فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تیرۆرە ئامانجدار و بەرنامەبۆداڕێژراوەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە
سێشەممە ۰۳-۰۶-۱۴۰۵   |  25-08-2026

ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ڕاستڕەوی توندئاژۆی دەوڵەتی ئیسرائیل، یەکشەممەی ڕابردوو (ناوەڕاستی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە پادکاستێکی میدیاییدا خوازیاری ئەوە بوو کە هێزەکانی ئیسرائیل هەموو شەوێک ٣٠ بۆ ٤٠ فەلەستینی لە کەرتی غەززە قەتلوعام بکەن. بن گڤیر بە ڕاشکاوی گوتی: «پێم وایە دەبێت لە غەززە تیرۆری ئامانجدار ئەنجام بدرێت، هەموو شەوێک ٣٠ بۆ ٤٠ کەس بسڕینەوەهەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە مەبەستی تەنیا فەلەستینییە چەکدارەکان نییە، بەڵکوو لە کەرتی غەززە کەسانێک هەن کە بە گوتەی ئەو «شایەنی ژیان نین» و «بە هیچ جۆرێک مرۆڤ نین». مانگی ڕابردووش، بن گڤیر پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە زیندانی کتزیعۆتلە بیابانی نەقەب بە بەکارهێنانی تیمساح بپارێزرێت. ئەم ئایدیا وەحشیانەیە لە کەمپێکی پەنابەران لە فلۆریداوە ئیلهامی وەرگرتبوو کە لە مانگی جوولایدا داخرا. لەگەڵ ئەوەشدا، دادگایەکی ئیسرائیلی ئەم گەڵاڵەیەی قەدەغە کرد. هەر ئەم بەشە لە لێدوانەکانی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیلە کە جەوهەری سیاسیی پرسەکە ڕوونتر دەکاتەوە. کاتێک کاربەدەستێکی فەرمیی دەوڵەت، بەشێک لە دانیشتووانی خاکێک بە شایەنی ژیان نەزانێت، ئەوا بە ئاشکرا و بێ پەردە لەگەڵ میکانیزمێکی فاشیستیدا بەرەوڕووین.

مێژووی کۆلۆنیالیزم، چ لە سەردەمی ئیمپریالیزم و چ پێش ئەویش، پێمان دەڵێت کە کۆمەڵکوژی و جینۆساید تەنیا بە چەک مسۆگەر نابێت. پێش ئەوە، دەبێت وێنایەک بهێنرێتە ئاراوە کە تێیدا ژیانی قوربانییەکان بێبایەختر نیشان بدرێت. داماڵینی بەشێک لە مرۆڤەکان لە خەسڵەتی مرۆڤبوون، پێشەکییەکە بۆ ئاساییکردنەوەی توندوتیژی. سەرەتا کۆمەڵێک مرۆڤ وەک هەڕەشەیەکی هەمیشەیی پێناسە دەکرێن، پاشان بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵیان دەخرێتە پاڵ و لە قۆناغی دواتردا، پیادەکردنی توندوتیژی دژ بە کەسانی مەدەنی لە ژێر پەردەی پێداویستیی ئەمنیدا پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. ئەم مۆدێلە تەنیا لە دەوڵەتی ئیسرائیل یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نابێتەوە، بەڵکوو لە مێژووی داگیرکاری و شەڕە ئیمپریالیستییەکاندا گەلێک جار دووپات بووەتەوە. بێگومان بن گڤیر نوێنەری فاشیزمی ئیسرائیلە، بەڵام سەرهەڵدانی سیاسیی ڕەوتێکی لەم چەشنە ناتوانرێت لە دەرەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگەی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی پرسی فەلەستین لێک بدرێتەوە. فاشیزم لە بۆشاییەکی سیاسیدا گەشە ناکات. ناسیۆنالیزمی ئیفڕاتی، میلیتاریزم، ترس و دڵەڕاوکێی هەمیشەیی لە نائارامی، و پەیوەندییە دێرینەکانی داگیرکاری و هەژموون بەسەر فەلەستینییەکاندا، ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەیان فەراهەم کردووە کە تێیدا سیاسەتمەدارێکی وەک بن گڤیر بتوانێت قسە لە قەتلوعام بکات وەک چارەسەرێکی سیاسی.

کۆمەڵگەی ئیسرائیلیش هەروەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی سەرمایەداری، لە چینەکان و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان پێک هاتووە. لە نێوان کرێکار، سەرمایەدار، کارمەندە باڵاکانی بیرۆکراسیی دەوڵەتی و فەرماندە سەربازییەکاندا جیاوازیی ڕاستەقینە هەیە. هەروەک چۆن کۆمەڵگەی فەلەستینیش جەماوەرێکی یەکپارچەی چینایەتی و سیاسی نییە. ئەگەر بڕیار بێت سیاسەتی شۆڕشگێڕانە لە ئاستی هاوسۆزییەکی ئەخلاقی تێپەڕێت، دەبێت هەر ئەم ململانێ و دژایەتییانە ببینێت و پرسی خۆڕێکخستنی سەربەخۆی هەژاران و چەوساوەکان بە جیددی وەربگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەت ئەو ئۆرگانەیە کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەکان ڕێک دەخات، و لە هەلومەرجی جەنگیشدا، دەزگا سەربازی و ئەمنییەکەی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتر دەگێڕێت. کۆمەڵکوژیی غەززە بە گرێدراوی لەگەڵ مێژووی داگیرکاری، گەمارۆدان، دروستکردنی نشینگەکان لە خاکە داگیرکراوەکان، کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان، ململانێ ناوچەییەکان و پاڵپشتیی زلهێزە جیهانییەکاندا فۆڕمی گرتووە. سەرمایەداریی ئیمپریالیستیش لەم نێوەندەدا لە دەرەوەی گۆڕەپانی جەنگەکە نییە؛ پیشەسازیی دروستکردنی چەک، بەڵێندەرە سەربازییەکان و تۆڕە ئەمنییەکان لە جیهانی هاوچەرخدا، بەشێکن لە پێکهاتەی ئابووریی ئەم جەنگ و کۆمەڵکوژییە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، مرۆڤی فەلەستینی کە لە ماڵ، شەقام یان پەناگەکاندا دەژی، لە زمانی دەسەڵاتدا دەبێتە بەشێک لە پرسێکی ئەمنی. لەم بارودۆخەدا، تاوەکوو زمانی فەرمیی دەوڵەت و چینی باڵادەست زیاتر باس لە «هەڕەشە»، «سڕینەوە» و «ئامانجەکان» بکات، ئەگەری بینینی ئەو مرۆڤە ڕاستەقینانەی لە پشت ئەم چەمکانەوەن، کەمتر دەبێتەوە. بەڵام بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کۆمەڵکوژییە بەرنامەبۆداڕێژراوەکانی دەوڵەت، هەرگیز تەنیا داتایەکی ئاماری نین. قەتل و تیرۆری مرۆڤێک، واتە خێزانێک کە لەبەر یەک هەڵوەشاوە، منداڵێک کە ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە، کرێکارێک کە ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ ماڵ و شوێنی کارەکەی، و کۆمەڵگەیەک کە دەرفەتی بەرهەمهێنانەوەی ئاسایی ژیانی تێدا لەناوچووە. لەم ڕوانگەیەوە، وەحشیگەرییەکەی بن گڤیری وەزیری ئاسایشی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل سەبارەت بە شێوازەکانی کۆنترۆڵکردنی زیندان بە بەکارهێنانی تیمساح، توندوتیژییەکە لە درێژەی ئەو تاوان و قەتلوعامانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات.

لە کاتێکدا بەردەوامبوونی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە لە ژێر سێبەری پاڵپشتیی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان دایە، کرێکاران و چەوساوەکانی ئیسرائیل و فەلەستین، هەرچەندە لە پێگەی مێژوویی و سیاسیی یەکساندا نین، بەڵام ناتوانن بۆ هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتەکان و پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکاندا پێناسە بکەن. ئەمەش بە واتای نادیدەگرتنی نایەکسانی و جیاوازییەکان نییە. بەپێچەوانەوە، هەر شیکارییەکی جیددی دەبێت مێژووی داگیرکاری، کۆمەڵکوژی، سووکایەتیپێکردن، کۆچی زۆرەملێ، بێبەشکردن و زەوتکردنی مافەکانی خەڵکی فەلەستین بخاتە چەقی سەرنجییەوە. بەڵام بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتەی فەلەستین کاتێک ئاسۆیەکی ڕزگاریخوازانە پەیدا دەکات، کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە گرووپە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی، خۆی بە خەباتێکی بەرفراوانتر دژ بە هەژموون، ستەم، چەوسانەوەی سەرمایەداری و میلیتاریزمەوە گرێ بدات.

لێدوانەکانی بن گڤیر سەبارەت بە پلاندانان بۆ قەتل و تیرۆرە ئامانجدارەکان و ئاساییکردنەوەی کوشتار، ڕێبازی ڕاستەقینەی دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل لە غەززە بە ڕوونترین شێوە نیشان دەدات. کاتێک کوشتنی دەیان مرۆڤ لە هەر شەوێکدا وەک سیاسەتێکی شیاوی گفتوگۆ دەخرێتە ڕوو، مەترسییەکە لەوەدایە کە ڕای گشتی وردەوردە ئەو هەستیارییەی پێویستە بۆ بینینی ئەم کۆمەڵکوژییانە وەک کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی، لەدەست بدات. لە بارودۆخێکی وەهادا، بە پشتبەستن بە هێزی هاوپشتیی نێونەتەوەیی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین، نابێت ڕێگە بدرێت کە دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری ئیسرائیل بە پاڵپشتیی دەوڵەتی ئەمریکا، کۆمەڵکوژی لە غەززە ئاسایی بکاتەوە و بەردەوامییەکەی بکاتە شتێکی قبووڵکراو. پرسی ڕەهایی خەڵکی فەلەستین گرێ دراوە بە ڕەخنەی دژەکۆلۆنیالیستی لە سەرمایەداریی ئیمپریالیستی و فاشیزم و میلیتاریزمەوە؛ لە هەمووشیان گرنگتر، بە بەرگریکردن لە سەربەخۆیی سیاسیی چینی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەرامبەر سەرجەم دەوڵەتان و دەسەڵاتە باڵادەستەکانی سەرمایەداریدا. ئەگەر بڕیارە شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتییەکی پایەدار جێگیر بێت، ئەوەی دەبێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، ئەو پەیوەندییانەن کە ڕێگە بە حکومەتی سەرمایەداریی فاشیستی ئیسرائیل دەدەن بڕیار لەسەر چارەنووس و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بدات و بە پلاندانانی تیرۆری ئامانجدار لە ژێر پەردەی پێداویستییە ئەمنییەکاندا، بوونی نەتەوەیەک لەناو ببات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv