پاش حەفتەیەک لە داخستنی ئاکاونتی هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕژیم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئیکس”، کاردانەوە و تووڕەیەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕژیمەوە سەبارەت بەم بابەتە، بەردەوامە.
مێهدی فەزائێلی لە ئەندامانی نووسینگەی پاراستنی بەرهەمەکانی ڕێبەری ڕژیم، ڕەخنەی لە داخستنی ئاکاونتی ئیکسی هەواڵدەریی میزان گرتووە و ڕایگەیاندووە هەر ئەو پرسەی کە بووە هۆی داخستنی ئاکاونتی ئینستاگرامی عەلی خامنەیی، هۆکاری داخرانی ئاکاونتی میزانیش بووە.
هۆکاری داخرانی ئاکاونتەکانی ڕێبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی ئاشکرای ناوبراو لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرگری لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دواکاری بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بوو.
فەزائێلی داخستنی ئەم ئاکاونتانەی بە نەبوونی ئازادی دەربڕین لە قەڵەم داوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە پێشتر بە هۆی ترس لە گەیشتنی زانیاری بەدەست خەڵکی ئێران و دەرەوە، لەلایەن خۆدی ڕژیمەوە فیلتێر کرابوون.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نیشانەی زێڕێن و شینەکانی ئاکاونتی “پرێس تیڤی، تەسنیم و ئیرنا”ی سڕیوەتەوە.
نیشانەی زێڕین تایبەتە بەو ئاکاونتانەی کە وەک ڕێکخراوی فەرمی ناسێندراون.