
عەلی خامنەیی هەتا ئێستا گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە زیادکردنی حەشیمەت یەکێک لە ئامرازەکانی دەسەڵاتە و پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێ دانیشتووانی مسوڵمانی ئێران تا ١٥٠ و ٢٠٠ ملیۆن کەس زیاد بکات، بۆ ئەوەی ئیقتدار و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەرەبستێنێ. لەم دواییەدا فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئەرتەشیش لەژێر کاریگەریی خامنەیی و بە فەرهەنگێکی شەڕخوازانەوە لەپێناوی تازەکردنەوە و بەهێزکردنی ڕیزەکانیان، بەمەبەستی فشارخستەسەر ژنان بۆ دووگیانبوون، خوازیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی جیددی بوون. ڕۆژی شەممە ١٩ی مانگی جۆزەردان پاسدار حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە “هەمایشی میللیی جەمعیەت”دا خوازیاری چوونەسەری جەمعیەتی ئێران بوو. ئەو وتی “ئەگەر ڕێژەی چوونەسەری جەمعیەت دوو بەرابەر نەبێتەوە، کۆمەڵگا پیر و خەمۆک دەبێت. وە لە ئاکامدا زەربەهەڵگر و لاواز دەبێت. مەگەر دەکرێ بە کۆمەڵگایەکی پیر لە بەرامبەر ئەم دنیا بەهێزەدا ڕاوەستین؟”. پاسدار “محەممەد ڕەزا نەقدی”ش خۆی کرد بە دکتوری کۆمەڵناس و لەمبارەوە وتی:”٢٠ لەسەدی ژن و شووەکانی ئێران بەهۆی چوونەسەری تەمەنی هاوسەرگیرییەوە منداڵیان نابێ. لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، یەکێک لە پێکهاتەکانی دەسەڵات لەدەست دەدەین و ئەمەش مەترسییەکی جددییە کە لەگەڵی ڕووبەڕووین”. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی جۆزەردان، تاهری فەرماندەی قەرارگای غەربی هێزی زەمینیی ئەرتەش وتی: “سەڵتی و هاوسەرگیریی سپی، هێرشی فەرهەنگی بێ سەرەوبەرەیی ڕۆژئاوایە دژبە بناغەی بنەماڵە و هێرشێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی”. ئەو دانی بەوە دانا کە سەرەڕای ئەو ئیمتیازانەی دەوڵەت بۆ تەبلیغی منداڵبوون بەکاری هێناوە، هێستا هاووڵاتییانی ئێران سەبارەت بە بردنەسەری جەمعیەت دوودڵن.
سەران و فەرماندەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەم نیگا کۆنەپەرستانەیە بە ژنان، لەلایەکەوە دەیانهەوێ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنانی ئازادیخواز دژبە حیجابی ئیجباری و باقیی یاسا پڕتووکاوە ئیسلامییەکان، کە بناغەکانی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی خستووەتە لەرزە، بێ سەرەوبەرەیی ناو لێ بنێن و لەم ڕێگەوە جەنایاتی ڕۆژانەیان دژبە ژنان پاساو بکەن. لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدەن ژنان بەرەو سووچی ماڵەکان پاڵ پێوەنێن، و ڕۆڵی دایک و هاوسەر و ژنی ماڵیان پێ بدەن بۆ ئەوەی منداڵیان بێت. ڕوانگەی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی بێجگەلە ئەمە هیچ ڕۆڵ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە بۆ ژنان وەک ئینسان لە کۆمەڵگادا لەبەرچاو ناگرێت. لەم ڕوانگە کۆنەپەرستانەیەدا ژنان تەنیا ئەرکیان ئەوەیە کە بۆ بردنەسەری ژمارەی ئۆمەتی ئیسلامی، منداڵ بەدنیا بێنن. تا کوڕەکانیان لە داهاتوودا ببنە پاسدار و سەرباز و بەسیجی و لەپێناوی “پەرەپێدانی جیهانی ئیسلام” ڕەوانەی شەڕ لەدژی کافرەکان بکرێن و لەم ڕێگایەدا بە پلەی “شەهادەت” بگەن تا بۆ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی زێدەخوازانەی لە ناوچەکە “ئیقتدار” بەدەست بێنن. لە ناوەوەش ببنە هێزی سەرکوتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا. هەڵبەت ئەم ڕەوانگە شەهادەتخوازانەیە، ئاغازادەکانی خۆیان ناگرێتەوە.
بەم ئامانجە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی زۆر یاسا و گەڵاڵەی سەختگرانە و دژەژنی بۆ ڕێگری و قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ بەڕێوەبردووە و بۆ کەسانی سەرپێچکار سزای توندی دیاری کردووە. تا لەم ڕێگەوە ژنان ناچار بە دووگیان بوونی زۆری و نەخوازراو بکات. لەڕاستیدا ئەمە خاوەنداریەتیی حکوومەتە بەسەر جەستەی ژنان و زەوتکردنی ئیختیار و ئازادیی ئەوانە. هەتا ئێستا بەهۆی جێبەجێکردنی ئەمجۆرە یاسا کۆنەپەرستانە و دژەئینسانییانە، سڵامەتی جەستەیی و دەروونیی ژنانێکی زۆر کە بە هەر دەلێلێک نایانهەوێ منداڵیان بێت، کەوتووەتە مەترسییەوە.
