فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتی لەئاست بڕانی بەردەوامی کارەبا
دوشەممە ۲۰-۰۵-۱۴۰۴   |  11-08-2025

هاوینی ساڵی ١٤٠٤ لە ئێران بە توندتربوونەوەی قەیرانی کارەبا دەستی پێکرد. کەمبوونی کارەبا بۆ ٢٣ هەزار مێگاوات واتە نزیکەی یەک لەسەر سێی مەسرەفی هەموو وڵات پەرەی ئەستاند. بڕینی بەرنامەڕێژی کراوی کارەبا کە سەرەتا دوو سەعات لە ڕۆژدابوو، بەخێرایی بۆ چوار سەعات زیاد کرا و لە هەندێک لە ناوچەکان ٦ هەتا ٨ سەعات ڕاگەیەندراوە. لە تاران و چەند شاری دیکەن بڕانی کارەبا ڕۆژانە چوار سەعات درێژەی بووە کە زۆر جار بە بێ ئاگارکردنەوەی پێشوو بووە.

بەپێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژووری بازرگانی، ناوەندە سەنعەتییەکانی ئێران ڕۆژانە زیاتر لە ٩ ملیارد تمەن بەهۆی پچڕانی کارەباوە زیانیان بەردەکەوێت. جگە لەوەش، لەگەڵ بەردەوامیی ئەم قەیرانە، گشت ئابووریی ئێران ڕۆژانە ١٨ ملیارد تمەن زیانی بەردەکەوێت کە زیاتر لە ٥١%ی پەیوەندی بە کەرتی پیشەسازییەوە هەیە. ئەم ئامارانە ئەوە دەردەخەن کە قەیرانی کارەبا تەنها کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نەبووە، بەڵکوو فشاری خستووەتە سەر ناوەندە سەرەکییە ئابوورییەکانی وڵات. ئەو ناوەندانەی کە ژیانی ملیۆنان کرێکار و بنەماڵەکانیان پێی وابەستەن.

شێوازی خامۆشییەکان، ڕوخساری ئاشکرای نابەرابەریی چینایەتیمان پێ نیشان دەدات. ناوچەکانی باکووری تاران کە شوێنی ناوەندەکانی ڕژیمن کەمتر لە یەک لەسەد خامۆشی تەجروبە دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باشووری تاران زیاتر لە ٣٠% ی خامۆشی و بڕانی کارەبایان بەسەردا سەپاوە. لە پارێزگاکانی وەک خوزستان، بوشێهر و هورمزگان پلەی گەرما لە سەرووی ٤٥ە و پچڕانی درێژخایەنی کارەبا، بارودۆخێکی تاقەت پڕووکێنی دروستکردووە و شەپۆلێکی لە ناڕەزایەتی خستووەتە ڕێ. لە زۆرێک لە شارەکان، لە سەبزەوار و خەڵخاڵەوە تا شارۆچکەکانی باشووری وڵات، خەڵک لە گەرمای بەتین و تاریکیی ئیجباریدا ڕژانە سەر شەقامەکان. دروشمەکانی وەک “ئاو، کارەبا ،ژیان مافی ڕەوامانە” بووەتە دەنگی هاوبەشی ناڕەزایەتییەکان. لە سەبزەوار کۆبوونەوەکانی بەردەم پارێزگا بوون بە ناڕەزایەتییەکی بەرین لەدژی بڕانی کارەبا و ئاو.

بڕانی بەردەوامی کارەبا و بێ ئاوی، بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی فەرمی، نە بەهۆکاری بارودۆخی تایبەت یان قەیرانی جیهانیی وزە بەڵکوو لە ئاکامی دەیان ساڵ کەمتەرخەمی و بایەخ نەدان بە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان و وێرانکردنی سیستماتیکی ژێرخانەکانە. سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، کە سەرچاوە گشتییەکانی خستووەتە خزمەت گرووپ و تاقمەکانی دەسەڵات، لە جیاتی وەبەرهێنان بۆ گەشەی پایداری تۆڕی کارەبا و مودیرییەتی زانستیی ئاو، سەدان ملیارد دۆلاری بۆ پەرەپێدانی سەنعەتی نیزامی، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و پشتیوانی لە هێزە نیابەتییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە تەرخان کردووە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا دابین کردنی هێزی نیزامی بۆ سەرکوتی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی و دابین کردنی بەرژەوەندی ئۆلیگارشی سیاسی – ئابووری سەربە سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بەکردەوە وەبەرهێنانی لە بواری بەهێزکردنی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی خەڵک، خستووەتە پەراوێزەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە خەڵک لە گەرمای تاقەتپڕووکێن و لە بێ کارەبایی و بێ ئاویدا، نە تەنیا ئازاری جەستەیی بەڵکوو فشاری دەروونیی قورسیشیان بەسەردا دەسەپێت. لەلایەکی دیکەوە، داخرانی ئیجباریی کارخانەکان و ناوەندەکانی کار بەهۆی قەیرانی کارەبا، بیانوو دەداتە خاوەنکاران بۆ ئەوەی حەقدەستی کرێکاران نەدەن. ئەم بارودۆخە لەگەڵ پەرەسەندنی سەرکوت و دەستبەسەرکردن، بزووتنەوەی کرێکاریی خستووەتە هەلومەرجێکی دژوارترەوە.

قەیرانی کارەبا و پەرەسەندنی خامۆشییەکان، کەمبوونی ئاو، گرانیی نان و لەناوبردنی ژینگە دیمەن گەلێک لە نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداریی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. ئەوەیکە لە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و پرتووکاویی ژێرخانەکاندا، ملیاردها دۆلار دەکرێتە خەرجی پڕۆژەی مووشەکی و ئەتۆمی و دابینکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، بابەتێکی بەڕێکەوت نییە. کوتانی تەپڵی سیاسەتی شەڕەنگێزانە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانە ناوخۆییەکان لە خزمەت مانەوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدایە. بەڵام ئەم سیاسەتە بەهاکەی پەرەسەندنی قەیرانی ناوخۆیی و فشاری ئابووریی قورستر بەسەر خەڵکدا بووە.

ناڕەزایەتی بەدژی بڕانی کارەبا و بێ ئاوی درێژەی مانگرتنەکانی کرێکاران، خەباتی موعەلیمان، ناڕەزایەتیی خانەنشینان و لەدژی ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و زۆرینەی کۆمەڵگایدا سەپاندووە. بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە ڕێگایەک بێجگەلە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بەهێزکردنی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە لەسەر بەستێنی ئەم ناڕەزایەتییانە بوونی نییە.


وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv