییە کە کرێکاران لەو ڕێگەوە لەسەر حەقدەستەکانیان وتووێژ دەکەن. مانگرتنی گشتی گەورەترین شێوازی خەباتە کە تێیدا چینی کرێکار بە ڕاگرتنی ژیان، دەسەڵاتی بەکۆمەڵی خۆی لەدژی نیزامی سەرمایەداری نیشان دەدات. لە قۆناغە هەستیارەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە جیهان و لە تورکیەدا، مانگرتنی گشتی گەورەترین چەک لەدژی چینی دەسەڵاتدار بووە.”

“هاوپشتیی سەندیکایی شۆڕشگێڕانە” ڕێگای نیشان داوە. کارخانە و شەقام دەبێ پێکەوە پەیوەند بدرێن. کرێکاران و زەحمەتکێشان، خوێندکارانی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە ستراتێژی سیاسی سەربەخۆی خۆیانەوە هەنگاو هەڵگرن. ئەوان مەجبوور نین لە نێوان حیزبە پارلەمانییەکاندا یەکیان بۆ ڕێبەری هەڵبژێرن. پارتی کۆماری گەل بە پشیتوانیکردن لە هێندێک لە گۆڕانکارییەکانی دڵخوازی ئەردۆغان لە یاسای بنەڕەتیدا، لە فاشیستی کردنی ڕژیمی ئەردۆغاندا دەورونەخشی هەبووە.

واقعییەت ئەوەیە کە دیموکراسیی بورژوایی بێجگەلە تێکوڵێکی بێنارۆک هیچی تری لێ نەماوەتەوە. ئەردۆغان و ترامپ و نەتانیاهۆ هەر سیانیان فاشیستن، بە بێ ئەوەیکە زیانێکیان بە ڕەواڵی کاری دیموکراسیی بورژوایی گەیاندبێ. لەژێر ئاڵای ئەم دیموکراسییە بۆرژواییەدا دەکرێت جینۆساید لە غەززە ئەنجام بدرێت، کوردستانی سووریە داگیر بکرێت و تاوانی جەنگ ئەنجام بدرێت، لەشکرکێشی بۆسەر عێراق و ئەفغانستان بکرێت و هەر تاوانێک لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوەبچێت. ئەرکی چینی سەرمایەدار بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە ڕووی مێژووییەوە لەمێژە کۆتایی هاتووە. هیچ پارتێکی بۆرژوازی، هەرچەندە “چەپ” و ڕیفۆرمخواز بێت، ناتوانێت بە پەیوەست بوون بە ڕەواڵی کاری دیموکراسییەکانی ئێستا، داخوازییە دیموکراتیکەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەدی بهێنێت. ئەرکی وەدیهێنانی داخوازییە دیموکراتیکەکانی ئێستا و دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگاش کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ و هاوپەیمانانی.