فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تیرۆری ئیسماعیل هەنییە و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی
دوشەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۳   |  05-08-2024

تیرۆری ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس لە میوانسەرای سپای پاسداران لە باکووری تاران لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی کۆسپێکی تازە کردووەتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە بەردەم مەترسیی داگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر. هەنییە سەرۆکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامی بوو کە بووە قوربانیی تیرۆریزمی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل. ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە درێژەی سیاسەتەکان و شەڕ و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی نەتەوەی فەلەستینە کە زیاتر لە حەفتا و پێنج ساڵە بە پشتیوانیی بێدەریغی ئەمریکا بەردەوامە. تیرۆریزمی دەوڵەتی بەشێک لە سیاسەتی ستراتێژیکی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆ نابوودیی نەتەوەی فەلەستین بووە. و هەتا ئێستا سەدان کەس لە ڕێبەران و فەرماندەکانی ڕێکخراوە سیاسییە چالاکەکان لە فەلەستین بووەنەتە قوربانیی ئەم تیرۆریزمە. دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێکە بە تیرۆرکردنی ڕێبەران و فەرماندەکانی حەماس، بناژۆخوازی و تیرۆریزمی تاقمە ئیسلامییە سیاسییەکان پەرەپێدەدات. تا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەر ئەم گرووپە ئیسلامییانە نەخشەی ستراتێژیکی داگیرکردنی تەواوی وڵاتی فەلەستین و نابوودیی میللەتی فەلەستین بەڕێوەببات. دەوڵەتی ئیسرائیل بە بیانووی تیرۆریزمی ڕێکخراوی حەماس زیاتر لە دە مانگە جینۆساید و کۆمەڵکوژی لەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە درێژە دەدات و بە کوشتنی دەیان هەزار کەس و بۆمبارانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان و شوێنی ژیانی خەڵک، ئەم کەرتەی خستووەتە مەترسی نابوودییەوە.

نەتانیاهۆ کە لەسەر کارمانەوەی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی خۆی لە گرەوی درێژەی شەڕ و کۆمەڵکوژیدا دەبینێ، بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە بەشوێن چەندین ئامانجەوەیە. ئامانجێکی کورت ماوەی ئەو، بە بنبەست گەیاندنی وتووێژەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە بە نێوبژایەتیی دەوڵەتانی قەتەر و میسر و ڕێگری لە گەڕانەوەی حەماس بۆ پێگەی بەر لە هێرشی ناسراو بە “تۆفانی ئەقسا”یە. دوای تیرۆری ئیسماعیل هەنییە، “خەلیل ئەلحەیە” بەرپرسێکی حەماس لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران وتی: “هەتا خوێن و خوێنڕێژی هەبێت، باس کردن لە ڕێککەوتن و ئاگربەست بێهوودەیە. ئیسرائیل بە تیرۆری ئیسماعیل هەنییە کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا”. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئیسرائیل لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی لەدژی حوسییەکان لە خاکی یەمەن کە بەشێک لە پاشکەوتەکانی سووتەمەنیی و وزەی ئەم گرووپەی نابوود کرد، لە درێژەی بۆمبارانی ناوەندی سەربە حیزبوڵڵا لە بەیرووت کە بەهۆیەوە “فواد شوکر” فەرماندەیەکی باڵای ئەم گرووپە کوژرا، ئەمجارە بە تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران ویستی ئەم پەیامە بە فەرماندەکانی سپای پاسداران بگەیەنێ کە قۆناغی شەڕی نیابەتی کۆتایی هاتووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یان دەبێ کۆتایی بە شەڕی نیابەتی لە ناوچەکە بهێنێت، یان دەبێ کەوتنە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل قەبووڵ بکات. بەڵام بێجگەلە ئەم ئامانجانە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە کردنە نیشانەی میوانسەرای سپای پاسداران لە باکووری تاران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کادری ڕێبەریی سپای پاسدرانی بەشێوەیەکی بێوێنە تەحقیر کرد و لاوازی و داماویی دەزگا ئەمنیەتییەکانی نەتەنیا بە چاوەدێرانی سیاسی، بەڵکوو بە بیروڕای گشتی کە ڕۆژانە پەیگیری هەواڵی جەنایەتەکانی ڕژیمن، نیشان دا. ئەگەرچی بوونی بۆشایی ئەمنیەتی لەناو ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە بابەتێکی موحتەمیلە، بەڵام ئەوەیکە دەوڵەتی ئیسرائیل لەماوەی ساڵانی ڕابردوو توانیویەتی چەندین زانای ئەتۆمیی سەربە ڕژیمی ئیسلامی بکوژێت و بەڵگەی پەیوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمییەکان بەدەست بهێنێت و لەم دواییەشدا ئیسماعیل هەنییە لە میوانسەرای سپای پاسداران لە تاران تیرۆر بکات، خۆی نیشانەی ئەوەیە کە گەندەڵیی سیستماتیکی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمیشی داگرتووە و زیاتر لە ڕابردوو بێ “ئیعتبار” و بێ “ئیقتدار”ی کردوون. لە کاتێکدا کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنیەتیی تیرۆری ئیسماعیل هەنییە درێژەی هەیە، سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە هەتا ئێستا زیاتر لە بیست کەس لە ئەفسەران و فەرماندەکانی سپای پاسداران لەم پێوەندییەدا دەستگیرکراون.

لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری دەستدرێژیی زەلیلکەری دەوڵەتی ئیسرائیلد‌ا، لەسەر چۆنیەتیی کاردانەوە بەرامبەر بەم هێرشە ئاشکرایە یەکجار کەوتووەتە مەنگەنەوە. بۆ سەران و فەرماندەکانی سپای پاسداران ڕوونە کە هاویشتنی سەدان مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیل لە جەریانی “عەمەلیاتی سادق” نەیتوانیوە دەوڵەتی ئیسرائیل لە هێرش بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە تاران پاشگەز بکات. کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە لە شەڕی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دەترسێ و وەها شەڕێک لەڕاستای مانەوەی خۆی و بەرژوەندی چینی دەسەڵاتداری ئێراندا نابینێت، بەڵام بە پێویستی دەزانێ کە لە بەرامبەر ئەم تەحقیرەدا کاردانەوە نیشان بدات. کۆماری ئیسلامی خوازیاری هێرشی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاستی تەحەمولی لایەنی بەرامبەر هەڵسەنگاندنێکی وردی نییە، هەرجۆرە هەڵەیەکی لێکدانەوە دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل. سەرەڕای پێداگری و تەئکیدەکانی خامنەیی لەسەر تۆڵەسەندنەوە، هەر ئەم بەربەستە ستراتێژیکانە و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەبێتە هۆی ئەوەیکە سپا بە یارمەتی یان بە بێ یارمەتیی هێزە نیابەتییەکان هێرشێکی سنووردارتر لەوەیکە چاوەدێرانی سیاسی چاوەڕوانی دەکەن ئەنجام بدات و ئەوەش بێگومان دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە.

بەڵام کۆسپ و بەربەستی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی نەبوونی پاڵپشتی ئابووری و پشتی جەبهەیەکی ئەمنە. واقعییەت ئەوەیە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و زۆرینەی خەڵکی ئێران بەهۆی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووریی بێوێنە و بەهۆی هەموو بێ مافییە کۆمەڵایەتییەکان دەمێکە نەبەردی سەنگەر بە سەنگەر و چارەنووسسازیان دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە. ئەگەر ڕژیم بچێتە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەل ئیسرائیل، کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ئازادەی ئێران نەتەنیا بەخاتری بارودۆخی شەڕ چاوترسێن نابن، بەڵکوو خەباتیان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە زیاتر پەرەپێدەدەن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لە بارودۆخی ئێستادا شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕاستای بەرژوەندی خۆی و مانەوەی نیزامی ئیسلامیدا نابینێ، بەڵام لەگەڵ درێژەی ماجەراجوویی و شەڕی نیابەتی دژبە ئیسرائیل، بەکردەوە کۆمەک بە داگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوچەیی دەکات.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە بەرامبەر ئەم دوو بەرە کۆنەپەرستەی سەرمایەداری، لە بەرامبەر شەڕخوازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەر ئەو بەشە لە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی کە چاویان لە کێشمەکێشی کۆنەپەرستانە و دەخاڵەتی دەوڵەتەکانی دیکە بڕیوە، ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە درێژە و پەرەپێدانی خەبات و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیم لەڕێگەی ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیدە بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئاسۆیەکی ڕوون بەرەوڕووی کۆمەڵگای ئێراندا دەکەنەوە، بەڵکوو خەڵکی ناوچەکەش لە چنگ کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەکەن.