فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تۆپبارانکردنی چیای کۆساڵانی سەوڵاوا و ڕەوانەکردنی هێزەکانی سپا بۆ ئەم ناوچەیە
سێشەممە ۲۳-۰۳-۱۴۰۲   |  13-06-2023

هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕژیم سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی جۆزەردان بەشێک لە چیای کۆساڵانیان لە بەرزاییەکانی گوندی «ڕەزاو» تۆپباران کردووە و نیوەڕۆیش کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی سپای پاسداران بە چەندین شۆفڵەوە ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراون: «دوابەدوای تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کۆساڵان، ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسداران بە چەندین شۆفڵەوە لە سەربازگەی سپا لە کۆساڵاندا جێگیر کراون و ژمارەیەکی تریشیان بە مەبەستی دروستکردنی جادە و جێگیربوون لە بەرزاییە ستراتیژیکەکانی ناسراو بە «هەواری ڕاسەبان»دا ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراون».
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەش کرد کە کاتژمێر ٢٢ی شەو دەنگی چەندین تەقینەوەی قورسیان لە شوێنی جێگیربوونی ئەم هێزانەوە بیستووە و تا ئێستا دەرنەکەوتووە کە ئایا تێکهەڵچوونی سەربازی ڕووی داوە یاخود سپای پاسداران شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی خۆیانی تۆپباران کردووە.
حەفتەی ڕابردوویش هێزەکانی سپای پاسداران لە دەوروبەری زنجیرە چیای شاهۆ لە شارەکانی ڕوانسەر، پاوە و سەوڵاوای پارێزگاکانی کرماشان و کوردستاندا جێگیر کراون و ئەم کوێستانەیان بە درۆن بۆردومان کردووە.