نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕ، تەرمی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سیامەند شابۆیی و خەڵکی شاری شنۆ، لە بینایەکی نیوەکارە لە گوندی “قادرئاوا”ی سەر بە شارۆچکەی “بەحرکە” لە نزیکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکان، کاتێک تەرمی ئەم چالاکە سیاسییە دۆزراوەتەوە، درکەوتووە کە بە چەند گوللەیەک لە پشتەوە لێی دراوە. هەر لەو پێوەندییەدا کەسێکی نزیکی سیامەند شابۆیی ڕاگەیاند: “سیامەند شابۆیی، لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە دیار نەماوە و هیچ هەواڵێکی نەبووە کە هەتا ئێستا شتی وا ڕووی نەدابوو. شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکان؛ سیامەند شابۆیی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هەڕەشەی لێکرابوو و لەم دوایییانەشدا دوو برای ناوبراو و هەروەها کۆمار شابۆیی، کوڕە تەمەن ١٤ ساڵانەکەی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون. تیرۆرکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە کاتێکدایە کە دوو ئەندامی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادل موهاجێر کە هەردووکیان خەڵکی شاری پیرانشار بوون، دەمەوبەیانیی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە شاری قەڵادزێ سەر پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان تیرۆر کران.