فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی دوو رۆژنامەنووسی ئێرانی بەهۆی نەپۆشینی حیجاب
دوشەممە ۲۵-۱۰-۱۴۰۲   |  15-01-2024

ڕۆژێک دوای ئازادبوونی ئێلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامێدی لە زیندان، سکاڵایەکی نوێ لە دژی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کە بۆ یەکەم جار هەواڵی کوژرانی “ژینا ئەمینی”یان بڵاوکردبووەوە، لە دادگای شۆڕشی تاران تۆمار کراوە.
هەردوو رۆژنامەنووسی ئێرانی “نیلووفەر حامێدی” تەمەن ٣١ ساڵ و “ئیلاهە محەممەدی” تەمەن ٣٦ ساڵ، یەکەم کەس بوون لە مانگی خەرمانانی پارەکە هەواڵی کوژرانی “ژینا ئەمینی”یان بڵاوکردەوە. چەند رۆژ دواتر بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە و چەند تۆمەتێکی دیکە؛ سزای چەندین ساڵ زیندانیکردنیان لە دادگای تاران بۆ دەرچوو.
هەردوو رۆژنامەنووسەکە ماوەی ١٧ مانگ بوو لە زینداندا بوون؛ رۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، بە دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تەمەنی بۆ هەر یەکەیان، بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کران. کەچی دوای ئەوەی ئازاد کران، وێنەی هەردوو رۆژنامەنووسەکە بەبێ پۆشینی حیجاب لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی لێکەوتەوە. رۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، ماڵپەری “میزان ئۆنڵاین”ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ڕژیم بڵاویکردووەتەوە، سکاڵایەکی نوێ لە دژی ئەو دوو ژنە رۆژنامەنووسە بەهۆی “نەپۆشینی حیجاب” لە دادگای شۆڕشی تاران تۆمارکراوە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت.
ئەو دوو رۆژنامەنووسە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکراون تا ئەو کاتەی دادگاییەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەی تاران بەڕێوەدەچێت. جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو سزای ١٢ ساڵ زیندانی کردن بە تۆمەتەکانی “پێدانی زانیاری بە ئەمەریکا”، “پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات” و “بانگەشەکردن لە دژی کۆماری ئێسلامی” بەسەر ئیلاهە محەممەدی، پەیامنێری رۆژنامەی “هەم میهەن”دا سەپێندرا. نیلۆفەرحامیدیش کە وێنەگری رۆژنامەی “شەرق”ی ئێرانە، سزای ١٣ سال زیندانی کردن بە تۆمەتی “پێدانی زانیاری بە ئەمەریکا”، “پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی وڵات” و “بانگەشەکردن لە دژی کۆماری ئێسلامی” بەسەریدا سەپێندراوە.