کۆماری ئیسلامی بەم ئامانجە لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا، دامودەزگایەکی پان و بەرینی لەژێرناوی “ستادی حمایەت لە خانەوادە و جەوانی” پێکهێنا. ئەم ستادە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆمار و بە ئەندامیەتیی کاربەدەستانی نیزامی، مەزهەبی، ئەمنیەتی، قەزایی، تەبلیغاتی ئیسلامی، ماڵی و پزیشکی پێکهات و هەموو ساڵێ بوودجەیەکی زۆریشی بۆ تەرخان کراوە. ساڵی ڕابردوو بوودجەی ئەم ناوەندە زیاتر لە ١٠ هەزار ملیارد تمەن واتە چوار بەرابەری بوودجەی وەزارەتی کار و ڕەفاهی ئیجتماعی بوو. پێویستە بوترێ کە ئەم بوودجەیەش وەک باقیی بوودجەکانی تر بووەتە ئامرازێک بۆ تاڵانکاری و گەندەڵیی و دزیی مەقاماتی کۆماری ئیسلامی. بەڕێوەبەری ئەم ستادە دانی بەوە دانا کە ساڵی ڕابردوو ٣٠ لەسەدی بوودجەی پشتیوانی دراوە بە گرووپە چالاکەکانی پەروەردەکردنی منداڵ. لەم ماوەیەدا سەر و کەلەی ژمارەیەکی زۆر ئاخوند و بەسیجیی مفتەخۆر پەیدا بووە کە خامنەیی پێیان دەڵێ “چالاکانی بواری جەمعیەت”.
سەرەڕای تەبلیغاتی خورافی، ئیمتیازات و هاندەری ماڵی، بۆ نموونە وامی منداڵ، قورعەکەشیی ماشێن، یارانە و بردنەسەری وامی ئیزدواج کە حکوومەتی ئیسلامی بۆ تەبلیغی منداڵ بەدنیاهێنان فەراهەمی کردووە، ژنان هیچ بایەخێکیان پێ نادەن و یاساکانی ڕژیمیان لەم بوارەدا بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. سەرەڕای فەرمانی خامنەیی و کارگێڕانی دیکەی حکوومەت و سەرەڕای ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە بۆ هاندانی خێزانەکان بۆ منداڵبوون دەرکراون، کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایک بوون بەردەوام بووە. بەپێی ئاماری سازمانی سەبتی ئەحواڵ، لە ساڵی ١٤٠٢دا لەچاو ساڵی پێشوو، پتر لە ١٧ هەزار منداڵ کەمتر لەدایک بوون. ئەم ئامارە سەلمێنەری شکستی سیاسەتی زیاد کردنی جەمعیەتی حکوومەتی ئیسلامییە. عەلی خامنەیی بۆخۆشی ئیعترافی بەم شکستە کردووە و وتوویەتی: “ئەگەرچی ئێمە زۆر جار لە بواری مودیریەتی خانەوادەدا تەئکیدمان کردووە کە دەبێ بەربەستەکانی منداڵبوونی زیاتر و بردنەسەری جەمعیەت لابردرێن، بەڵام بەربەست هەر هەیە و ئاکامەکەی دڵخۆشکەر نییە”.
ئاشکرایە کە شکستی حکوومەتی ئیسلامی لە پێشخستنی سیاسەتی زیادکردنی حەشیمەتی ئێران، ڕیشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. ڕۆژنامەی دنیای ئیقتساد لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و پێوەندی لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوواندا نووسیویەتی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا دابەزینی کوالیتی ژیان لە ئێران بۆ خوارەوەی خشتەی جیهانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتووان بۆ ٠/٦ی لەسەد. گرانی، کەمبوونی حەقدەست و بێکاری و بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی هەژاری لە ئێران بۆ سەرووی ٦٠ لەسەد، بووەتە هۆی ئەوەیکە بنەماڵەکان تەمایولیان بە هەبوونی منداڵی زیاتر نەبێ. دەسەڵاتێک کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە بۆ ٨٨ ملیۆن دانیشتووی ئێران کار و ئیمکاناتی ژیان واتە ئاو و خۆراک و مەسکەن و تەنانەت هەوای سالم دابین بکات، چۆن دەتوانێ بۆ ١٥٠ ملیۆن کەس ئەم ئیمکاناتە فەراهەم بکات؟ کەوابوو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی کۆماری ئیسلامییان گرتووە، هیچ ئاسۆیەک بۆ سەقامگیربوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و باشترکردنی ژیانی فەلاکەتباری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران نابیندرێت. تێکشکاندنی بەرنامە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیادکردنی جەمعیەت لەلایەن خەڵکەوە نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسی و هەست بە بەرپرسیارێتیی بنەماڵەکانە بەرامبەر بە چارەنووس و داهاتووی منداڵەکانیان. بەڵام ئەمە بەس نییە و مەرجی دابینکردنی ژیانێکی شیاوی ئینسان، لە گرەوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی گشت ئەم ڕژیمە تاوانکارە ئیسلامییە و لە گرەوی ڕیشەکێشکردنی موناسباتی زاڵمانەی سەرمایەداریدایە.